هەوڵی هاوپەیمانێتییەك دەدرێت لەدەرەوەی پارتی و یەكێتی
.jpg)
2025-04-25 08:23:55
درەو:
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەوڵی هاوپەیمانێتییەك دەدرێت لەدەرەوەی پارتی و یەكێتی، لایەنەكانی (نەوەی نوێ، یەكگرتوو، هەڵوێست، كۆمەڵ، بەرەی گەل) لە گفتوگۆدان بۆ درووستكردنی ئەو هاوپەیمانێتییە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) دەستپێشخەرییەكە لەلایەن كۆمەڵی دادگەری كوردستانەوەیەو كۆبوونەوەو دانیشتن لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بەرەی گەل كراوەو ئامادەییان دەربڕیوە.
بەپێی زانیارییەكانی درەو، قسە لەگەڵ نەوەی نوێ و هەڵوێستكراوە بۆ بەشداری لەو هاوپەیمانێتیەو ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕیوە، چەند كەسایەتی و گروپێكیش قسەیان لەگەڵ كراوە بۆ بەشداریكردنیان لەو هاوپەیمانێتیە، ئەوەی تا ئێستا قسەی لەگةڵ كراوە رەزامەندی دەربڕیوەو ئامادەیە بۆ ئەو هاوپەیمانێتیە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو نوێنەری ئەو لایەن و گروپانە كۆبوونەوەیەك رێكبخەن و پێكەوە گفتوگۆی هاوپەیمانێتی یان بەرەیەكی فراوان بكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بەیەك هاوپەیمانێتی بەشداری بكەن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان چەند هەوڵێك لە ئارادابوو بۆ درووستكردنی بەرەیەك بۆ هەڵبژاردن بەڵام شكستیهێنا.
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت، وادەی تۆماركردنی لیست و هاوپەیمانێتییەكان دەستیپێكردووە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە دیداری سلێمانی لە 16/4/2025 رایگەیاند حەزدەکەم بۆ هەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ پارتی بە یەک لیست بەشداربین ئەمجارە لەگەڵ مەسرور بارزانی دابنیشم پێشنیازی یەك لیستی لەگەڵ دەكەم.
لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا چەندین جار لایەنەكان بەهاوپەیمانێتی بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كردووە:
- لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستان لە 2005 یەكێتی و پارتی و بەشێك لە لایەنەكان بەیەك هاوپەیمانێتی بەشدارییان كرد.
- لە هەڵبژاردنی خولی سێەمی پەرلەمانی كوردستان لە 2009 یەكێتی و پارتی بە لیستی هاوبەش بەشدارییانكرد.
- لە هەڵبژاردنی خولی سێەمی پەرلەمانی كوردستان لە 2009 ( یەكگرتوو، كۆمەڵ، زەحمەتكێشان، سۆسیالیست) بە لیستی هاوبەش بەشدارییانكرد.
- لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2018 ( كۆمەڵ و یەكگرتوو، هاوپەیمانی ، گۆڕان) چەندین كۆبوونەوەیان كرد بۆ ئەوەی بە هاوپەیمانێتییەك بەشداری بكەن، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن.
- لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2021، یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان بە هاوپەیمانێتیەك بەشداری هەڵبژاردنیانكرد.
- بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2024 (گۆڕان و كۆمەڵ، بەرەی گەل ، چەند گروپێك) گفتوگۆی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكیان كرد، بەڵام سەركەوتوونەبوون و هەریەكەو بەجیا بەشدارییانكرد.
