Draw Media

"سەلەفییە مەدخەلییەكان" لە پشتیوانیكردنی دەوڵەتەوە بۆ وێناكردنیان وەك مەترسی

"سەلەفییە مەدخەلییەكان" لە پشتیوانیكردنی دەوڵەتەوە بۆ وێناكردنیان وەك مەترسی

2025-05-26 08:25:13


د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئاینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیارێكی فەرمی دەزگای "ئاسایشی نیشتمانی عێراق" دژ بە ڕەوتی " سەلەفیی  مەدخەلی" ئاشكرا كرا. بڕیارە ئەمنییەكەی كە گشتاندنی بۆ كراوە "بزووتنەوەی مەدخەلی" وەك ڕەوتێكی "زۆر مەترسیدار لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگا" لە عێراقدا دەناسێنێت، ئەمەش كاردانەوەی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" و هەندێك لایەنی دیكەی سیاسی سوننەی بەدوای خۆیدا هێناوە و بووەتە جێگەی مشتومڕ. ئەم شرۆڤەیەی بەردەست لەسەر پاشخان و وردەكاری و لێكەوتەكانی ئەم بڕیارە هەڵوێستە دەكات.

 

بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی

بەپێی نووسراوێكی فەرمی كە لە 27ی نیسانی 2025 دا دەرچووە، دەزگای ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە ڕێگای "لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی توند"ـەوە، فەرمانیكردووە بە ڕووبەڕووبوونەوەی "بزووتنەوەی مەدخەلی"، بەو پێیەی ڕەوتێكی "زۆر مەترسیدارە لەسەر ئاشتەوایی كۆمەڵگە" بەپێی نووسراوەكە. ئەم دامەزراوە ئەمنییەی عێراق كە تایبەتە بە ئاسایشی كۆمەڵگایی گشتیگر، بۆ بڕیارەكەی دژی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" پاساوی بە ڕاسپاردەی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان هێناوەتەوە، باسی لەوەشكردووە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق (محەمەد شیاع سوودانی) لەسەر بڕیاری بەرەنگاربوونەوەكە ڕازی بووە، ئەمەش لە میانەی كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی پارێزگاكانی: كەركوك، نەینەوا، دیالە، ئەنبار، سەلاحەدین لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری. بەم پێیەش بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی مەدخەلییەكان لەسەر ئاستی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكانی دەوڵەت دەركراوە، بازنەی بە ئامانجگیراویش جوگرافیا سوننە نشینەكەی ناوەڕاست و باكووری عێراقە كە گۆڕەپانی كاری ئەم ڕەوتە ئایینییە سوننەیە بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە هەرێمی كوردستان بكرێت كە یەكێكە لە گۆڕەپانەكانی كاروچالاكی بانگەوازی سەلەفی و لە نێویشیاندا "ڕەوتی مەدخەلی".  

 

بزوتنەوەی مەدخەلی چییە؟

بڕیارە ئەمنییەكەی عێراق "بزوتنەوەی مەدخەلی" بەكارهێناوە بەبێ ئاماژەكردن بە بنكە بنەڕەتییەكە كە ڕەوتی سەلەفییە، ئەم زاراوەیەش (مەدخەلی) ساڵانێكە وەك ناوی ڕەوتێكی بەرفراوانی سەلەفی بەكاردەهێنرێت بۆ جیاكردنەوە لە ڕەوتی سەلەفی كلاسیك و تەقلیدی سعودی یان سەلەفیەتی ئیسلامی گشتی. مەدخەلییەكان بازنەی لایەنگری تێگەیشتن و بۆچوونەكانی شەرعزان و فەرموودەناسی سعودی "ڕەبیع بن هادی ئەلمەدخەلی"ن، بەڵام ئەوانەی ئەمەیان پێدەگوترێت زیاتر خۆیان بە "سەلەفی مەدینە" یان هەر تەنیا "قوتابخانەی سەلەفی" دەناسێنن و ئەو ناوزەدكردنەیان بەناوی مامۆستاكەیان ڕەتدەكەنەوە و بە تانە و تەشەری دەزانن.

ڕەوتی مەدخەلی، لقێكی نوێكراوەیە لە ڕەوتی سەلەفی سعودی بە ڕیشە نەجدی كە لە سەدەی 18 سەریهەڵداوە، سەرنمای ئەم ڕەوتە " ڕەبیع مەدخەلی" (93 ساڵ) خۆی خەڵكی شاری جازانی باشووری سعودیەیە لە باشوور، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لەزانستی فەرموودەناسی، لەزانكۆی ئیسلامی شاری مەدینە یەكێك بووە لەخوێندكارە دەركەوتووەكانی شێخ "محمد بن ئەمان ئەلجامی" بەرەگەز ئەسیوبی (1931_ 1996)، هەر ئەمیش بناغەدانەری ڕەوتەكەیە و بەم هۆیەشەوە جارجار پێیان دەوترێت "سەلەفیەتی جامی" یان " مەدخەلییە جامییەكان".

هەریەك لە "محەمەد جامی" و "ڕەبیع مەدخەلی" خوێندكاریشی، بە ڕەخنە توندەكانیان لە نەیارەكانیان دەناسرێنەوە، هەردووكیشیان لەتان و پۆی گشتیدا وەك هەر بانگخوازێكیتری سەلەفی كار بۆ ساغكردنەوە و پەرەپێدانی ئەو تەرزە ئیسلامەتییە دەكەن كە ڕاستەوخۆ بە دەقەكانی قورئان و فەرموودەوە پەیوەستە؛ بەتێگەیشتنی پێشینە یەكەمەكانی ئیسلام كە پابەندییە بە واتا ڕواڵەتییەكانی دەقەكانی قورئان و فەرموودە، ئەمەش بەشێكی دانەبڕاو و یەكێك لە دەرهاویشتەكانی ڕەوتی سەلەفیی "محەمەد عەبدولوەهاب"ـە (مردن: 1792ز)، كە ئەویش لە تان و پۆدا دەچێتەوە سەر میرات و كولتووری شەرعزانی ناوداری شام "ئیبن تەیمیە"، لەگەڵ فەتوا عەقیدەییەكانی، "ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل" كە سەر مەزهەبی چوارەمی سوننەیە، بەبێ ئەوەی لە شەرعزانی و فقیهدا خۆیان بە ئایینزاكەیەوە ببەستنەوە.  

سەلەفییە مەدخەلییەكان لەبەرەنگارییەكی تونددان لەگەڵ گروپە ئیسلامییە "حەرەكی" و "جیهادی" و تەنانەت مەدەنییەكانییەكانیش، لە ئەدەبیاتی ئەواندا ئەو حیزبە ئیسلامییانە "سەرچاوەی بە حیزب حیزبكردنی ئیسلامن و پەرتكردنینی"، لەگەڵ شیعەكانیش بەریەككەوتنیان زۆرە و لەمەشدا بەركەوتنە مێژوییەكەی سعودیە و ئێرانی پاش 1979 كاریگەریی هەیە، لەكێشمەكێشی قووڵیشدان لەگەڵ سۆفی و دەروێشەكان و تەریقەتەكان وەك "سەرچاوەی شیرك و بیدعەو خورافیات" تەماشا دەكەن.

بەهۆی ئەوەشی ڕەوتی مەدخەلی، لەسەر هەمان دەستوری قوتابخانەی سەلەفی بەتەواوی خۆیان نابەستنەوە بە چوار ئایینزا فیقهییە بەربڵاوەكەی سوننە (ئەبو حەنیفە، مالیك، شافیعی، ئەحمەد)، لەزۆر جێگا  تووشی بەریەككەوتن و مشتومڕ دەبن و لە پەنا دژە حیزبی بووندا دژە مەزهەبگەراییشن و پەیڕەوی لە دەقەكان دەكەن، لە كاتێكدا لە زۆر جێگەی جیهانی ئیسلامیدا تەقلید بە پێویست دەزانرێت بۆ ئایینداری، یان لەپەرستشدا پەیوەستن بەنێوانگرەوە بۆ گەیاندنی نزاو رازو نیازی خۆیان بەخودا.

 

مێژووی سەرهەڵدان:

بە پێی پێدراوە بەردەستەكان، مێژووی دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی بۆچوونەكانی "جامی"  و خوێندكارەكەی كە "مەدخەلی" یە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان و شەڕی ئازادكردنی كوەیت (گەردەلولی بیابان). لەو دەمەدا زانای ئایینی ناسراو (ابن باز) و زانا ئایینییەكانی دیكەی ئەندام لە "دەستەی گەورە زانایانی سعودی" (العثیمین بە نموونە)، ڕێگایاندا بە پشتبەستن بەسوپای ئەمەریكا بۆ بەرەنگاربونەوەی ڕژێمی سەدام، پاساوی شەرعییان لە شێوەی فەتوادا لە نێو سەرچاوەكانی كولتووری ئیسلامیدا بۆ هێنایەوە (11/ 9/ 1990). بەرامبەر بەمەش هەندێك لەكەسەیاتی و بانگخوازە سەلەفییەكانی دیكەی سعودیە و دەرەوەی ئەو وڵاتەش، هاوپەیمانیكردنی ئەمەریكا و میوانداریكردنی سوپاكەیان لە سعودیە (بلاد الحرمین)، بەحەرام و قەدەغەشكاندن لەقەڵەمدا (ئەلبانی و حەوالی بە نموونە)، لای خۆشییانەوە "جامی" و "مەدخەلی"، هەڵمەتێكیان بەڕێوەدەبرد بۆ بەرگرییكردن لە هەڵوێستی زانا ئاینییەكانی "دەستەی گەورە زانایان" ی سعودی، لەهەمان كاتیشدا بەگژ ئەوانەدا چوونەوە كە لەگەڵ فەتواكەدا نەبوون. "مەدخەلی" لە مبارەیەوە كتێبێكی نووسیوە بۆ بەرگریكردن لە فەتواكە و پاساو هێنانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەعسی سەدام بە هەر ڕێگایەك بووە لە سۆنگەی ئەوەی حیزبێكی بێباوەڕ و دژە ئیسلامە، ئەمەش بەشێكبوو لە دەرهاویشتەكانی داگیركردنی گوەیت و ئەگەرنا لە ساڵانی هەشتاكاندا سعودییەكان لە بەرەی عێراقدا بوون دژی ئێران لە جەنگی هەشت ساڵە. لەسەر ئەم هەڵوێست و بەرگریكردنەش "مەدخەلی" و بازنەكەی چواردەوری لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە ستایش و پاداشتكران و لە زانكۆ ئیسلامییەكان و  مزگەوتەكاندا ئەو بۆشاییانەیان پێ پڕكرایەوە، كە بەهۆی زیندانیكردن و دورخستنەوە و پەراوێزخستنی ڕەوتە ئایینییە سەلەفییە حەرەكی و ناڕازییەكانەوە دروستبوو، بەم هۆیەشەوە جامی و مەدخەلییەكان توانیان باڵ بەسەر زۆر لە دامەزراوە ئاینییەكانی سعودیەدا بكێشن.

 

شێوازی كاری مەدخەلییەكان:

هەرچەندە مەدخەلییەكان لە سایەی گەورە زانا سەلەفییە ناسراوەكانی سعودیەدا كاریانكردووە و لە قوتابخانەی ئەوانەوە دەركەوتوون (ئیبن باز و عوسەیمین بە نموونە)، بەڵام لەمیكانیزمی بەرەنگاربوونەوە و شێوازی كاردا تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەوە ناسراون كە ڕووشكێنن لە ڕەخنەگرتنی ئایینی، لە هەڵسەنگاندنی كەسایەتی و گروپەكانیشدا بڕێك جەخت لە زەقكردنەوەی ڕەخنەكان دەكەنەوە و كەمتر بە لای باسكردنی لایەنی باشەی ڕەخنەلێگیراوەكاندا دەچن، لەم كایەشدا "مەدخەلی" وەك پێشەوای "الجرح والتعدیل" ئاماژەی بۆ دەكرێت و هەر لە ناو سەلەفییەكانیشدا هەن پێیانوایە زیادەڕۆیی دەكەن لە ڕەخنەگرتن و دەرخستنی لایەنە نەرێنییەكانی كارەكتەرە ئایینییەكان و ئەمەش وەك مۆركێكی سەرەكی ئەوان ئاماژەی پێدەكرێت.

لە بیری سیاسیدا سەلەفییە جامی و مەدخەلییەكان بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە ڕەوتی هاندەری گوێڕایەڵیكردنی دەسەڵاتەكانن لە ڕێگەی وابەستەیی كتومت بە چەمكی "ولي الأمر" كە لە قورئاندا هاتووە، ئەمەش بەسەر حوكمڕانە زاڵبووەكانی جیهانی ئیسلامیدا جێبەجێدەكەن بەبێ هەڵوێستە لەسەر كارنامەیان، لەم سۆنگەیەشەوە ئەم ڕەوتە وەك سەلەفییەكانی دیكەی هاوتایان  ڕێگە بە بەرهەڵستیكردنی دەسەڵات و بەرەنگاربوونەوەی نادەن، لەمەشدا لەگەڵ زۆربەی ڕەوتە دێرینەكانی ناو ئاینزای سوننەدا كۆكن، كە تا ڕادەی زۆر یاخیبوون و شۆڕشكردن دژی فرمانڕەوا پەسەند ناكات، بەڵام "ڕەبیع مەدخەلی" تۆمەتباركردنیان بە دۆستایەتی دەسەڵات ڕەتدەكاتەوە و  جەختدەكاتەوە ئەوان لە سنووری توانای خۆیاندا بە دڵ و زمان و پێنووس بەرەنگاری خراپەی فرمانڕەوایان دەبنەوە، هەر شتیشیان نەتوانی؛ ئەوە  بە دڵ نكولی لێدەكەن. ئەوەش ڕەتدەكاتەوە ئەوان پشتگیری هەموو فرمانڕەوایان بكەن و جەخت لەوە دەكاتەوە جێبەجێكاری شەریعەتیان خۆش دەوێت و ڕقیان لە سەرپێچی و شتی خراپی حوكمڕانەكانە.

سەلەفییەكان بە گشتی و  جەخت لە دوورەپەرێزی لە سیاسەت دەكەنەوە، لە بری ئەوەش زیاتر جەخت لە چەمكی "پاڵفتەكردنی عەقیدەو پەرستشەكان لە زیادكراوەكان" دەكەنەوە (بیدعە)، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا پێیانوایە خۆ سەرقاڵكردن بەسیاسەتەوە پەیوەندیی ئەوتۆی بەدینەوە نییە. هەر لەبەر ئەمەش زیاتر لە بانگەوازی ئایینیدا چالاكن و بەشداریكردنیان لە كایەی سیاسیدا بەمانا باوەكەی نییە كە خۆ پاڵاوتن و دروستكردنی ئۆرگانی سیاسییە، بەڵام ئەمە بەسەر ئەزموونی كۆمەڵێك لە سەلەفییەكانی میسر (حیزبی نوور) و بەشێك لە سەلەفییەكانی كوەیتدا جێبەجێ نابێت كە بەشداری و رێكخستنی سیاسییان هەیە.

 

نموونە عێراقییەكەی ڕەوتی مەدخەلی

بە پێی كارنامەی ناودارە ئیسلامییە سوننەكان، مێژووی گەیشتنی ڕەوتی سەلەفی نەجدی (سعودی) بە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەدە بەر لە ئێستا، بەڵام دەشێت ئەمە زیاتر لە ئاستێكی بەرتەسك و لە شێوەی كەسایەتییە ئایینییەكاندا بێت، چونكە بەپێی پێدراوە مێژوییەكان، سەلەفییەكان پاش ئەزموونێكی بچڕ بچڕی چالاكی و كاری بانگخوازیی سەردەمی بەعس، زیاتر لە پاش 2003 لە شێوەی تەوژمێكی ڕێكخراودا لە مزگەوتەكانی پشتێنەی بەغدای پایتەخت و پارێزگا سوننەكان، ئازادانە كەوتوونەتە چالاكی و كاری بانگەوازكردن و دەركەوتن. لە 2007 دا ڕێبەرێكی دیاری ئەم ڕەوتە لە عێراق كە "شێخ محەمەد خوزەیر" كە بە  "ئەبو مەناری عەلەمی" بەناوبانگە، شەڕكردنی دژی سوپای ئەمەریكا حەرامكردووە، چونكە بە گوتەی ئەو: "مەرجەكانی جیهادی تێدا نییە"، هەروەها جەختی لەوە كردووەتەوە كە "گوێڕایەڵیكردنی دەسەڵاتی زاڵبوو لە پێناو دوورخستنەوەی گۆبەن پێویستە"، بەوەش پاساوی هێناوەتەوە بۆ فەتواكەی كە تەقەكردن لە سوپای ئەمەریكا لە شارەكاندا؛ گیانی خەڵكی سڤیل دەخاتە بەر مەترسی. ئەم بۆچوونەی "ئەبو مەنار" كە خەڵكی قەزای عەلەمی سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە، دەچێتە چوارچێوەی هەڵكردن لەگەڵ حوكمڕان و ڕەتكردنەوەی میكانیزمی چەكداری بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری سیاسی لە كاتی لاوازی. هەروەها ئەم ڕێبەرە سەلەفییە هانی خەڵكی سوننەی داوە كە بچنە ڕیزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراق و بایكۆتی سیاسی بشكێنن و بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن، كە لە سایەی دەسەڵاتی ئەمەریكییەكان و شیعە باڵادەستەكاندا كەوتبووە سەرپێ، لەمبارەیەشەوە كتێبێكی بڵاوكردووەتەوە كە بەڵگەی شەرعی بۆ بۆچوونەكەی لەبارەی بەشداریكردن لە جومگەكانی دەوڵەت دەهێنێتەوە (2004) بە ناونیشانی " دحر المثلب على جواز تولية المسلم على المسلم من كافر متغلب"، شێخێكی سعودییش بەناوی "موحسن ئەلعوبەیكان" كە ئەندامی دەستەی گەورە زانایانە، پێشەكی و پشتیوانی بۆ نووسیوە. كورت و پوختیش كتێبەكەی ڕابەرە سەلەفییە عێراقییەكە، جەخت لەوە دەكاتەوە، مامەڵەكردن لەگەڵ فرمانڕەواییكردنی دانراو لەلایەن كافرانەوە (ئەمەریكا) درووستە و دەڵێت "ئەوەم لە پێناو پاراستنی دەوڵەتدا كردووە". لە میانەی جێبەجێكردنی بۆچوونەكانیشیدا  "ئەبو مەناری عەلەمی" خۆی پۆستی لە ئەوقافی سەلاحەدین وەرگرتووە، لە دەمی خۆپیشاندان و مانگرتنی پارێزگا سوننەكانیشدا دژی نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر (2012)، ناڕەزاییەتییەكانی ڕەتكردووەتەوە بەو پێیەی دژی "وەلی ئەمر"ی وڵاتە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ڕێبەرە سەلەفییە دواتر پەیوەندی لەگەڵ "ڕەبیع مەدخەلی" دا تێكچووە و لە تۆمارێكی دەنگیدا لەلایەن "ڕەبیع مەدخەلی" یەوە بە "ئەهلی فیتنە و گۆبەن" تۆمەتباركراوە، هەروەها هۆشداری ئەوەشی داوە بە سەلەفییەكان كە دوای نەكەون، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر لە بارەی لادانەكانی لە ڕەوتەكە بخاتەڕوو لە كاتێكدا كە ناوبراو ساڵانێك نوێنەرایەتی بۆچوونەكانی ڕەوتەكەی مەدخەلی كردووە. "ئەبو مەنار" باس لەوە دەكات سەرەتا لە لایەن "ڕەبیع مەدخەلی" یەوە كراوە بە مەرجەعی سەلەفییەكان لە كاروباری عێراق، بەڵام دواتر بە تۆمەتی ئەوەی شوێنكەوتەی خەڵكی دیكەیە، "رەبیع مەدخەلی" هێرشی كردووەتە سەری. ئەوەشی دەردەكەوێت ناكۆكییەكەی هەردوولا زیاتر كەسێنی و ڕواڵەتییە، لە دوای ئەوەشی كە ڕاگەیەنرا "ئەبو مەنار" سەر بە ڕەوتی سەلەفییەتی تەقلیدی سعودییە و نێوانی لەگەڵ مەدخەلییەكان تێكچووە، پێگەكەی لە ناو مەدخەلییەكاندا لاوازبوو، ئەمەش دەرگای بۆ دەركەوتنی چەند كەسایەتییەكی دیكەی ئایینی كردەوە وەك ڕێبەری سەلەفی یەكێك لەوانەش لە ئێستادا شێخ "سەعد ئەلنایف"ـە لە ئەبوغرێبی پشتێنەی بەغدای پایتەخت.

 

پاڵنەری بڕیاری قەدەغەكردنی مەدخەلی

بەپێی هەندێك زانیاریی بەردەست هۆكاری سەرەكی كەوتنە تەقەی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق، لە "سەلەفییە مەدخەلییەكان" سەرباری ڕێبازی كەنارگیریی و خۆگونجاندنیان لەگەڵ ڕەوشی سیاسی و قبوڵكردنی حوكمڕانان، پەیوەندی بە حیساباتی كارەكتەری سیاسی شیعی و لە پشت ئەویشەوە ئەجێندای ئێرانییەوە هەیە. بەپێی پێدراوە بەردەستەكان خواستی شیعەی دەسەڵات ئەوەیە لە ناوچەكانی چالاكی "سەلەفییە مەدخەلییەكان"دا گرووپێكی دیكەی سوننەی سەر بە تەریقەتی قادری؛ چالاكبن و جێگەیان بگرنەوە كە هاوپەیمان و نزیكی شیعەكانن. ئەم گرووپە دەروێشییە بنكەیان پارێزگای ئەنبار و فەلوجەیە و زیاتر لە پاش كەوتنی بەعس (2003) بە شێوەیەكی ڕێكخراو لە ناوچە سوننەكان دەركەوتوون . هەر بەپێی ئاماژە بەردەستەكان ئەم گرووپە دەروێشە كە ساڵانێكە لەگەڵ حەوزەی شیعەدا كاری هاوبەشیان هەیە، خێزانێك بەناوی "ئالوسی" سەروكارییان دەكەن و ئێستا "عەبدولقادر ئالوسی" كەسی یەكەمیانە، ئەنجوومەنێكیشیان بەناوی «مجلس علماء الرباط المحمدي» پێكهێناوە (2015)، بە ئاشكراش پشتیوانی لە گرووپە چەكدارە شیعەكان دەكەن. هەروەها لە گوتاری خۆیاندا دژی "بەنی ئومەیە"ن، ئەمەش بە دڵی شیعەكانی هێڵی ئێرانە و لە ئێستادا لە ڕێگای ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانییەوە كە لە دەستی ڕێكخراوی بەدری "هادی عامری" دایە پشتیوانی دەكرێن، بەتایبەت كە ئەم كۆمەڵە دەروێشییە لەگەڵ بە جەژنكردنی غەدیردا كۆكن و لارییان لەوە نییە "ئیمام عەلی" پێش بخەن بەسەر خەلیفەكانی دیكە بە پێچەوانەی باوەڕی سوننەكانەوە.

ئەم گرووپە ڕكابەرەی سەلەفییە مەدخەلییەكان (الرباط المحمدي) لە كەناڵی فەرمی دەوڵەت (العراقیة) بەرنامەیەكیان پێدراوە بە ناونیشانی "وأنا من الحسین"، یەكێك لە شێخەكانیشیان كراوەتە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئەوقاف و لەگەڵ فەرمانگەی "بەگژاچوونەوەی تیرۆر" ی سەر بە "حەشدی شەعبی" دا پرۆژەی هاوبەشیان هەیە و سەردانی هێزەكانی حەشد دەكەن و ستایشی كارەكانیان دەكەن، نەك هەر ئەوە بەڵكو لە پێشهات و چالاكییەكانی "بەرەی موقاوەمە"ی ئێرانیدا بەیاننامەی و پشتیوانییان هەیە.

بەڵام ڕێبەری پێشووی مەدخەلییەكان و كەسایەتی دیاری سەلەفی عێراق، "ئەبو مەناری عەلەمی" ڕایەكی دیكەی هەیە و جەختدەكاتەوە كە بڕیارەكەی حكومەتی عێراق دژی "سەلەفییە میانڕەوەكان" نییە، چونكە "حكومەت عاقڵە و دەزانێت ئەبو مەنار لەگەڵ هێڵی حكومەتدایە". باس لەوەش دەكات حكومەت تەنیا "مەدخەلییەكان" بە ئامانج دەگرێت و لەمەشدا دەشێت زانیاری تایبەتی خۆی هەبێت یان بەهەڵەدا برابێت. باس لەوەش دەكات ئەم ڕەوتەی مەدخەلی "كاری سەرەكییان ڕەخنەگرتن و برینداركردنی خەڵكە و لەوەدا زیادەڕۆییانكردووە". ئەم لێدوانانەش لێكترازانی ئاشكرای سەلەفییەكانی عێراق دەردەخات و ڕەوتی مەدخەلییەكانیان بەرامبەر بڕیارەكەی حكومەت تەنیا دەكاتەوە.  

 

هەڵوێستی مەدخەلی و هێزە سوننەكان  

لە پاش دەرچوونی بڕیاری قەدەغەكردنیان، یەكێك لە شێخ و مامۆستا ئایینییە دەركەوتووەكانی "سەلەفی مەدخەلی" بەناوی "سەعد ئەلنایف" كە وتاربێژی مزگەوتی "المصطفی" ی ناوچەی "خان زاری" ی قەزای ئەبو غرێبە لە لێدوانێكدا، جەختی كردەوە: ئەوان نە "جامی" و نە "مەدخەلی"ن، بەڵكو شوێن سوننەت دەكەون و كەسی تر نا. لە ناوچەكانی دەوروبەری بەغدا و لە پارێزگای سەلاحەدینیش بەوە ناسراون دەرچوون لە فرمانی "وەلی ئەمر" ڕەتدەكەنەوە و بەرهەڵستی دەسەڵات ناكەن، ئەمەش وایكردووە ببنە ئامانجی تۆمەتباركردن بەوەی پەیوەندی دەرەكییان هەیە بە هەندێك ڕەوتەوە. ناوبراو جەختی لەوەش كردووەتەوە ئەوان لەگەڵ سیاسەتكردندا نین، سەر بە هیچ دەوڵەتێكیش نین و داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا دەكەن كە لە دژیان دەرچووە.    

بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی نەك تەنیا سەلەفییەكان، بەڵكو جێگەی سەرسوڕمانی هەندێك لایەنی دیكەیە، بەو پێیەی سەلەفییەكان بە مەدخەلییەكانیشەوە لەگەڵ دەوڵەتدا تەبا بوون، دژ بە ئەلقاعیدە و داعش وەستاونەتەوە و لەسەر ئەمەش دووچاری مەترسی و هەڕەشە بوونەتەوە. دووریش نییە جگە لە ؤاپۆرتی ئەمنی، ململانێی هەڵبژاردن لە پشت ئەم بڕیارەوە بێت بە تایبەت كە ڕەوتی مەدخەلی كاریگەرییان لەسەر هەندێك بنكەی جەماوەریی ناوچە سوننەكان هەیە، ئەو گرووپە سووننەشی دژ بەمانن (الرباط المحمدي) زیاتر لە هێزە شیعەكانی وەك رێكخراوی بەدر و بزووتنەوەی عەسایبەوە نزیكن.

لەسەر ئاستی سیاسییش، ئەو لایەنەی بە ئاشكرا و بە زەقی پشتیوانی سەلەفییەكان دەكات، "هاوپەیمانی سیادەی" سوننەیە بە سەرۆكایەتی "خەمیس خەنجەر". ئەم بەرە سوننەیە كە لە جەمسەری قەتەر _ توركیاوە نزیكە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڕیارەكەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە "پێشێلكاریی مەترسیدار" لەسەر بنەماكانی ئازادی ڕادەربڕین و مەترسی بۆ سەر "فرەیی فیكری ئیسلامی" دەداتە قەڵەم لە عێراق. جەخت لەوەش دەكاتەوە بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتە هزرییە عەقیدەییەكان بە بڕیاری ئەمنی ناكرێت، قەدەغەكردنیشیان هانیان دەدا بۆ توندڕەوی، هەروەها باس لەوە دەكات بڕیارەكە دەرگا دەكاتەوە بۆ بە ئامانجگرتنی ڕەوتی دیكەی عەقیدەیی لە داهاتوودا، ئەمەش درزی گەورە دەخاتە نێو متمانەی كۆمەڵگا و دەوڵەتەوە. هەر لەم میانەیەشدا "خەمیس خەنجەر"ی سەرۆكی هاوپەیمانییەكە ڕۆژی هەینی ڕابردوو (23ی ئایار) نوێژی جومعەی بردە مزگەوتی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" لە خان زاریی ئەبو غرێب (المصطفی)، لە وتاری جومعەشدا، "شێخ سەعد ئەلنایف" ی مامۆستای ئایینی دەركەوتووی سەلەفییەكان پاش بەرگریكردن لە بۆچوونەكانیان و بیرهێنانەوەی هەڵوێستەكانیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، ستایشی "خەمیس خەنجەر" ی كرد لە "پشتیوانیكردنی گوتاری میانڕەو". بەم پێیەش لە ئێستادا ڕەوتەكەی خەنجەر بووەتە دەمڕاستی سیاسی سەلەفییەكان بە تایبەت لە عێراقدا هەم هێزی سیاسی سوننی نزیك لە سعودیە نین و هەم ڕوون نییە ئاخۆ سعودیەی بن سەلەمان لەسەر سەلەفییەكان دێتەسەر هێڵ یاخود نا، بەتایبەت كە تێهەڵچوون لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی عێراق ئاسان نییە، لە سعوددیەشدا چەند ساڵێكە كاركردن بۆ كاڵكردنەوەی سیمای ئایینی سەلەفیانەی دەوڵەت دەستیپێكردووە و هەندێك قۆناغیشی بڕیوە. 

 

چارەنوسی بڕیارەكە

كۆتایی هەفتەی ڕابردوو، مامۆستای دەركەوتووی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" "سەعد ئەلنایف" و كۆمەڵێكی تری هاوكار و هاوڕێی لەگەڵ "قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژكاری ئاسایشی عێراقدا، دەركەوتن، بەپێی ڕاگەیانراوی پاش دیدارەكە هەردوولا باسیان لە "بتەوكردنی ئاسایشی میللی" و "ڕۆڵی زانایانی ئایینی لە پشتیوانیكردنی ئاسایش و ئۆقرەیی لە ڕێگای هاریكاریكردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان"دا كردووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغكردن یان چارەنووسی گشتاندنەكەی "ئاسایشی نیشتمانی" نەكراوە، كە وا دیارە تەنیا لە دەسەڵاتی "قاسم ئەعرەجی" دا نییە، بەوپێیەی لە ئاماژەكردنەكاندا گەڕێنراوەتەوە بۆ سەرۆكوەزیران و هێزە ئەمنییە عێراقییە جیاجیاكان و نوێنەرانی پارێزگا سوننەكان. لە لایەكی دیكەوە ماڵپەرێكی ئیماراتی لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقییەوە باسی لەوە كردووە: بڕیاری قەدەغەكردنی "سەلەفییە مەدخەلییەكان" لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەمنی نێوخۆیی نەبووە، بەڵكە زادەی گوشاری سپای پاسدارانی ئێرانە لەسەر ڕاوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، مەبەستیشیان لەم بڕیارە لاوازكردنی ڕەوتی سەلەفی مەدخەلییە لە بەرژەوەندی گرووپێكی دیكەی سوننی نزیك لە هێڵی تاران.

كۆبەند

بڕیاری قەدەغەكردنی ڕەوتی "سەلەفی مەدخەلی" و ڕاگەیاندنی بەرەنگاربوونەوەی، لە ڕواڵەتدا پاساوەكەی ئەمنییە و پەیوەستكراوە بە پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و ڕاپۆرتە ئەمنییەكان، بەڵام لە پشت پەردەوە بەشێكە لە دەستوەردانی زۆرینەی شیعەی باڵادەست لە نەخشەی ئایینی و مەزهەبی نێو كۆمەڵگا سوننییەكانی عێراق و شارۆچكەكانی پشتێنەی بەغدا، ئەمەش لە پێناو زاڵكردنی ئەوانەی لە بەرەی شیعییەوە نزیكن و لاوازكردنی ئەوانەی ڕیشەیان سعودییە. لە بڕیارەكەدا هیچ میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی بەرەنگاربوونەوەی سەلەفییەكان دیارینەكراوە كە جگە لە پارێزگا سوننەكانی عێراق؛ لە هەرێمی كوردستانیش ئامادەییان هەیە و خاوەن مزگەوت و دامەزراوەی بانگخوازین. بەهۆی ئەم ناڕوونییەشەوە ئێستا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئاخۆ دەزگا ئەمنییەكانی عێراق بە گرتن و هەراسانكردنی ئەمنی بەرەنگاری سەلەفییە مەدخەلییەكان دەبنەوە یان گوشاركردن و بەرتەسككردنەوەی چالاكییە بانگخوازییەكانیان؟ لە پاش دیداری هەردوولا و گوشارەكانی نێو شەقامی سوننەش ئەگەرێك هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە بە تایبەت كە عێراق لە ساڵی هەڵبژاردندایە و هەندێك لایەنی سیاسی سوننە، لەسەر هێڵن بۆ هاتنە دەنگ لەسەر سەلەفییەكان و كارنامەی سیاسی ڕەوتەكەش پاڵپشت و پشتیوانیانە لە بەرگریكردن لێیان.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand