Draw Media

رۆیتەرز: دانوستانەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم شكستیهێناوە

رۆیتەرز: دانوستانەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم شكستیهێناوە

2025-03-28 19:54:07


 
درەو:
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لەزاری دوو سەرچاوەوە بڵاویكردووەتەوە، گفتوگۆکان لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان شكستیهێناوە.
 دوو سەرچاوەكە، كە راستەوخۆ ئاگاداری ئەو بابەتەن، بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیا، دووچاری گیروگرفت بووە، بەهۆی بەردەوامی ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی پارەدان و گرێبەستەکان.
دانوستانەکان، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکرد، تا ئێستا نەیتوانیوە کۆتایی بە ناکۆکییەکی نزیکەی دوو ساڵ بێنێت، کە بووەتە هۆی وەستاندنی هەناردەی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
واشنتۆن فشاری خستۆتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، مانگی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، داوای لە عێراق کردووە رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەركردنی نەوت بدات، یان روبەڕوی سزا دەبێتەوە.
وەزارەتی نەوت وەڵامی پەیوەندییەكانی رۆیتەرزی نەداوەتەوە بۆ لێدوان لەبارەی دانوستانەکان.
ئەو دوو سەرچاوەیه ئاماژەیان بەوەكردووە، رۆژی پێنج شەممه، وەزارەتی نەوت نامەیەكی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە، داوای کردووە راوێژکارێکی سەربەخۆ دابنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە له هەر کێڵگەیەک، بۆ دیاریکردنی نرخەکان.
بەهۆی ئەوەی بەغداد هێشتا لە دانوستاندایە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە چوارچێوەی ئەو کارانەی کە راوێژکارەکە ئەنجامی دەدات، دوو سەرچاوەكە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو پرسە گومانی لەسەر پابەندبوونی بەغداد دروستکردووە بەو گرێبەستانەی کۆمپانیاکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە.
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: تائێستا پەیڕەوێك نییە رێككەوتنی لەسەر كرابێت، بۆیە ترسەکە لەوەدایە کۆمپانیاکان نازانن چەند پارەیان پێدەدرێت لەبەرامبەر بەرهەمهێنانیان، چونکە ئەو راوێژکارە دەتوانێت تەواوی چاوەڕوانی پارەدانەکە بگۆڕێت.
کۆمپانیای ئەپیکور، کە گروپێکە لە هەشت کۆمپانیای نەوتی لە کوردستانی عێراق لەخۆدەگرێت، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هەناردەکردن دەستپێناکاتەوە تاوەکو بەغداد پابەندبونێكی چەسپاو پێشكەش نەكات.
لە ئاماژەیەکی رونیشدا بۆ نامەکەی بەغداد، ئەپیکور لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە، وەزارەتی نەوت ئامادە نییە دانوستان لەسەر چارەسەرێک بکات کە ڕێز لە گرێبەستی كۆمپانیاكان بگرێت و، هەوڵدەدات پرۆسەیەکی جیاواز بە شێوەیەکی تاکلایەنە دابمەزرێنێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو رێوشوێنانەی وەزارەتی نەوت جێگەی قبوڵكردن نییە.
واشنتۆن دەیەوێت هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکرێتەوە، لەبەرهەندێك هۆكار، كە بەشێکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی جیهانی و دابەزاندنی نرخەكەیەتی، لە هەمان کاتدا ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییە داراییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دراوسێ بوەستێنێت، لەسایەی ئەو فشارانەی خستویەتیە سەر تاران، سەبارەت بەهەناردەکردنی نەوت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand