ئایا پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری (ئه‌ردۆغان) رزگار ده‌كات؟
.jpg)
2025-04-13 09:53:05
راپۆرتی شیكاری: هێمن خۆشناو
له رۆژی پێنجشه‌ممه (10 نیسانی 2025) ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا له كۆشكی (باشته‌په) پێشوازی كرد له شاندی ئیمڕالی كه پێكهاتبوو له هه‌ردوو په‌رله‌مانتاری پارتی یه‌كسانی و دیموكراسی گه‌لان (پارتی ده‌م) سری سوره‌یا ئۆنده‌ر و په‌روین بۆڵدان. له دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش (پارتی ده‌م) له به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆبوونه‌وه‌كه به ئه‌رێنی و زۆرباش وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت:" ئه‌مڕۆ له دوێنی ئومێده‌وارترین".
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هه‌ریه‌ك له ئیبراهیم كاڵن راوێژكاری ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا (میت) و ئه‌فغان ئاڵا (جێگری سه‌رۆكی ئاكه‌په) ئاماده‌بوون. ئه‌فغان ئاڵا له پڕۆسه‌ی پێشتری چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له ساڵانی 2012 – 2015، فیگوڕێكی گرنگ بوو، تا شكستی پڕۆسه‌كه رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو. ئاماده‌بوونی ئیبراهیم كاڵنیش له ئێستادا به‌نده به گفتوگۆی ئیمرالیه‌وه كه پڕۆسه‌كه له‌لایه‌ن ده‌زگای میت به‌ڕێوه‌ده‌چێت. سازدانی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌م ده‌نگۆیانه ره‌تده‌كاته‌وه كه باس له كۆتایی هاتنی ئه‌م پڕۆسه‌یه ده‌كه‌ن.
كۆبوونه‌وه‌ی پاشته‌په و هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو!
پێشوازیكردنی ئه‌ردۆغان له شاندی ئیمرالی له‌كاتێكدا دێت كه دۆخێكی سیاسی ناسه‌قامگیر و ئاڵۆز له‌ناو توركیا له ئارادایه. له دوای (19 ئاداری 2025) به‌هۆی ئۆپاراسیۆنی ده‌ستگیركردنی (ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو) سه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئیستانبۆڵ كه له هه‌مان كاتدا دیارترین ركابه‌ر و كاندیدی سه‌ركۆماری داهاتووی توركیایه، شه‌پۆڵێكی خۆپیشاندان، ناڕه‌زایی، ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسانی لێكه‌وتۆته‌وه كه زۆربه‌ی شاره گرنگه‌كانی توركیای گرتۆته‌وه.
ئه‌ردۆغان، له ئۆپاراسیۆنی دژ به ئیمامئۆغڵو دوو ویستی هه‌بوو، یه‌كه‌مینیان ده‌یویست ناوبراو وه‌كو تاوانبارێك كه په‌یوه‌ندی به تیرۆره‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها (به‌رتیل خۆر و گه‌نده‌ڵ) به كۆمه‌ڵگا و رای گشتی توركیا بناسێنێت، دووه‌میشیان، چاوه‌ڕێ بوو دوای ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، پارتی گه‌لی كۆمار (جه‌هه‌په) له هێز بكه‌وێت و دوای مایه‌وه‌ك ئۆزگور ئۆزه‌ل سه‌رۆكی ئه‌م پارته ئاڵای سپی له به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان هه‌ڵبكات.
به‌ڵام خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌كان كه بۆ پشتگیری ئیمامئۆغڵو به‌رده‌وام ساز ده‌كرێت، ئاماژه‌یه به شكستهێنانی ئه‌م ویسته‌ی ئه‌ردۆغان. ئیتر ئیمامئۆغڵو بووه سه‌مبۆلی دژ به زوڵم له چاوی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگای توركیادا. له‌چاوی نه‌یار و ركابه‌رانی ئه‌ردۆغانیشدا، ئیمامئۆغڵو بووه ئه‌م كاندیده‌ی كه له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌ركۆماری توركیادا شكست به ئه‌ردۆغان ده‌هێنێت. دیسان هه‌ر به پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌ردۆغان، دوای ئۆپاراسیۆنی ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، خه‌ریكه جه‌هه‌په ده‌ستبه‌رداری كاره‌كته‌ری ئۆپۆزسیۆنی ئۆپۆرتۆنیست ده‌بێت، ئه‌م پارته ئۆپاراسیۆنی دژ به ئیمامئۆغڵوی له دژه ده‌رفه‌ت كرده ده‌رفه‌ت و خۆی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی كۆمه‌لایه‌تی ئاوێته‌ی یه‌كتر كرد، كه گه‌نجان و خوێندكارانی زانكۆ رێبه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن و له ئه‌نجامی ئۆپاراسیۆنی ئیمائۆغڵودا به‌رفراوانتر و كاراتر و قسه‌رۆیشتربووه له‌ناو شه‌قامی توركیدا. هه‌رچه‌نده ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو له كونجی زیندان دایه، به‌ڵام به به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می به‌ر له 19 ئادار پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری زیاتره بووه.
كۆمه‌ڵگای توركیا، له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ده‌ستگیركردنی ئیمامئۆغڵو نادادپه‌روه‌رانه‌یه، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاندیدێكی به‌هێزی سه‌ركۆماریه راپێچی زیندان كراوه. ئه‌م هه‌سته كۆمه‌ڵگای توركیا جوڵاند، بازنه‌ی پشتگیركردنی له ئیمامئۆغڵو به‌رفراوانتر كرد.
ئایا كوردانی باكوور ده‌بنه فریادره‌سی ئه‌ردۆغان؟
شكستنی ئۆپاراسیۆنی ئه‌ردۆغان دژ به جه‌هه‌په پێگه‌ی سه‌ركۆماری توركیا ئه‌وه‌نده‌ی دیكه لاواز ده‌كات و ناچاری ده‌كات تا به‌دوای رێگایه‌كی دیكه‌دا بگه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی شكسته‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر جه‌هه‌په و ئیمائۆغڵو قه‌ره‌بوو بكاته‌وه.
ئایا رێگای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌م شكسته به‌كوێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت؟ دۆخی ئابووری له‌خۆوه خراپ بوو، به‌ڵام دوای 19 ئادار خراپتر بووه. ئۆپاراسیۆنی 19 ئادار، له قه‌یه‌كی توندی له هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوانه‌دا كه (محه‌مه‌د شیمشه‌ك) وه‌زیری ئابووری و دارایی توركیا له دوای ساڵی 2023 گرتوویه‌تیه‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان. كاتێك ئه‌ردۆغان زانی له رێگای ئابووری ناتوانێ شتێك به شتێك بكات، ویستی شكسته‌كه‌ی له رێگای هه‌ڵمه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. دوای رووخانی رژێمی (به‌شار ئه‌سه‌د) سوریا بووه ناوه‌ندێكی هه‌ژموونی توركیا، به‌ڵام پڵانی ئیسرائیل و په‌لكێشی سه‌ربازی بۆ ناو سوریا، ئه‌نجامه‌كه‌ی گۆڕی. راسته هێشتا توركیا ئه‌كته‌رێكی گرنگ و به‌هێزه له‌ناو سوریا، به‌ڵام ناچاره به‌دوای رێگای رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتن بگه‌ڕێت له‌گه‌ڵ ئیسرائیل. كه‌واته له سوریاشدا چیرۆكێكی پڕ له سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌ردۆغان نانووسرێته‌وه تا له‌ناوخۆی توركیادا باری لاسه‌نگی خۆی پێ راستبكاته‌وه. كاتێك ئه‌م دوو كارته له ده‌ست ئه‌ردۆغان نه‌مێنێ، ئه‌وه كارتی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد دێته گۆڕێ.
له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو (2024) كاتێك (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) سه‌رۆكی پارتی بزوتنه‌وه‌ی میللی (مه‌هه‌په) له ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێی په‌رله‌مانی توركیا، ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانی پارتی ده‌م كرد و بووه سه‌ره‌تایه‌كی ئاشكرا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد، به‌شێك له چاو‌دێر و شرۆڤه‌كاران، پێیانوابوو ئه‌وه‌ی باخچه‌لی ده‌یكات هه‌وڵی ئه‌ردۆغانه بۆ سه‌رله‌نوێ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌ركۆمار. له‌مباره‌یه‌وه ده‌گووترا:" ئه‌ردۆغان ده‌خوازێت پشتگیری پارتی ده‌م و كورد به‌ده‌ست بێنێت و تا هه‌تایه ببێته‌وه به سه‌ركۆمار". به‌ڵام ئه‌م شرۆڤه‌یه له جێگای خۆیدا نه‌بوو، چونكه ئه‌ردۆغان وه‌ك ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی مكوڕ و به هه‌وه‌س نه‌بوو له‌سه‌ر پڕۆسه‌كه، كه به شێوه‌یه‌كی مه‌جازی هه‌ندێك جار به (پڕۆسه‌ی باخچه‌لی) به‌ناو ده‌كرا. ئه‌ردۆغان له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی گفتوگۆی ئیمرالی و ده‌وڵه‌ت، قسه‌ی نه‌كرد و بێده‌نگی هه‌ڵبژارد، بێده‌نگی ئه‌ردۆغان ئاماژه‌یه كه پڕۆسه‌كه به ده‌ستپێشخه‌ری و ئاره‌زووی ئه‌ردۆغان ده‌ستپێنه‌كراوه. له پشت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیدا یه‌كێك له‌م دوو هۆكاره خۆی حه‌شار داوه:
- له‌وانه‌یه ئه‌ردۆغان پێیوابێ ئه‌م پڕۆسه‌یه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێ ناكرێت.
- له‌وانه‌شه پێیوابێ ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌كه جێبه‌جێش بكرێت، ناكه‌وێته خزمه‌ت به‌رنامه كه‌سی و تایبه‌تیه‌كانی!
پاش تێپه‌ڕیوونی شه‌ش مانگ له‌سه‌ر ته‌وقه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كه‌ی باخچه‌لی، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌ردۆغان پێشوازی له شاندی ئیمڕالی كرد، به گوێره‌ی ئه‌م پارته كۆبوونه‌وه‌كه زۆر ئه‌رێنی بووه. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش دوو خوێنده‌وه‌ی هێنایه گۆڕى كه هه‌ردووكیان یه‌ك جه‌وهه‌ریان هه‌یه:
- به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی دژ به ئه‌ردۆغان، پێیوایه سه‌ركۆمار ده‌خوازێت به پشتگیری بزوتنه‌وه و ده‌نگده‌ری كورد باری لاسه‌نگی خۆی راست بكاته‌وه.
- لایه‌نگرانی ئه‌ردۆغانیش پێیانوایه ئه‌مجاره كورد ده‌بێته فریادره‌سی ئه‌وان.
ئه‌ردۆغان پێویستی به فریادره‌سێك هه‌یه!
دۆخی ناوخۆیی سیاسی و ئابووری توركیا، هه‌روه‌ها پێگه‌ی توركیا له‌ناو هاوكێشه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا، هیچ گومانێك ناهێڵێته‌وه كه ئه‌ردۆغان پێویستی به فریادره‌سێكه! به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كی دیار نابیندرێت كه كورد ده‌بنه فریادره‌سی ئه‌ردۆغان یان نا؟ چه‌ندین هۆكاری هه‌یه، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه پشتڕاست ده‌كاته‌وه:
- ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌ردۆغان تێیكه‌وتووه، دۆخێك نیه ته‌نیا به پشتگیری كورد راست ببێته‌وه. ئه‌مڕۆ بێزاری كۆمه‌ڵگای توركی له ئه‌ردۆغان له لوتكه دایه.
- بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نیه تا بێ مه‌رج و بێ داواكاری پشتگیریه‌كی بێ به‌رامبه‌ری ئه‌ردۆغان بكات! كورد ئه‌زموونێكی زۆری په‌یدا كردووه، وانه‌كانی ئه‌زموونی رابردوو له‌ناو مێشكی كورد په‌نگی خواردۆته‌وه. له ئێستادا له سێ شاره‌وانی گه‌وره‌ی ناوچه كوردیه‌كان (وان، ماردین و دیاربه‌كر) دوو شاره‌وانی قه‌یوومی له‌سه‌ر سه‌پێندراوه. لۆژیكی نابێت كورد زوو به زوو ئه‌مه له‌بیر بكات و متمانه به ئه‌ردۆغان بێنێت.
بێگومان كورد له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ناكشێته‌وه، كورد ده‌خوازێت ئه‌م پڕۆسه‌یه بگاته ئه‌نجام به تایبه‌تی كه (عه‌بدوللا ئۆجالان) موخاته‌به تیایدا به‌ڵام ئه‌مه بۆ خزمه‌تی ئه‌ردۆغان نیه، به‌ڵكو بۆ خاتری قه‌ندیل ده‌بێت.
له ئه‌نجامگیری و به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ی ئیمرالی، بزوتنه‌وه‌ی كورد زۆر ده‌ستكه‌وتی ده‌بێت، توركیاش به هه‌مان شێوه چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی ده‌بێت، به‌ڵام دیاره نیه ده‌ستكه‌وتی ئه‌ردۆغان چی ده‌بێت! بۆ نموونه له پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له ساڵی 2015، كاتێك پارتی دیموكراتی گه‌لان 13٪ ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و به سه‌نگ گه‌یشته په‌رله‌مان، بۆ یه‌كه‌م جار ئاكه‌په ده‌رفه‌تی به ته‌نیا دروستكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی له‌ده‌ستدا.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌كرێت بڵێین، كورد نابنه فریادره‌سی ئه‌ردۆغان! به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌ن ببنه فریادره‌سی خۆیان، ده‌خوازن كێشه سیاسی، ده‌ستووری، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان به‌ره‌و ئاقاری چاره‌سه‌ری ببه‌ن.
لۆژیكی نیه، ئه‌گه‌ر بڵێین كورد له باكووری دركی به‌و دۆخه پڕه لاوازیه نه‌كردبێت كه ئه‌ردۆغان تێی كه‌وتووه، نه‌زانێ كه سه‌ركۆمار هێزی پێشتری نه‌ماوه، به‌بێ باخچه‌لی بۆی ناچێته‌سه‌ر، هه‌موو رێگایه‌ك تاقیده‌كاته‌وه تا دۆناڵد تره‌مپ رازی بكات یان لێی رازی بێت.
له رابردوودا كه ئه‌ردۆغان تووشی قه‌یرانێك یان دۆخێكی نه‌خوازراو ده‌بوو، به لێدوانێك خه‌ڵك و هه‌وادارێكی زۆری له ده‌وری خۆی كۆده‌كرده‌وه، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌و لۆكسه‌ی جارانی نه‌ماوه. ئه‌م دۆخه هێزی سه‌وداكاری كوردی (ئیمرالی، قه‌ندیل و پارتی ده‌م) زیاتر كردووه. له رابردوو په‌یوه‌ندیه‌كی نایه‌كسان هه‌بوو، ئه‌ردۆغان زۆر به‌هێزتر بوو، كورد لاواز بوو. ئه‌مڕۆ دۆخه‌كه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، تای ته‌رازوو گۆڕاوه. كورد ئه‌مه ده‌بینێت، بۆیه چاوه‌ڕوان ناكرێ، كورد له به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتێكی بچووك یان چه‌ند گفتێك سازشێكی گه‌وره بۆ ئه‌ردۆغان بكات. له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردبێت ئه‌ردۆغان تا زۆر ناچار نه‌بێت له باشته‌په له‌گه‌ڵ شاندی ئیمڕالی دانه‌نیشێت!
كورد چه‌ند داواكاریه‌كی هه‌یه، بۆ نموونه قه‌ندیل بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌كه‌كه داوای ئاگربه‌ست و راگرتنی هێرشه ئاسمانی و زه‌مینیه‌كان ده‌كات. ئایا ئه‌ردۆغان به پیر ئه‌م داواكاریه‌وه ده‌چێت؟
له‌لایه‌كی دیكه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان هێزی جارانی نه‌ماوه، بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد باخچه‌لی به خاوه‌نی ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌مجاره ده‌بینێت. ئه‌مه‌ش بژارده‌ی و بیرۆكه‌ی نوێ بۆ بزوتنه‌وه‌ی كورد دروست ده‌كات.
ئه‌مڕۆ هاوشێوه‌ی ساڵانی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری (2012 – 2015)، نه ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو، نه ئوزگور ئۆزه‌ل و نه جه‌هه‌په، رۆڵ و لێدوانێكیان نیه بزوتنه‌وه‌ی كورد نیگه‌ران بكات. چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێت ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو سه‌ردانی دیاربه‌كری كرد و له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد په‌یامی ئه‌رێنی به گوێی بزوتنه‌وه‌ی كورد چرپاند. ئوزگور ئۆزه‌ل به هه‌مان شێوه له كۆبوونه‌وه‌كانی سه‌راجخانه و شیشلی له ئیستانبۆل پشتگیری خۆی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد نیشاندا. واتا بادانه‌وه به‌ره‌و جه‌هه‌په له ئه‌گه‌ری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان، وه‌كو بژارده‌یه‌ك له‌به‌رده‌م كورد كراوه‌یه. بۆیه پێشبینی ناكرێت بزوتنه‌وه‌ی كورد بۆ خارتری ئه‌ردۆغان دژ به جه‌هه‌په و ئه‌كره‌م ئیمائۆغڵو بووه‌ستێته‌وه كه جه‌ماوه‌ر و پێگه‌یان له هه‌ڵكشاندایه و پشتگیری له ئه‌ردۆغانێك بكات كه رۆژانه لاوازتر ده‌بێت و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری بچووكتر ده‌بێته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین كه ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت، پێویست ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په هه‌ندێك هه‌نگاو بنێت، ناكرێت له توركیادا باس له به‌رده‌وامی و به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری بكرێت و كه‌سێكی وه‌كو (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) له زیندان بێت.
به كوردی و به پوختی، ئه‌گه‌ر چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ش له باشته‌په بكرێت، كورد خۆی ناكوژێت و هه‌موو هێلكه‌كانی ناخاته ناو سه‌په‌ته ره‌ش و سه‌ر داپۆشراوه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان! به‌ڵكو به پشووی درێژی و هه‌ندێك جاریش به‌بێ ده‌نگی هه‌نگاو ده‌نێت تا ئه‌ردۆغان خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه!
