سەرۆكایەتیی سوریا: فیدراڵی بۆ كورد رەتدەكەینەوە
.png)
2025-04-27 14:16:27
(درەو):
تەنیا رۆژێك لەدوای بەستنی كۆنفرانسی (یەكڕیزیی كورد) لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان، سەرۆكایەتیی كۆماری سوریا بەیاننامەیەكی بڵاوكردوەتەوەو (فیدراڵیەت) بۆ كورد رەتدەكاتەوەو وەكو هەوڵی جوداخوازانە ناوی دەهێنێت و دەڵێ:" هەر جۆرە هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقعی دابەشكاریی یاخود دامەزراندنی قەوارەی جوداخوازانە لەژێر ناوەكانی فیدراڵیەت یان خۆبەڕێوەبەرێتیی بەبێ سازانێكی گشتگیری نیشتمانی رەتدەكەینەوە".
سەرۆكایەتیی كۆماری سوریا بەیاننامەیەكی لەبارەی نوێترین پەرەسەندنەكانی رێككەوتنەكەی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە.
لە بەیاننامەكەدا سەرۆكایەتیی سوریا رایگەیاندووە" رێككەوتنی ئەمدواییەی نێوان سەرۆك ئەحمەد شەرع و (هەسەدە) هەنگاوێكی ئەرێنی بووە بە ئاڕاستەی هێوركردنەوەو كرانەوە بەڕووی چارەسەرێكی نیشتمانی گشتگیر، بەڵام جموجوڵ و لێدوانەكانی ئەمدواییەی سەركردایەتیی (هەسەدە) كە بانگەواز بۆ فیدراڵیەت دەكات و واقعێكی دابڕاو لەسەر زەمین دروستدەكات، بەشێوەیەكی روون هاودژە لەگەڵ كرۆكی رێككەوتنەكەو هەڕەشە لە یەكێتیی و وڵات و سەلامەتی خاكەكەی دەكات".
هەر لەم بەیاننامەیەدا، سەرۆكایەتیی كۆماری سوریا هەڕەشە دەكات و دەڵێ:" هەر جۆرە هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقعی دابەشكاریی یاخود دامەزراندنی قەوارەی جوداخوازانە لەژێر ناوەكانی فیدراڵیەت یان خۆبەڕێوەبەرێتیی بەبێ سازانێكی گشتگیری نیشتمانی رەتدەكەینەوە".
"یەكێتیی خاك و گەلی سوریا هێڵی سورە، هەر جۆرە بەزاندنێكی دەرچوونی لە ریزی نیشتمانی و دەستبردنە بۆ ناسنامەی كۆكەرەوەی سوریا".
لەم بەیاننامەیەدا، سەرۆكایەتیی سوریا نیگەرانی خۆی لە گۆڕینی دیموگرافیا لە هەندێك ناوچە نیشان دەدات، هۆشداری دەدات لە پەكخستنی كاری دامەزراوەكانی دەوڵەت لەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان. بەبێ ئەوەی ناو بهێنێت، باسلەوە دەكات، مافی گەلی كورد لەچوارچێوەی یەك دەوڵەتی سوریادا پارێزراو دەبێت لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و یەكسانی لە ئەرك و مافدا، بەبێ دەستوەردانی دەرەكیی، داوا لە (هەسەدە) دەكات پابەند بێت بە رێككەوتنەكەیەوە.
بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی سوریا لەكاتێكدایە، كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەمدواییە وەفدێكی هاوبەشیان دروستكردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق سەبارەت بە مافەكانی كورد لە دەستوری ئایندەی سوریادا.
دەقی بەیاننامەكە
