کاریگەری هاوپەیمانی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی/ هەولێر

2025-05-11 19:11:00
شیكاری: درەو
🔻 لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای هەولێر
ئەگەر هێزە سیاسییەکان بەشێوەیەکی ڕێژەیی بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا ( هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان) بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، بە شێوەی فرە لیستی، تەنها (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛
1. پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی.
2. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (3) کوردسی.
3. نەوەی نوێ (3) کورسی.
لە دۆخی هاوپەیمانی سەرجەم هێزو کەسایەتییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ئەنجامەکە دەگۆڕێت بۆ؛
1. پارتی دیموکراتی کوردستان (8) کورسی.
2. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (3) کوردسی.
3. هاوپەیمانی هێزو کەسایەتییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی (4) کورسی.
سەرەتا یەکی پێویست
بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی تشرینی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018.
لەماددەی (7)ی یاساکەدا هاتووە ماددەی (12)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە؛ دەنگە دروستەکانی هەر لیستێک دابەشی ژمارە (1.7، 3، 5، 7، 9 ...هتد) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم دەقە لەم هەڵبژاردنەدا کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت .
شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج و سویددا بەكارهاتوە بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە بەهۆیەوە ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی قەوارە سیاسییە بچوكەكان شكایەوە. ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات.
بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراوەتەوە (1.7). واتە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...هتد)یان بكەین.
لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران پارێزگاکانی عێراق دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و سەرتاسەری عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاساکە، ماددەی (12) کە هەمواری ماددەی (23)ی کردووە، دەقەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە؛ "پارێزگاکان بە سنورە کارگێڕییەکەی ئێستایانەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەم پێیەش هەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت.
لەم ڕاپۆرتەدا بە پەیرەوکردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموار، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی بازنەی پارێزگای هەولێر شیکار دەکەین، هەردوو شێوازی فرە لیستی و هاوپەیمانی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، پاڵپشت بە دەنگی پارتە سیاسییەکان، کە لە دواین هەڵبژاردن لە (20/10/2024) لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر بەدەستیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر
پاڵپشت بەپیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای هەولێر بە سنورە ئیدارییەکەیەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (15) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت.
بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) بەڕێوەچوو لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، (669 هەزار و 273) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لە ژمارەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان (347 هەزار و 786) دەنگی بە ڕێژەی (52%)ی دەنگە دروستەکانی پارێزگاکەی هێنابوو، بە دوای ئەویشدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (111 هەزار و 102) دەنگ بە ڕێژەی (17%)، نەوەی نوێ (104 هەزار و 222) دەنگ بە ڕێژەی (16%)، یەکگرتووی ئیسلامی (24 هەزار و 178) دەنگ بە ڕێژەی (4%)، کۆمەڵی دادگەری (20 هەزار و 265) دەنگ بە ڕێژەی (3%)، ڕەوتی هەڵوێست (16 هەزار و 871) دەنگ بە ڕێژەی (3%)، بەرەی گەل (9 هەزار و 776) دەنگ بە ڕێژەی (1%)، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (3 هەزار و 458) دەنگ بە ڕێژەی (1%)، بزوتنەوەی گۆڕان (هەزار و 455) دەنگ بە ڕێژەی کەمتر لە (1%) و سەرجەم دەنگی پێکهاتەو سەربەخۆکان و لیست قەوارەکانی دیکە (30 هەزار و 160) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (5%).
ئەگەر هێزە سیاسییەکان بەشێوەیەکی ڕێژەیی بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن کە لە دوا هەڵبژاردندا بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، بەشێوەی فرە لیستی، تەنها (3) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن (وەک لە خشتەکەی یەکەمی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە)، ئەوانیش؛
1. پارتی دیموکراتی کوردستان (9) کورسی.
2. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (3) کوردسی.
3. نەوەی نوێ (3) کورسی.
بەڵام لە حاڵەتی دروستی کردنی هاوپەیمانی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، ئەنجامەکە گۆڕانێکی کەمی بەسەردا دێت و (1) کورسی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کەم دەبێتەوەو دەچێت بۆ هاوپەیمانێتییەکە، وەک ئەوەی لە خشتەی دووەمدا هاتووە، بەجۆرێک؛
1. پارتی دیموکراتی کوردستان (8) کورسی.
2. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (3) کوردسی.
3. هاوپەیمانی هێزو کەسایەتییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی (4) کورسی.
خشتە
