Draw Media

سلێمانی و مەكگۆرك چارەنوسی هەڵبژاردنی پەرلەمان یەكلادەكەنەوە

سلێمانی و مەكگۆرك چارەنوسی هەڵبژاردنی پەرلەمان یەكلادەكەنەوە

2018-08-07 18:41:02


راپۆرتی/ محەمەد رەئوف
لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە 2003 وە ئێران و ئەمریكا یاریكەری سەرەكی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بوون, ئەنجامی هەموو هەڵبژاردنەكان لە تاران و واشنتۆنەوە یەكلاكراوەتەوە, لە گۆڕینی ئەنجامەكان و دیاریكردنی كاندیدی سەركەوتۆ بۆ حكومەت و پۆستە هەستیارەكان.
لە هەرێمی كوردستانیشدا بەپلەی یەكەم ئێران رۆڵی سەرەكی گێڕاوە لە هەڵبژاردنەكانداو هەر جوڵەیەكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەبێ كارەكتەرە سەرەكیەكانی ئێران سەركەوتوو نەبووە یاخود ئەنجامەكەی بە زیان كەوتۆتەوە.

ئیران یان ئەمریكا هەڵبژاردن یەكلا دەكەنەوە
نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش, جموجوڵ و كۆبونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان زیاتركردووە, لەبەرامبەریشدا دوور لەچاوی كامێراكان, وەفدی ئێرانی لەگەڵ تەواوی هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كۆبۆتەوە, بەڵام هەردوو وەفدی ئێران و ئەمریكاش لەسەر دووخاڵ كۆكن و لە گفتوگۆكانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی هەریم جەختیان لەسەر كردۆتەوە لەوانە.
یەكەم/ بەشداریكردن و پشتیوانی كردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و سەرخستنی پرۆسەی حكومەتی نوێی عێراق.
دووەم/ ئەنجامنەدانی هیچ جوڵەیەكی سیاسی گەورە لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چونكە پێیان وایە كاتەكەی گونجاو نیە.
هەرچی ئەمریكایە پێی وایە ئاساییە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت, بەڵام پێیان وایە كاتەكەی گونجاو نیە, بەڵام هەرچی ئێرانە داوا دەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نەدرێت، كە بەپێی زانیاریەكان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوای ئەوەی لە كۆبونەوەكانیان لەگەڵ پارتی نەیانتوانی قەناعەت بەو حزبە بەكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخات, بۆیە داوایان لە ئێرانیەكان كردووە كە فشار بكەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی خۆیان ئامادە بكەن بۆ بەشداری جدی لە حكومەتی داهاتووی عێراق, لایەنە ناڕازیەكانیش ترسیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە لەلایەك بەهۆی ساختەكاری و لەلایەكیش چاوەڕەوانی باكۆتی زۆری هەڵبژاردن دەكرێت.

محەمەدی حاجی مەحمود دركاندی
ئەگەرچی لەناو شەقامی كوردیدا باس لە فشاری برێت مەكگۆرك دەكرێت كە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردووە, بەڵام محەمەدی حاجی مەحمود بەروونیرایگەیاند" كە ئەمریكا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو ئێرانیەكان داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە", سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان بە ئێن ئاڕتی راگەیاند, كە لایەنەكان ناوێرن باسی فشاری ئێران بكەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان, دەڵێن ئەمریكا داوای دواخستنی دەكات, لە كاتێكدا ئەمریكا داوای دواخستنی نەكردووەو ئەوەی داوای كردووە كۆماری ئیسلامی ئێران بووە, نەك ئەمریكا.
ئەم لێدوانەی محەمەدی حاجی مەحمود لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە وەفدی ئێران چڕو پڕتر و مەیدانی تر لەچاوی ئەمریكا سەردانی تەواوی لایەنە سیاسیەكانیان كردووەو بە رونی پێیان راگەیاندوون كەلەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نین, بەڵكو دەیانەوێت لە ئێستادا هەموو تەركیزێكیان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بێت.

بارزانی دیسان قبوڵی ناكات!
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر رایگەیاند "قبوڵی ناكەم هیچ كەسێك داوا لە خەڵكی دیكە بكات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت". ئەم قبوڵنەكردنەی مەسعود بارزانی هەمان لێدوانە توندەكانی سەردەمی ریفراندۆمی بەبیر هاولاتیان هێنایەوە كە چەندین جار بارزانی رایگەیاندبوو" حیساب بۆ هیچ كەسێك ناكەم" و " لەكەسی قوبڵناكەم بڕیارەكانی بەسەرماندا بسەپێنێت... قبوڵی ناكەم .. قبوڵی ناكەم ...." كە دواجار بە كارەساتێكی گەورە بۆ هاوڵاتیانی كوردستان كۆتایی هات.
بارزانی كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 ەوە بۆ یەكەمجار بەو شێوەیە وتار پێشكەش بكات و رایگەیاند" هیچ كەسێك داوای لێنەكردووین هەڵبژاردن دوابخەین" سەبارەت بە فشارەكانی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بارزانی وتی: لەگەڵ برێت مەكگۆرك كۆبوومەوە و باسی هەڵبژاردنیشمان كرد، بەڵام ئەوەی كە دەگوترێت لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن بڕیاریدابێت ئەسڵ و ئەساسی نییە و نەیگوتووە هەڵبژاردن دوابخەن، گوتی ئەوە پەیوەندی بە حیزبەكانی نێوخۆی كوردستانەوە هەیە و خۆتان بڕیاری لەسەر بدەن" 
بۆیە ئەوەی لە قسەكانی مەسعود بارزانیدا دەخوێنرایەوە, جدیەتی زۆری پێوە دیاربوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەیەوێت هەرچۆنێك بێت هەڵبژاردن بكرێت, قۆناغەكە تێپەڕێنرێت.

حكومەت هەڵبژاردن ئەنجامدەدات
ئێستا بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لەلای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە, بەو پێیەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن درایە سەرۆكی حكومەت, نێچیرڤان بارزانیش جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن كردەوە لە 30ی ئەیلولی داهاتوو.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان, لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی هەفتانەی خۆیدا ئاماژەی بەوەكرد"لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا تەئكیدمان لەوەكردەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت".
نێچیرڤان بارزانی جەختیشی كردەوە كە" هیچ لایەنێك بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەلەمانی كوردستانی نەكردووە".
ئەمە لە كاتێكدایە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رۆژی رابردوو رایگەیاند" هەموو لایەنەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنن بەڵام كەسیان ناوێرن بیڵێن" 
بە پێی زانیاریەكان هەموو لایەنەكان جگە لە ( پارتی و نەوەی نوێ) لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنن بەڵام كەسیان جورئەتی ئەوە ناكەن بە رەسمی رایبگەیەنن هەڵبژاردن دوابخەن. 
  

كێ دەسەڵاتی دواخستنی هەڵبژاردنی هەیە
ئەگەرچی لەفۆرمە یاساییەكەیدا بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لای سەرۆكی حكومەتەو دەبێت لە پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت چونكە ئیشكالیەتەكە لەوەدایە هەر دواخستنێكی هەڵبژاردن دەبێت تەمەنی پەرلەمانیش درێژبكرێتەوە.
بەڵام ئەوەی دەسەڵاتی دواخستنی پەرلەمانی لایەو هەموو هێزەكانی دیكە چاویان لەدەستیەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە, بەو پێیەی ئێستا جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات لە هەرێم لای پارتیە( سەرۆكی حكومەت, سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی كۆمسیۆن , سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری, وەزیرانی پێشمەرگەو ناوخۆو نەوت و دارایی ..هتد.).
واتا دەسەڵاتی كۆتایی لای پارتی دیموكراتی كوردستانەو بەپلەی یەكەمیش لای خودی مەسعود بارزانیە, كە لە ئێستادا پارتی وەك مەرجەعی خۆی سەیری دەكات و ئەویش سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا, لەلایەك لەبەر ئەوەی بارودۆخەكە لەبەرژەوەندی حزبەكەیەتی و لەلایەكیش دەیەوێت كۆتایی بەم حكومەت و پەرلەمانە پڕ كێشەو قوفڵبووە بهێنێت.
هەرچی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە خۆی بە هاوپەیمانی پارتی دەزانێت چەندجارێك پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردنی خستۆتە بەردەم پارتی بەڵام پارتی رەتی كردۆتەوەو تەنانەت بە پێی زانیاریەكان یەكێتی داوای لە بزووتنەوەی گۆڕانیش كردووە كە بە وەفدێكی هاوبەش یاخود بە داواكاری هاوبەش داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكەن, چونكە هیچ هێزێك نایەوێت خۆی بخاتە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتیەوە.
لێدوانەكانی ئەمرۆِی بەرپرسانی هەرێم بەتایبەتیش بەرپرسانی پلە یەكی پارتی جدی بوونی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پێوە دیاربوو, بەڵام ئەگەر لە دوو سێ رۆژی داهاتوودا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عێراق رابگەیەنرێت و لایەنەكان سەرقاڵ بكەن بە پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوەو بەو هۆیەشەوە هەڵبژاردنی هەرێم دوابخەن, بەتایبەتیش كە ئێران رۆڵی گەورەی هەیە لە درووستكردنی سیناریۆ بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی.

ئێستا دیمەنەكە تەواو لە دیمەنەكانی ساتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017 دەچێت، بارزانی هەمیشە دەيوت قبوڵی ناكەم، ئەمریكا و ئێران داوای ئەنجامنەدانی ریفراندۆمیان دەكرد لایەنەكانی دیكەش دژی بوون, بارزانی ریفراندۆمەكەی كردوو كارەساتەكە رویدا, ئێستاش بۆ هەڵبژاردن هەمان پرۆسە رودەدەنەوە ئایا ئەمجاریش بارزانی بەقسەی كەس ناكات و قبوڵی ناكات و هەڵبژاردنەكە دەكات یاخود ئەمجار ملدەدات. 
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەرێوە بچێت, تیایدا 
 لە هەرێمی كوردستان ( 3,088,642 ) سێ ملیۆن و 88 هەزارو 642 كەس مافی دەنگدانیان هەیە
-    لە پارێزگای هەولێر( 1,103,732)  یەك میلۆن و103 هەزارو 732 كەس مافی دەنگدانیان هەیە
-     لە پارێزگای سلێمانی (1,193,768) یەك ملیۆن و 193 هەزارو 768 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
-    لە پارێزگای دهۆك( 722,920)  722 هەزارو 920 كەس مافی دەنگدانیان هەیە
-     لە پارێزگای هەڵەبجە(68,234) 68 هەزارو 234 كەس مافی دەنگدانیان هەیە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand