عێراق چوارەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاو بووە بۆ چین

2025-03-26 18:58:23
راپۆرتی: درەو
🔹 کۆی قەبارەی بازرگانی نێوان چین و بەشێک لە وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی (2024) گەیشتووتە (428 ملیار) دۆلار، کە دەکاتە 7%ی کۆی بازرگانی دەرەکی چین، کە لە هەمان ساڵدا گەیشتووەتە (6.16 ترلیۆن) دۆلار.
🔹 هەناردەی چین بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی 12% گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو گەیشتووەتە نزیکەی (16 ملیار) دۆلار، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا (14.3 ملیار) دۆلار بووە.
🔹 قەبارەی هەناردەی عێراق بۆ چین (38 ملیار) دۆلار بووەو نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان (99.9%)ی ئەو هەناردەیەیان پێکهێناوە.إ
🔹 لە ساڵی 2024دا تێکڕای کڕینی نەوتی خاوی ڕۆژانە لە چین نزیکەی (10.98 ملیۆن) بەرمیل بووە، عێراق لە دوای ڕوسیا، سعودییەو مالیزیاوە لە پلەی چوارەمدایە لەنێو گەورەترین هەناردەکارانی نەوتی خاو بۆ چین، هەناردەی ڕۆژانەی گەیشتووەتە (ملیۆنێک و 240 هەزار) بەرمیل.
🔹 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمریکاو چین لە ساڵی 2024دا نزیکەی (600 ملیار دۆلار)ی تێپەڕاندووە، بەو پێیەی هەناردەی چین بۆ ئەمریکا نزیکەی (438 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا هەناردەی ئەمریکا بۆ چین لە (160 ملیار) دۆلار تێنەپەڕیوە.
یەکەم؛ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و عێراق لە نێوان ساڵی 2023 و 2024
بەپێی داتا فەرمییەکانی دەستەی گومرگی چین، هەناردەی چین بۆ عێراق لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی 12% گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە نزیکەی (16 ملیار) دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا (14.3 ملیار) دۆلار بووە.
ئەم بەرزبوونەوەیە بە پلەی یەکەم بەهۆی هەناردەکردنی ئامێرە میکانیکییەکانی چینەوە بووە، بەتایبەتی "ئامێری ساردکەرەوە و پاشکۆکانی"، کە لە ساڵی (2024)دا بەهاکەی گەیشتووە بە نزیکەی (3.1 ملیار) دۆلاری ئەمریکی، لە کاتێکدا لە ساڵی (2023)دا بەهای ئامێرە میکانیکییەکانی چین بۆ عێراق گەیشتووە بە (2.7 ملیار) دۆلاری ئەمریکی.
هەروەها هەناردەکردنی "ئامێری ئەلیکترۆنی" بەتایبەتی "مۆبایل و ئیکسسوارات و پارچەی یەدەگ" زیادبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەهاکەیان لە ساڵی (2024)دا بۆ (2.2 ملیار) دۆلاری ئەمریکی بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا لە ساڵی (2023)دا (1.7 ملیار) دۆلاری ئەمریکی بووە.
یەکێک لە سەرنج ڕاکێشترین و دیارترین بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بووە بۆ عێراق، کە بازدانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، بووە بە سێیەم گەورەترین کاڵای هەناردەی چین بۆ عێراق، کە لە هەناردەکردنی ئاسن و پۆڵا تێپەڕاندوە، ئەو کاڵایانە دابەزیوە بۆ پلەی چوارەم. بەم گۆڕانکارییە ئۆتۆمبێلی چینی بووەتە یەکێک لە کاڵا هەرە دیارەکان و ساڵانە هەناردەکردنی بەهای زیاتر لە (یەک ملیار) دۆلار بۆ بازاڕەکانی عێراق تێدەپەڕێنێت.
لەلایەکی دیکەوە هەناردەی عێراق بۆ چین (38 ملیار) دۆلار بووە و نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان (99.9%)ی ئەو هەناردەیەیان پێکهێناوە. بەڵام هەندێک هەناردەی نانەوتی هەبوونە کە بەهای سنوورداریان هەبووە، وەک خورما، کە بەهای (4.7 ملیۆن) دۆلار بووە، بە کۆی (10 هەزار)تەن، واتە نرخی هەر کیلۆیەک لە (543 دینار)ی عێراقی تێنەپەڕیوە. هەروەها عێراق بە بەهای (5 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار گۆگردی هەناردە کردووە و بە کۆی کێشی (49 هەزار) تەن بووە.
هەرچەندە هاوسەنگی بازرگانی نێوان عێراق و چین بە بڕی (22 ملیار) دۆلار لە بەرژەوەندی عێراقە، بەڵام ئەم زیادەیە نزیکەی تەواوی بەهۆی هەناردەکردنی "نەوتی خاو"ەوەیە. ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ ئابوری عێراق دروست دەکات. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1)
خشتەو چارتی ژمارە (1)
دووەم؛ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2024دا گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کۆی قەبارەی بازرگانی نێوان چین و بەشێک لە وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووتە (428 ملیار) دۆلار، کە دەکاتە 7%ی کۆی بازرگانی دەرەکی چین، کە لە هەمان ساڵدا گەیشتووەتە (6.16 ترلیۆن) دۆلار.
لەو چوارچێوەیەشدا سعودیە لە پێشەنگی لیستی ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە کە زۆرترین قەبارەی بازرگانییان لەگەڵ چیندا هەیە، قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە (107 ملیار) دۆلار، لە دوای ئەویش ئیمارات بە قەبارەی بازرگانی (101 ملیار) دۆلار، عێراقیش پلەی سێیەمی بەدەستهێناوەو قەبارەی بازرگانی گەیشتووەتە (54 ملیار) دۆلار.
هاوسەنگی بازرگانی (17 ملیار) دۆلار لە بەرژەوەندی چین بووە، چین بە بەهای (205 ملیار) دۆلار کاڵاو شمەک لەو وڵاتانە هاوردە دەکات، هاوکات هەناردەکردنی بۆ ناوچەکە گەیشتووەتە (222 ملیار) دۆلار.
لەڕووی هەناردەکردنەوە، سعودیە لە پلەی یەکەمدایە لەنێو ئەو وڵاتانەی هەناردە دەکەن بۆ چین، بە قەبارەی بەهای هەناردەکردنی (57 ملیار) دۆلار، هاوکات هاوردەکردنی کەلوپەل لە چینەوە بە بەهای (50 ملیار) دۆلار بووە.
لە ڕووی هاوردەکردنەوە، ئیمارات لە پێشەنگی لیستی هاوردەکارانی چین بووە، بەهای هاوردەکردنی (65 ملیار) دۆلارە، هاوکات هەناردەکردنی بۆ چین (36 ملیار) دۆلاری تێنەپەڕاندووە.
سەبارەت بە عێراقیش _وەک لە تەوەری یەکەم ئاماژەمان پێدا_ هەناردەکردنی بۆ چین گەیشتووەتە (38 ملیار) دۆلار، هاوکات بە بەهای (16 ملیار) دۆلار کەلوپەلی هاوردە کردووە، کە بەرزترین ئاستی هاوردەکردنی عێراق لە چینەوە بووە لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی قەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە. (نەخشەکە قەبارەی بازرگانی چین لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدات)
نەخشەی قەبارەی بازرگانی چین لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە ماوەی ساڵی 2024دا تێکڕای کڕینی نەوتی خاوی ڕۆژانە لە چین نزیکەی (10.98 ملیۆن) بەرمیل بووە، ئەم بڕە لە نێوان چەند وڵاتێکدا دابەشبووە، کە پشکی جیاوازی فرۆشیان پێکهێناوە. ڕووسیا لە پێشەنگی لیستی دابینکەرانی وڵاتەکەیدایە و ڕۆژانە نزیکەی (2 ملیۆن و 200 هەزار) بەرمیل بۆ چین دابین دەکات، پێش سعودیە کەوتووە کە بە فرۆشتنی (ملیۆنێک و 560 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا پلەی دووەمی بەدەستهێناوە. مالیزیا پلەی سێیەمی گرتووه، که ڕۆژانە (ملیۆنێک و 39 هەزار) بەرمیل نەوتی ئێرانی هەبووە، بەشێوەیەکی نافەرمی هاوردە کراوە و دواتر له ڕێگەی کەشتییەکانی مالیزیاوە گوازراوەتەوه بۆ ئەوەی به چین بفرۆشرێتەوه.
عێراق لە پلەی چوارەمدایە لەنێو گەورەترین هەناردەکارانی نەوتی خاو بۆ چین، هەناردەی ڕۆژانەی گەیشتووەتە (ملیۆنێک و 240 هەزار) بەرمیل، بە تێکڕا نرخی هەر بەرمیلێک بە (81.7 دۆلار) فرۆشراوە. چین، هاوشانی هیندستان، گەورەترین بازاڕی نەوتی عێراقە، پێکەوە نزیکەی (85%)ی کۆی هەناردەکردنی نەوتی عێراق پێکدەهێنن. لە ماوەی ساڵی 2024دا کۆی گشتی هەناردەکردنی عێراق بۆ چین نزیکەی (452 ملیۆن) بەرمیل بووە، کە بەهای کۆی گشتیی (37 ملیار) دۆلار بووە. چارتی ژمارە (2) وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت بۆ وڵاتی چین لە ساڵی (2024) نیشان دەدات.
چارتی ژمارە (2)
سێیەم؛ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
داتاکانی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و چین ئاماژەیان بەوە کردووە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2024دا (600 ملیار دۆلار)ی تێپەڕاندووە.
چین سوودێکی بەرچاوی بینیوە، بەو پێیەی هەناردەی چین بۆ ئەمریکا نزیکەی (438 ملیار) دۆلار بووە، لەکاتێکدا هەناردەی ئەمریکا بۆ چین لە (160 ملیار) دۆلار تێنەپەڕیوە.
هەروەها داتاکان دەریانخستووە کە زۆربەی هەناردەکردنی چین بەرهەم و کاڵای تەواو و ئامادەکراو بووە، لەکاتێکدا زۆربەی هەناردەکردنی ئەمریکا بۆ چین مادەی خاو و کەرەستەی سەرەتایی و سووتەمەنی کانزایی بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی چین سوود لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی خۆی وەردەگرێت لەکاتێکدا پشت بە ئەمریکا دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی کەرەستەی خاو.
