Draw Media

دوو كۆنگرێسمان: سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت

دوو كۆنگرێسمان: سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت

2025-05-28 20:34:26


 
درەو:
كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمریكی، نامەی دوو كۆنگرێسمانی كۆمارییەكانی بڵاوكردووەتەوە، كە تیایدا داوا لە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە دەکەن، سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، بەهۆی ملكەچبونی تەواوەتی بۆ ئێران، لە چوارچێوەی سیاسەتی سەپاندنی زۆرترین فشاری ئەمریکا بەرامبەر بە تاران.
جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوب، لە نامەکەیاندا بۆ وەزیری دەرەوە و راوێژکاری بە وەكالەتی ئاسایشی نیشتمانی، نوسیویانە: لە سەرەتای شەڕی عێراقەوە، زیاتر لە چوار هەزار و 400 سەربازی ئەمریکی گیانی خۆیان بەخت کردووە، بەڵام عێراق ئەمڕۆ هیچ نیە جگە لە بوکەڵەیەک بەدەستی تارانەوە.
لە نامەکەدا، لۆمەی ئیدارەی ئۆباما کراوە ، باس لەوە کراوە باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوتری ئەمریكا و، برێت مەکگۆرکی نێردراوی بۆ عێراق، پشتیوانی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان كردووە، کە هەڵمەتە سەركوتكارییە دڕندانەكانی، بووە هۆی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی.
لە نامەکەدا ئەوەش هاتووە، ئیدارەی ئۆباما هەڵەکانی زیاتر کرد، كاتێك پشتی بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئاكامەكانی ئەو بڕیارە شکستخواردووەش هیچ گومانێكی تێدانیە، سەرەنجام هێزە پاڵپشتیكراوەكانی ئێران بوونە خاوەنی دەسەڵاتی رەها بەسەر حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە.
ئیدارەی ترەمپ، کۆتایی بەو لێخۆشبونانە هێنا کە رێگەی بە عێراق دەدا کارەبای لە ئێران بکڕێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتی زۆرترین فشار.
راشیانگەیاندووە: لە ساڵی (2015)وە ئەمەریکا بڕی یەک ملیار و (250)ملیۆن دۆلاری وەک هاوكاری سەربازی دەرەکی پێشکەش بە هێزە عێراقییەکان کردووە، وێڕای ملیارەها دۆلاری دیکە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری.
کاریگەری هەژمونی ئێران لەسەر عێراق بە تەواوی دەرکەوت، کاتێک عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەرکرد لە ساڵی  (٢٠٢١)، بەتۆمەتی کوشتنی قاسم سولەیمانی، تەنانەت لە کاتێکدا  كە (٢٥٠٠) سەربازی ئەمریکی لەسەر زەوی لە عێراقدا بوون و هاوبەشن لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکان و روبەڕوبونەوەی داعش.
ئەو دوو كۆنگرێسمانە داوایان کردووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە گروپێکی نیمچە سەربازییەو لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و لە عێراق كاردەكەن،  وەک گروپێكی تیرۆریستی بیانی بناسرێن و، سزا بخرێتە سەر بانکە حكومیەكانی عێراق، کە لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی ئێران دەکەن، هاوكات سزاش بخرێته سەر ئەو کەسایەتیه سیاسییه عێراقیانەی که ئاسانكاری بۆ بەهێزبونی هەژمونی ئێران دەكەن.
داواشیان كردووە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ گرتنەبەری دەستبەجێی ئەم سیاسەتە پێویستانە و، زامنكردنی بەكارنەهێنانی سەرچاوەکانی ئەمریکا لە ئێستا بەدواوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئێرانەوە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand