ئایا پەرلەمان شەرعییەتی ماوە ؟
.jpg)
2025-05-01 19:51:37
سەردار هەرکی
لەم ڕۆژانەدا قسەی زۆر لەسەر شەرعیەتی پەرلەمانی هەرێم دەكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەرکەکانی تەواو نەکردووە. لێرەدا دەمەوێت ئەم بابەتە بۆ هەموو لایەک ڕوون بکەمەوە.
بە پشتبەستن بە بڕگەکانی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان- عێراق هەموار کراو ، بەتایبەتی مادەکانی (46، 47، 48 و 49) و مادەکانی (14,13,12,11,4,3 )، لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلمان ، پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی دە ڕۆژدا یەکەم دانیشتنی خۆی لە هەولێر سعات ١٢ نێوەرو ئەنجام دەدات دوای دەرچوونی ئەو فەرمانە هەرێمییەی ، لە ئەگەری دەرنەکردنی بانگهێشتنامەکە، لە ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی ماوەی پێشوودا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کۆدەبێتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم سێ ئەرکەی خوارەوە.
یەکەم: سوێند خواردنی ئەندامانی براوەی پەرلەمان .
دووەم: هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بە سەرۆک و جێگرەکەی و سکرتێرەوە.
سێیەم: دیاریکردنی وەرزەكانی دگرێدانی پەرلەمان. (وەرزەكان لە مادەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆدا دیاریکراون)
ڕۆژی دووشەمە2/12/2024، یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانە ئەنجامدرا کە لە سەرەوە باسمان کرد. دانیشتنەکە بە سەرپەرشتی بەتەمەنترین ئەندام کاک محمد سلێمان محمد لە لیستی نەوەی نوێ بوو.
ئەندامانی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد، بوونە ئەندامی پەرلەمان بۆ خولی نوێ.
بەڵام پێش ئەوەی پەرلەمان بتوانێت هەموو ئەرکەکانی خۆی تەواو بکات و بە ڕێککەوتنی نێوان دوو فراكسیونی سەرەکی، نیسابی یاسایی شکێندرا و بەمجۆرە پەرلەمان نەیتوانی ئەرکەکانی تری خۆی ڕاپەڕێنێت. تا ئەمڕۆش پەرلەمان نەیتوانیوە دانیشتنێک ئەنجام بدات و ئەرکەکانی تەواو بکات. بەم شێوەیە دانیشتنی یەکەم نیمچە کراوەیە بەبێ ئەوەی ناوی لێنێن ، ئەمەش داهێنانێکی نوێیە بە ئامانجی خۆدزینەوە لە بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (55/فیدراڵی/2010)، کە دانیشتنی کراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بە نادەستووری لە قەلمدا ، دانیشتنی یەکەمی هەڵوەشاندەوە، و بەتەمەنترین سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پابەند کرد بە بانگهێشتکردنی ئەنجومەن بۆ کۆکردنەوە و دەستپێکردنەوەی کارەکان و... ئەرکەکانی دانیشتنی یەکەم.
بەپێی بڕگەی چوارەمی -1 لە مادەی دەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005، هەموارکراو ، “سەرۆکی هەرێم ئەم دەسەڵاتانەی هەیە : چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بە فەرمان لەم حاڵەتانەی خوارەوە: 1- ئەگەر لە ماوەی چل و پێنج ڕۆژدا نەگەیشتن بە نیسابی یاسایی بۆ بانگهێشتکردنی بۆ خولی هەڵبژاردنەکەی”.
بەپێی ئەو ڕوونکردنەوە سەرەوە و بەو پێیەی دانیشتنی یەکەم هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەكرد، وەک ئەوەی ئەنجام نەدرابێت دادەنرێت. و
زیاتر لەو ماوەیەی لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا ئاماژەی پێکراوە تێپەڕیوە، بۆیە دەبێت سەرۆکی هەرێم فەرمانێک دەربکات و پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە بەو پێیەی ناشەرعییە و ئامادەکاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ.
