Draw Media

هۆکارەکانی قەتیسبونی یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە لەناو هۆڵی پەرلەماندا

هۆکارەکانی قەتیسبونی یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە لەناو هۆڵی پەرلەماندا

2025-03-28 19:12:36


د. سانا كەمال، پارێزەری ڕاوێژکار

ڕێکارە یاساییەکان بۆ دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە خۆی دەبینێتەوە لە پێشکەشکردنی داواکاریەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ حکومەتی عێراق بەمەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی لەسەر بە پارێزگا بونی هەڵەبجە، وە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق پیویستی بە دیراسەتکردنی ڕەهەندەکانی ئەم بابەتە هەیە لە ڕووی پلاندانانی کارگێڕی و سەرژمێری دانیشتوان و توانای ئابورییەوە و کاریگەریە دیمۆگرافی و ئابوریەکانی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە. وە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیدارە خۆجێیەکانەوە دیراسەی  دۆخی ئەمنی و کارگێڕی دەکرێت، وە دوای تەواوبونی دیراسەتکردنی ئەو رەهەندانە حکومەت ڕەزامەندی خۆی نیشان دەدات لەسەر بەپارێزگا بونی هەڵەبجە.
وە لە پاش رەزامەنی حکومەتی عێراق و تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکان بۆ بە پارێزگا بونی هەڵەبجە، ڕەشنوسی یاسای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە ئامادە دەکرێت و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت بۆ گفتوگۆ و دەنگدان، و پەرلەمان دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە دەدات و دەبێت زۆرینەی ڕەها (50%+1 لە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان) دەنگی پێ بدەن.  وە لەکاتی ئیستا ڕێکارەکانی بەپارێزگا بونی هەڵەبجە لە قۆناغی دەنگدانی پەرلەماندا قەتیس بووە و تەنها خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پرۆژەیاساکە کراوە و خۆیندنەوەی کۆتایی ماوە.
وە بەهۆی نەبوونی نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان، دانیشتنی  ڕۆژی چوارشەممە کە تەرخان کرابوو بۆ خوێندنەوەی کۆتایی پڕۆژە یاساکە دواخرا بۆ کاتێکی نادیار.
قەتیسبونی ئەم پڕۆژەیە لەناو پەرلەمان پرسیارێکمان بۆ دێنێتە پیشەوە سەبارەت بە ڕێگریەکانی دەرچونی ئەم یاسایە لە پەرلەمان، کە خۆی دەبینێتەوە لەم چەند خاڵەی لای خوارەوە:
١-بونی بەرژەوەندی تائیفی و ناکۆکی ناوخۆیی، کە کاریگەری لەسەر پرۆسەی بڕیاردان هەیە، وهۆکارێکە بۆ ڕێگریکردن  لە دەرکردنی ئەو یاسایە، بەشێوازێک پەرلەمانتارە عەرەبەکان بەرامبەر بە پارێزگاریونی هەڵەبجە داوای بە پارێزگاربونی چەند ناوچەیەکی دیکە دەکەن وەک ( تەلەعفەر و فەلوجە).
٢- عورفی یاسای «یەک سەبەتە»، کە بەزەقی لە پەرلەماندا جێبەجێکرا لە کاتی دەنگدان لەسەر هەر سێ یاسای( هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی و، گەرانەوەی موڵک و ماڵ وهەمواری یاسای باری کەسێتی)، کە ئەم عورفە وای لە پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە کردوە مەرج دابنێن  بۆ چونە  ناو هۆڵی پەرلەمانەوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بەپارێزگا بونی هەڵەبجە، مەرجەکەشیان خۆی لە  پرۆژە یاساکانیان دەبینێتەوە کە دەبێت بەیەک سەبەتە لەگەڵ پرۆژە یاسای هەڵەبجە دەنگی لەسەر بدرێت.
٣ـ  لاوازی بەدەستهێنانی پشتیوانی سیاسی بۆ پرۆژە یاساکە لەلایەن کوتلە کوردیەکانی ناو پەرلەمان.
٤ـ لاوازی رۆڵی کەسان ولایەنی پەیوەندیدار لە بەدەستهێنانی پاڵپشتی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق.
٥- بەدەست نەهێنانی پشتیوانی جەماوەری و فشاری میدیایی لە عێراق و پەنا نە بردن بۆ میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی گشتی بە شێوازی پیویست بۆ پشتگیریکردنی یاساکە.
٦- چارەسەرنەکردنی کێشەکان و گرژیە سیاسیەکانی  نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بوەتە ئاستەنگ لەبەردەم بەپارێزگا بونی هەڵەبجە لەکاتێکدا ئەم دۆزە پێویستیەکی ڕاستەوخۆی بە هەماهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە.
٧- بونی قەیرانی دارایی و ئابوری، عێراق ڕوبەڕوی ئاستەنگی دارایی بەرچاو بوەتەوە، کە بوەتە هۆی دواخستنی زۆرێک لە پڕۆژە ستراتجیەکان، لەوانەش دروستکردنی پارێزگای نوێیە، وە تەرخان نەکردنی بودجەی پێویست لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی جیاکردنەوەی هەڵەبجە لە سلێمانی لەڕوی کارگێڕییەوە.
لە کۆتایدا  گەیشتن بە کۆدەنگی سیاسی سەبارەت بە پارێزگا بونی هەڵەبجە پێویستی بە تێکەڵەیەکە لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حزب ولایەنە عیراقیەکان، لەگەڵ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و هاوکاری نێودەوڵەتی پێویست و دروستکردنی فشاری شەقام.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand