کاریگەری هاوپەیمانێتی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی

2025-05-11 18:29:52
شیكاری: درەو
🔻 لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی
ئەگەر هێزە سیاسییەکان بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی (سلێمانی و هەڵەبجە) بەدەستیان هێناوە، بە شێوەی فرە لیستی، (6) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەوانیش؛
1. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (8) کوردسی.
2. نەوەی نوێ (4) کورسی.
3. پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کورسی.
4. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (2) کورسی.
5. کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی.
6. ڕەوتی هەڵوێست (1) کورسی
لە دۆخی هاوپەیمانی سەرجەم هێزو کەسایەتییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ئەنجامەکە دەگۆڕێت بۆ؛
1. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (7) کوردسی.
2. پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کورسی.
3. هاوپەیمانی هێزو کەسایەتییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی (9) کورسی.
سەرەتا یەکی پێویست
بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی تشرینی 2025، خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەبچێت، بەپێ یاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018.
لەماددەی (7)ی یاساکەدا هاتووە ماددەی (12)ی یاساکە هەمواردەکرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە؛ دەنگە دروستەکانی هەر لیستێک دابەشی ژمارە (1.7، 3، 5، 7، 9 ...هتد) دەکرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی کورسیەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەپێی ئەم دەقە لەم هەڵبژاردنەدا کار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەموارکراو دەکرێت .
شێوازی "سانت لیگۆ" لەڕووی مێژووییەوە بۆ یەكەمجار لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1951ی نەرویج و سویددا بەكارهاتووە بۆ یەكەمجاریش لەهەڵبژاردنی 20ی نیسانی ساڵی 2012ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا تاقیكراوەتەوە، ئەم شێوازە ژمارەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە تاكەكانی (1، 3، 5، 7، 9، 11، 13 ... هتد) دا دابەشدەكات.
بەڵام جیاوازی نێوان شێوازی (سانت لیگۆ) و شێوازی (سانت لیگۆی هەمواركراو) لەوەدایە لەبری ئەوەی دەنگەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی بەسەر ژمارە (1) دا دابەش بكرێت، بەسەر ژمارە (1)ی تەواو و كەرتێكدا دابەشدەكرێت، وەك (1.4)، (1.6) یان (1.7). بۆ نموونە لەهەڵبژاردنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (30ی نیسانی 2014) ئەو كەرتە (1.6) بوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوەتە (1.7). واتە لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بمانەوێت دەنگە دروستەكانی ناو هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بگۆڕین بۆ كورسی، پێویستە لەسەرەتاوە دەنگە دروستەكانی هەر قەوارەیەكی سیاسی دابەشی (1.7) بكەین، پاشان دوای ئەوە دابەشی هەریەك لەژمارەكانی (3، 5، 7، 9، 11...هتد)یان بكەین.
لەگەڵ ئەوەی لە هەڵبژاردنەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران هەر پارێزگایەکی عێراق دابەشی سەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن و سەرتاسەری عێراق دابەشی سەر (83) بازنەی هەڵبژاردن کرابوو، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاساکە، ماددەی (12) کە هەمواری ماددەی (23)ی کردووە، دەقەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێندرێتەوە؛ "پارێزگاکان بە سنورە کارگێڕییەکەی ئێستایانەوە بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان. بەم پێیەش هەر پارێزگایەکی عێراق بازنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت.
لەم ڕاپۆرتەدا بە پەیرەوکردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموار، پێگەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی شیکار دەکەین، بە هەردوو شێوازی فرە لیستی و هاوپەیمانی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، پاڵپشت بە دەنگی پارتە سیاسییەکان، کە لە دواین هەڵبژاردنی (20/10/2024) لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەدەستیان هێناوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی
پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی (2023) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان ژمارە (12)ی ساڵی 2018. پارێزگای سلێمانی بە سنورە ئیدارییەکەیەوە (بە پارێزگای هەڵەبجەشەوە) بازنەیەکی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت (18) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەردەکەوێت.
بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی کوردستان، کە لە (20/10/2024) لەو پارێزگایە بەڕێوەچوو، بەبێ پارێزگای هەڵەبجەو تەنها لە سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی (626 هەزار و 224) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، هاوکات لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە (38 هەزار و 936) کەس بە دروستی دەنگی دابوو.
لەسەر ئاستی سنوری ئیداری پارێزگاکانی (سلێمانی و هەڵەبجە) کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنن، لە دواین هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024؛ (665 هەزار و 160) کەس بە دروستی دەنگی دابوو، لەو ژمارەیەش؛
- یەکێتی نیشتمانی کوردستان (269 هەزار و 889) دەنگی بە ڕێژەی (41%)ی دەنگە دروستەکانی هێنابوو.
- نەوەی نوێ (141 هەزار و 179) دەنگی بە ڕێژەی (21%) هێنابوو.
- پارتی دیموکراتی کوردستان (62 هەزار و 856) دەنگی بە ڕێژەی (9%)ی دەنگە دروستەکانی هێنابوو.
- یەکگرتووی ئیسلامی (50 هەزار و 534) دەنگی بە ڕێژەی (8%).
- کۆمەڵی دادگەری (40 هەزار و 922) دەنگی بە ڕێژەی (6%).
- ڕەوتی هەڵوێست (30 هەزار و 699) دەنگی بە ڕێژەی (5%)،
- بەرەی گەل (21 هەزار و 80) دەنگی بە ڕێژەی (3%).
- بزوتنەوەی گۆڕان (9 هەزار و 933) دەنگ بە ڕێژەی (1%).
- هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان (8 هەزار و 917) دەنگ بە ڕێژەی (1%).
- دەنگی سەرجەم سەربەخۆ و لیست و قەوارەکانی دیکە (29 هەزار و 151) دەنگی دروستیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (4%).
ئەگەر هێزە سیاسییەکان تاڕادەیەک بتوانن پارێزگاری لەو دەنگانەی خۆیان بکەن، کە لە دوا هەڵبژاردندا لەسەر ئاستی بازنەی پارێزگای سلێمانی بەدەستیان هێناوە، لەسەر بنەمای ئەو دەنگانەو پەیڕەو کردنی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو لەسەر ئاستی بازنەکە، بەشێوەی فرە لیستی (6) هێزی سیاسی دەتوانن کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن (وەک لە خشتەی یەکەمی خوارەوەدا ڕونکراوەتەوە)، ئەوانیش؛
1. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (8) کوردسی.
2. نەوەی نوێ (4) کورسی.
3. پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کورسی.
4. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (2) کورسی.
5. کۆمەڵی دادگەری (1) کورسی.
6. ڕەوتی هەڵوێست (1) کورسی
بەڵام لە حاڵەتی دروستی کردنی هاوپەیمانی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، ئەنجامەکە گۆڕانێکی کەمی بەسەردا دێت و (1) کورسی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەم دەبێتەوەو دەچێت بۆ هاوپەیمانێتییەکە، وەک ئەوەی لە خشتەی دووەمدا هاتووە، بەجۆرێک؛
1. یەکێتی نیشتمانی کوردستان (7) کوردسی.
2. پارتی دیموکراتی کوردستان (2) کورسی.
3. هاوپەیمانی هێزو کەسایەتییەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی (9) کورسی.
خشتە
