Draw Media

رۆیتەرز: وەزارەتی نەوتی عێراق؛ هەرێمی كوردستان دەداتە دادگا

رۆیتەرز: وەزارەتی نەوتی عێراق؛ هەرێمی كوردستان دەداتە دادگا

2025-05-26 13:52:59


(درەو):
لەسەر گرێبەستەكانی مەسرور بارزانی لە ئەمریكا، وەزارەتی نەوتی عێراق؛ هەرێمی كوردستان دەداتە دادگا.
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سێ سەرچاوەوە ئاشكرایكرد، وەزارەتی نەوتی عێراق سكاڵایەكی یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردوەتەوە سەبارەت بە ئەو گرێبەستانەی نەوت و غاز كە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان ئیمزای كردووە. 
سەرچاوەكان باسیان لەوەكردووە، ئەم ئاڵنگارییە یاساییە نوێترین بەربەستە كە روبەڕووی هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبیتەوە لەرێگەی بۆری عێراق- توركیاوە، كە لە 25ی ئازاری 2023وە راگیراوەو سەرباری فشارەكانی ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ هیشتا دەستی پێنەكردوەتەوە.  
هەفتەی رابردوو، لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagrosئیمزاكرد بۆ بۆ كێڵگەكانی (میران)و (تۆپخانەو كوردەمیر).  
ئەم گرێبەستانە هەرزوو ناڕەزایەتیی وەزارەتی نەوتی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا، رۆژی 20ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوت رایگەیاند" ئەم ڕێکارانە پێشێلکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵییەوە دەرچوون، کە ئاماژەی بە نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانە کردووە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (59/ فیدراڵی 2012و یەكخراوەكەی 110/ فیدراڵی 2019) ئیمزا كراون". 
وەزارەت نەوت ئاماژە بەوە كردبوو" سەرەڕای پێویستیی عێراق بۆ زۆركردنی وەبەرهێنانی غازو دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتوویەتیەبەر، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای عێراقەو سامانی نەوت هی هەموو عێراقییەکانەو هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت.
بەم پێیە وەزارەت بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پووچەڵبوونەوەی ئەو گرێبەستانە دووپاتدەکاتەوە".
هێندەی نەخایاندو هەر لە رۆژی 20ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دایەوەو رایگەیاند" حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە، لە هەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagrosکردوویەتی، ڕێککەوتننامەو گرێبەستی نوێ نین بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوەو هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. 
ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و  گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق . 
سەرباری ئەمەش، هێشتا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە گرێبەستی نەوتیی ئیمزا بكات، ئەمە لەكاتێكدایە كە هێشتا یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەرنەچووە، كە دەبوو ساڵی 2005و دوای پەسەندكردنی دەستوریی هەمیشەیی عێراق ئەم یاسایە دەربچوێندرایەو تێیدا دەسەڵاتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بەسەر سامانی نەوت و غازدا یەكلابكرایەتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand