Draw Media

دەسەڵاتی سەرپەرشتی موچە لە لقی سلێمانی بانكی ناوەندی سەندرایەوە

دەسەڵاتی سەرپەرشتی موچە لە لقی سلێمانی بانكی ناوەندی سەندرایەوە

2025-03-20 07:47:39



 

درەو:
بەپێی نوسراوێكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم كە ئەمڕۆ دەریكردووە سەڵاحیەتی سەرپەرشتی موچەی سلێمانی لە بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانیەوە گۆڕی بۆ بانكی ئاشتی لە سلێمانی، دەسەڵاتی سەرپەرشتی موچەی لە بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی سەندەوە، هۆكاری بڕیارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پێشتر لە سلێمانی دەستكاری پارەی نەختینەی موچەو پارەی هاوڵاتیان دەكرا لە بانكەكان.
لە نوسراوەكەی ئاوات شێخ جەناب كە ئەمڕۆ 20/3/2025 دەرچووەو گشاندنی بۆكراوە دەڵێت:
بەمەبەستی پاراستنی نەختینەو بەتایبەت نەختینەی دابینكراو بۆ موچەو درووستنەبوونی كێشە بۆ پێشینەی مانگانە فەرمانگەكان و خەرجییە بەردەوامەكان:
-    تەمویلی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەران راستەوخۆ لە بانكی منارەوە دەنێردرێت بۆ بانكی ئاشتی لەوێشەوە بۆ بانكەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان.
-    بەهیچ جۆرێك دەستكاری پارەی هاوڵاتیان ناكرێت لە بانكەكان بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر.
-    نابێت كێشە بۆ پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكان و كۆمپانیاكان و بەڵێندەران درووستبكرێت.
-    دەبێت هەفتانە هەموو بانكەكان لیستی داهات و خەرجییەكان ئاراستەی وەزارەتی دارای بكەن.
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: سەرپەرشتی نەختینەی موچە لە لقی سلێمانی بانكی ناوەندی وەرگیراوەتەوەو لەمەودوا پارەی موچەی موچەخۆرانی سلێمانی كە نزیكەی (400) ملیار دینارە لە بانكی منارەی هەولێرەوە كە پێشتر دەچووە بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی بەڵام لەمەودوا ناچێتەوە لقی سلێمانی بانكی ناوەندی بەڵكو راستەوخۆ دەچێتە بانكی ئاشتی لە سلێمانی و لەوێشەوە بەسەر بانكەكاندا دابەشدەكرێت، پێشتر لقی سلێمانی بانكی ناوەندی سەرپەرشتی پارەی نەختینەی موچەی دەكرد لەمەودوا لقی سلێمانی بانكی ناوەندی ئەو دەسەڵاتەی نامێنێت، هەژماری داخراوی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بانكی ئاشتییە لە سلێمانی لەوێوە بەسەربانكەكاندا دابەشدەكرێت، ئەوسەرچاوەیە هۆكاری دەركردنی بڕیارەكەی وەزیری دارایی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پێشتر لە سلێمانی دەستكاری پارەی نەختینەو پارەی هاوڵاتیان و ئەمانات ، وەدائیع ، توفیر، لەمەودوا بانكەكان هەفتانەی راپۆرتی داهات و خەرجی بنێرنەوەو بەهیچ جۆرێك دەستكاری پارەی هاوڵاتیان ناكرێت.
مانگانە بانكی منارە لە هەولێر پارەی موچەی موچەخۆران لە لقی ناوەندی هەولێری بانكی ناوەندی وەردەگرێت و بەشی هەولێر و دهۆك و سلێمانی موچەی لێدەنێرێت.
 دوێنێ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەری بانک و گەنجینەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:
  نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتیان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان دروست بکرێت ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت.
 نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتیان ( ئەمانات ، وەدائیع ، توفیر ،هتد.....) بکرێت بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
 بەهیچ جۆرێک نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت.
 لەحاڵەتی دووبارە بوونەوەی سەرپێچیەکان و هەرکەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانە جوڵایەوە، داوا لەفەرمانبەران و مووچەخۆران و بەڵێندەران دەکەین ڕاستەوخۆ وەزارەتمان ئاگادار بکەنەوە تا ڕێکاری پێویست بگرینەبەر.
 لە نزیکەوە چاودێری بەڕێوەچونی کاروباری بانکەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکەین و کەمتەرخەمی قبوڵ ناکەن و چاوپۆشی لە هیچ بانکێک ناکەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand