Draw Media

پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم

پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم

2025-04-28 08:20:55



نەوزادی موهەندیس
      زیاد لە 2 ساڵی ڕێكە كە پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە بە پێی بڕیارێكی دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس و بەمەش مانگانە بڕی 1 ملیار دۆلار زیان بە داهات و خەزێنەی هەرێمی كوردستان و عێراق دەگات،لەگەڵ كۆمپانیا نەوتیەكانیشدا.جا ڕاوەستان و دەستپێنەكردنەوەی ئەو پڕۆسە گرنگە ئابوریە بۆ ماوەیەكی زیاتر هێندەی تر زیانەكان زیاد دەكات و هەموو لایەنە سەرەكیەكانی پڕۆسەكەش زیانی گەورەتریان پێدەگات  لەهەریەكە لە دەوڵەتی عێراق و  هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتیەكان (( كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی كوردستان // ئەپیگۆر)) و دواتریش وەك لایەنی چوارەمی پڕۆسەكە دەوڵەتی توركیا كە زیاد لە نیوەی بۆری گواستنەوەی نەوتەكە بەخاكی ئەودا تێپەڕدەبێت و دواتریش بەندەری جەیهانی توركیاش ڕۆڵێكی سەرەكی و گەورەی هەیە لە عەمباركردن و دواتر باركردن و فرۆشتنی نەوتەكەدا.
   لەماوەی ئەو دوو ساڵەی ڕابووردوودا گەلێك هەوڵ درا لەلایەن هەر چوار لایەنەكەوە بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە ڕێكەوتنێكی كۆنكرێتی و یەكلاكەرەوە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە.
هۆكاری نەگەیشتن بە ڕێكەوتنێكی ئاوها بریتیە لە:
* ناڕازی بوونی كۆمپانیا نەوتیە بیانیەكان بە داواكاریەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەربارەی بەسەرداچوونەوەی گرێبەستە نەوتیەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم و ئەنجامدانی گۆڕانكاری تیایاندا بەپێی دەستوری عێراقی.
* ترسیان لە پێنەدانی شایستە داراییەكانیان لە كاتی خۆیدا بەشێوەی مانگانە.
* ترسیان لە نەگەڕاندنەوەی ئەو بڕە قەرزەی كە هەیانە لەسەر ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان  كە دەوترێت بڕی 1 ملیار دۆلارە كە پێشتر پێیانداوە یان وەكو خەرجی مانگانە هەیانبوە و نەگەڕێنراوەتەوە بۆیان.
* هەروەها بەشێوەیەك لە شێوەكانیش ناڕازین بەبڕی ئەو 16 دۆلارەی دیاریكراوە لە یاسای بودجەی ساڵی 2025 بۆ یەك بەرمیل نەوتی بەرهەمێنراو و گواستنەوەشی و كۆمپانیاكان بە كەمی دەزانن كە لە پێشتردا داوای بڕی 26-32دۆلاریان دەكرد.
لەبەرامبەریشدا وەزارەتی نەوتی عێراقی و كۆمپانیای فرۆشتنی نەوت ((سۆمۆ)) پێدادەگرن لەسەر :
* هەڵسەنگاندن و بەسەرداچوونەوەی ناوەڕۆكی گرێبەستە نەوتیەكانیان  و گونجاندنیان لەگەڵ دەستوری عێراقدا.
* عێراق بێ‌ باكیەك دەنوێنێت لە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە،بەهۆی ئەوەی كە خۆی  دووەم وڵاتی بەرهەمهێنە لە ڕێكخراوی ئۆپیكدا دوای سعودیە بە 5 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و مانگانەش دەتوانێت بڕی 100-108 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بكات و خەرجی و پێداویستیەكانی مانگانەی خۆی دابین بكات. بۆیە پێویستی بەو بڕە نەوتەی هەرێم نیە كە بریتیە لە 400 هەزار بەرمیل مانگانە و لە ئێستاشدا تەنها بڕی 180 هەزار بەرمیل هەناردە دەكرێت.
* عێراق،نرخی 16 دۆلاری داناوە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت،لەكاتێكدا لە عێراقدا ئەو بڕە بریتیە لە 6-8 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك،سەرەڕای هەمواركردنەوەی مادە 12 و بڕگەی 2-ج لە یاسای بودجەی ساڵی 2025 و بەرزكردنەوەی نرخەكە بۆ 16 دۆلار بەڵام بێباكە لە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
* عێراق،زۆر جاران بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بەڕێگەی قاچاغ،و زیاد خستنە بازاڕی نەوتی جیهانیەوە لە پشكی خۆی،تووشی ڕەخنە و گلەیی ڕێكخراوی ئۆپیك بۆتەوە،هەربۆیە لەكاتی هەناردەنەكردنەوەی نەوتەكەدا بێ‌ كێشە دەبێت،هەرچەندە بڕی نەوتی هەناردەكراوی نەوتی هەرێم بە بەراوورد بە نەوتی بازاڕی جیهانی بریتیە لە 0,5% كە بڕێكی كەمە بۆ بازاڕی نەوتی جیهانی بەڵام بۆ عێراق دەگاتە ڕێژەی 20% نەوتی هەناردەكراوی عێراق كە بڕێكی كەم نیە.
* عێراق سەرەڕای ئەوەی كە ڕووبەڕووی ڕەخنە  و داواكاری قەرەبووی توركیا دەبێتەوە بەهۆی دواكەوتنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمەوە،بەڵام هێشتاش بێ باكە و گەرەكێتی مەرجەكانی خۆی بسەپێنێت بەسەر هەرێم و كۆمپانیا نەوتیەكانیشدا.
كێ‌ و چ لایەنێك زیانی گەورەی پێدەگات ؟
    بەم شێوەیە ئەوەی زیانی گەورەی پێدەگات بریتیە لە خەزێنەی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەپلەی یەكەم و دواتریش كۆمپانیا نەوتیەكان و توركیاش.كەواتە هیچ لایەك قازانج ناكات لە زیاتر ڕاوەستانی پڕۆسەی هەناردەكردنەكە.بەڵام هەرێمی كوردستان لەهەموان زیانی وەبەردەكەوێت بەهۆی ئەوەی كە لە ئێستادا تەنها مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی پێدەدرێت لەبەشە بودجەی مانگانەی شایستەی خۆی كە بریتیە لە ڕێژەی 12.67% كە بریتیە لە شایستە داراییەكانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگاكان و زۆر خەرجی تریش.بۆیە لەماوەی ئەو 2ساڵ و پێشتریش هەرێمی كوردستان بێبەشكراوە لە بەشە بودجەی ڕاستەقینەی خۆی.بەوهۆیەشەوە هەموو پڕۆژە ئاوەدانی و ئەندازیەریەكان وەبەرهێنانەكان و خزمەتگوزاریەكان نیمچە ڕاوەستاون و ئەوەشی هەیە تێكچوون و بەرەو نەمان و هەڵوەشانەوە دەچن. سەرەڕای كەڵەكەبوونی قەرزەكان و زیادبونیان بەهۆی سوودی ساڵانەیانەوە.
 هەرێمی كوردستان پێویستە  چ كارێك ئەنجامبدات؟
  بۆیە گەرەكە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقیدا بگاتە ڕێكەوتن و هەرچی زووە پڕۆسەی هەناردەكردنەی نەوتەكەی دەستپێبكاتەوە و خۆی قوتاربكات لە فشار و گوشارەكانی كۆمپانیا نەوتیەكان و قەرزە كەڵەكەبوەكانیان و ئەو قەیرانە دارایی و ئابوریەی 10ساڵە تێیكەوتوە و بەرۆكی گرتوە،ئەوەش لەڕێگەی هاندان و فشار دروستكردنی دەوڵەتانی زلهێزی ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕوسیا و چین كە كۆمپانیای نەوتی گەورەیان لە هەرێمدا هەیە وكاردەكەن.
   چونكە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە بە قازانجی عێراق و هەرێمە لەكاتێكدا كە نرخەكانی نەوت لە جیهاندا لەماوەی 2 مانگی ڕابووردوودا ڕوو لە داكشانی زیاترە و هاتۆتە خوار 70 دۆلارەوە كە بودجەی دەوڵەتی عێراقی لەسەر بیناكراوە،بۆیە هەر دابەزینێكی زیاتری نرخەكان كە ڕەنگە و پێشبینیش دەكرێت بێتە خوار 60 دۆلاریش و زیاترەوە و بەتایبەتی ئەمریكا كاری بۆدەكات ئەوا هێندەی تر عێراق و هەرێم زیانیان پێدەگات و ڕەنگە عێراقیش بەهەرێمی كوردستانیشەوە ڕووبەڕووی تەنگژەی دارایی ببنەوە و تەنانەت پێدان و دابینكردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی عێراق بەتەنها بریتیە لە 5,5-8  تریلیۆن دینار بۆ 4 ملیۆن مووچەخۆر و هەرێمی كوردستانیش بریتیە لە نزیكەی 1 تریلیۆن دینار بۆ زیاد لە 1 ملیۆن مووچەخۆر.كە ئەمە بڕێكی زۆر گەورەیە و ئەستۆی خەزێنەی عێراقی قورس كردوە.
   لەكۆتاییدا هەموان پێویستیان بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمە،هەربۆیە چەندی زووبكرێت لەدەستپێكردنەوەیدا بەڕەزامەندی هەموو لایەنەكان هێندە زیانەكان كەم دەبنەوە و داهات و دەرامەتیش بۆهەموان دەگەڕێتەوە و زیاد دەبێت،ئەمەش نەرمی نواندنی گەرەكە لەهەموو لایەنەكانەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand