سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

(شكستپێهێنانی كودەتاكە) و ( ڕێكەوتنە دوو قۆڵیەکە )

بڵاوکراوەتەوە لە : 11 ئازار 2025

(شكستپێهێنانی كودەتاكە) و ( ڕێكەوتنە دوو قۆڵیەکە )

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

پ . د. سەعید عەلی محەمەد

ڕۆژی دوو شەممە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا (ئەحمەد شەرع) سەرۆكی سوریا و (مەزڵوم عەبدی) سەرۆكی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕێكەوتنێكی دوو قۆڵیان ئیمزا كرد ، ڕێكەوتنەكە داوا دەكات هێزەكانی هەسەدە تێكەڵ بە دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەت ببن ، سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەر لە خاڵە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان و كێڵگە نەوتیەكان و كێڵگەكانی غاز بچنە ژێر ئیدارەی دەوڵەتەوە  ، هەروەها بەپێی ڕێكەوتنەكە هەموو جۆرە داواكاری و بیرۆكە و پڕۆژەیەك بۆ دابەشكردنی خاكی سوریا و پارچە پارچەكردنی كۆمەڵگەی ئەو وڵاتە ڕەتدەكرێتەوە  ، پێکهاتەی کوردیش وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سوریا تەماشا دەکرێ و ، مافی هاوڵاتیی بوون و سەرجەم مافە دەستوریەکانیشی زامن دەکرێن ،  ڕێكەوتنەكە هەروەها داوا دەكات هێزەكانی هەسەدە شان بە شانی هێزەكانی حكومەت هەوڵی ڕیشەكێشكردن و كۆتایی هێنان بە پاشماوەكانی ڕژێمی ڕووخاو بدەن !
ئەوەی من دەمەوێ لەم نوسینەدا پەیوەست بەو ڕێكەوتنە مێژووییە بیخەمەڕوو ئەم چەند سەرنجەی خوارەوەیە  :

یەكەم  /  ڕێكەوتنەكە خەونی ئەوانەی لەگۆڕنا گرەویان لەسەر پارچە پارچەكردنی سوریا و ناكۆكی ناوخۆیی و نەتەوەیی و ، بڵاوكردنەوەی فەوزا و تاوان و پاشا گەردانی دەكرد لەسوریای نوێدا ، ڕێكەوتنەكە بەكارهێنانی كارتی ( هێزەكانی سوریای دیموكرات ) ی لەدەست ئەو دەوڵەت و لایەنانە دەرهێنا كە بەردەوام یاری و گوشاریان پێدەكرد و ، لەناوخۆ و دەرەوە و ژوورە تاریكەكاندا سەرگەرمی دانان و داڕشتنی پیلان و نەخشەی جەهەننەمی بوون بۆ ڕووخاندن و لەباربردنی ئەزموونی دەسەڵاتی نوێی سوریا ! ڕێكەوتنەكەی (شەرع) و (عەبدی) هاوكات لەگەڵ ڕێكەوتنێكی تری ئەمڕۆی حكومەتی دیمەشق لەگەڵ پیاو ماقوڵانی شاری ( سوەیدا )ی باشوور بۆ گێڕانەوەی شارەكە و تەواوی دامودەزگاكانی بۆ ژێر كۆنتڕۆڵی ئیدارەی حكومەت كارەساتێكی جیۆسیاسیی و جیۆستراتیژیی بوو كە ڕووبەڕووی پڕۆژە و ئەجێنداكانی ئیسرائیل و دەوڵەتانی تری ناوچەكەی دوژمن بە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بوویەوە !! بۆیە وەك ڕق و توڕەیی و کاردانەوەیەک بەرانبەر بەو ڕێکەوتنە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل خێرا زنجیرەیەك بۆردومانیان بۆ سەر كۆمەڵێ بارەگا و مۆڵگەی چۆڵكراوی سوپاكەی ئەسەد لەناوچەكانی باشوری سوریا ئەنجامدا.
 
دووەم /  ڕێكەوتن لەگەڵ لایەنی كوردی و خەڵكی شاری ( سوەیدا ) ی درووزنشین پەیامێكی بەهێزی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بوو بۆ قەوارەی زایۆنی و دەوڵەتانی نزیك و دراوسێ و دەزگا هەواڵگرییەكانیان كە سوریای ئەمڕۆ جیاوازە و ،  پێویستە هەمووان سنووری خۆیان بزانن و ، دەست لەپیلان و سەركێشیەكانیان لە خاكی سوریادا هەڵگرن!
 
سێهەم /  كات و تەوقیتی ئیمزاكردنی ڕێكەوتنەكە ماناو ئاماژەی تایبەتی خۆی هەڵگرتبوو كە دیارترینیان ئەوەیە  : شكست پێهێنانی كودەتاكەی چەند ڕۆژی ڕابردوو كە ( كودەتایەكی دەرەكی بوو بە كەرەستەی ناوخۆیی ) ڕۆڵێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی هەبوو لەخێراكردنی زیاتری  ئەنجامدان و ئیمزاكردنی ڕێكەوتنەكە  ، ئەمە جگە لە هەڵوێستی توندی دەوڵەت و ،  لایەنگیری توركیا و ، پشتیوانی گەلی سوریا كە هەر زوو لەیەكەم ڕۆژی كودەتاكەوە ڕژانە سەر شەقامەكان بۆ یارمەتیدانی هێزەكانی پۆلیس و سوپا و ڕووبەڕووبوونەوەی یاخیبووان و پاشماوەكانی ڕژێمی پێشوو!

چوارەم /  لەپاڵ ئەو خاڵەی سەرەوەدا فاكتەرێكی تری گرنگ و سەرەكی بۆ لەدایكبوونی ئەو ڕێكەوتنە مێژووییەی حكومەتی دیمەشق و لایەنی كوردی  ، جگە لە سەركەوتنی شۆڕشەكەی سوریا و دەركردنی ئێرانیەكان و ڕووسەكان ، دەستهەڵگرتنی ئەمریكیەكان بوو لە دۆسیەی سوریا (وەك لایەنی چاودێر) و ، سپاردنی ئەو دۆسیەیە بە دەوڵەتی توركیا ، هەروەها لاوازبوونی هەیمەنە و پاشەكشەكردنی ڕۆڵی فەڕەنسییەكان لەناوچەكەدا و  ، شكست هێنانیان لە پاراستنی ئەوەی خۆیان ناوی دەنێن  : مافی مێژوویی كەمینە دۆستەكانیان!
 
پێنجەم /  ڕێكەوتنەكە (ئەحمەد شەرع) ئیمزای كرد وەك سەرۆكی سوریا ئەمە لەلایەك  ، لەلایەكی تریشەوە بەزمانی عەرەبی نووسراوە كە تاكە زمانی فەرمی دەوڵەتە  ، كە ئەمە خۆی لەخۆیدا دانپێدانانی ئاشكراو بێ پێچ و پەنای هێزەكانی سوریای دیموكراتە بە حكومەت و دەسەڵاتی شەرعی نوێی سوریا!

شەشەم /  ڕێكەوتنەكە مێژوویی بوو بەو پێیەی ئەو پەیامەی بەگوێی هەموواندا دا  كە سوریا بۆ یەكەمجار لەدوای ڕووخانی خەلافەتی ئیسلامی لە ساڵی 1926وە جارێكی تر بە یەكگرتوویی و یەكپارچەیی كەوتەوە ژێر ڕكێف و دەسەڵاتی قیادە و نوخبەیەكی سیاسیی سوننی مەزهەب ! واتە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی كە پێشتر پێشكەش دەكران بۆ دامەزراندنی دەوڵەتۆكەیەكی كوردی لە باكوور و ، دەوڵەتۆكەیەكی دوورزی لە باشوور و  ، بەدیهێنانی خەونی (دەوڵەتی ئیسرائیلی گەورە لە فوراتەوە بۆ نیل ) سەرجەمیان كۆتاییان هات و لەباربران.
 
حەوتەم /  ئەو ڕێكەوتنە و ڕێكەوتنەكانی تریش كە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە ناوخۆدا ئەنجامی دەدەن ئەو ڕاستیە بۆ هەمووان دەسەلمێنێ كە گەلان و وڵاتانی جیهانی ئیسلامیی ئەگەر لایەنی سێهەم بچێتە دەرەوە و دەست هەڵگرێ لە دەستوەردان و پیلانگێڕی ، زۆر بە ئاسانی دەتوانن ناكۆكی و گرفتە ناوخۆییەكانیان چارەسەر بكەن ، هەروەك چۆن ئەفغانیەكان و گەلانی كەنارەكانی ئەفریقیا توانیان لەماوەیەكی كورتدا لەنێوخۆیاندا  یەكبگرن و  ، ئێستاش ئەوەتانێ سوریەكان دەتوانن پێكەوە ئاشت ببنەوە  ، كە گومانی تێدانیە یەمەنیەكان  و لیبیاییەكان و سودانیەكانیش ئەگەر لایەنی دەرەكی بهێڵێ دەتوانن هەمان ئەزموون دووبارە بكەنەوە.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 16 کاتژمێر

وەرچەرخان لە سەربەخۆیی ئابوورییەوە بۆ پشتبەستن بە بەغدا

null
پێش 16 کاتژمێر

بۆچی پێش سەردانەکەی بۆ تورکیا، بافڵ تاڵەبانی بانگهێشتی تاران کرا

null
١١ ئاب ٢٠٢٦

گەشەپێدان و ناکۆکی لە پیشەسازیی گازی سروشتی لە هەرێم (2007–2026)