ڕاپەڕین و كۆڕەو كامیان سەركەوتن؟
.jpg)
2025-03-09 20:31:56
عەلی مەحمود
روداوەكان دوای راپەڕین ئەگەر ئەنجامی نەبوایە, كەس خۆی ناكردە خاوەندی, وەك ئەوەی 17ی شوباتی 2011, سەركەوتن باوكی زۆرە, شكستیش هەتیوە, ئێستاش ئەنواع چیرۆكی بۆ دەهۆننەوە, هەمووشی ناڕاستن.
لە راستیدا راپەڕین شكستی خوارد, هەڵاتنی خەڵك دوای شكستەكە كە ناوی كۆڕەوە, بەهۆی وێنە تراژیدییەكەیەوە سەركەوت, لەوەشدا پارتەكان رێگر بوون, شەوی كۆڕەوی 31-3-1991, تا بەیانی رێگریان كرد لە هەڵاتنی خەڵك لە شاری هەولێر, خەڵكیان خستە بەردەم ئاگری بەعس. یەكێك نییە بڵێ من یەكەم كەس هەڵاتم؟, ئەندازیاری كۆڕەوم.
پێشینە مێژویینیەكان
ئەگەر باسی راپەڕینی 5ی ئاداری 1991 ی گەلی كوردستان بكەین, ناتوانین باسەكە دەرباز بكەین بێ ئەوەی بچینەوە سەر داگیركردنی كوەیت و جەنگی كەنداوی دوو و راپەڕینی باشووری عێراق كە ئیسلامی سیاسی شیعە ناوزەدیان كردووە بە راپەڕینی شەعبانییە, چونكە ئەگەر پانۆرامایەكی هەمە لایەنە نەخەینە بەردەست, وا دەبینرێت كەسێك هاتووە لە كوردستان راپەڕینی ئەنجامداوەو كۆشكە زستانییەكانی قەیسەرەكانی یەك لە دوای یەك گرتووەو فەتحیانی كردووە, بۆیە كە باسی راپەڕین دەكەین دەبێت روداوەكانی ئەو 7 مانگ و سێ رۆژە لە 2-8-1990 ەوە بۆ 5-3-1991 بە وردی بخوێنینەوەو چاوێك بە تەقویمی رۆژەكانیدا بخشێنین, هەڵسەنگاندن بۆ وردو درشتی روداوەكانی بكەین, هەمووی تەواوكەری یەكن.
خۆ لەماوەی هەشت ساڵەی جەنگی ئێران عێراقدا ئەم لایەنە سیاسییانەی كوردستان و عێراق هەزاران جاریش نەبێت سەدان جار داوای راپەڕینیان لە خەڵ كرد, كەسیش گوێی لێیان نەگرت.
دەشێت كەسێك, فەرماندەیەككی پلە یەك یان خوارتر دوای دەستپێكی راپەڕین لە عێراق بە 5 رۆژ و زیاتریش لە كوردستان نەخشەی گرتنی شارو شارۆچكە و مەخفەری پۆلیس و رەبایەیەك و دەزگایەك و خۆپیشاندانێكی داڕشتبێت, یان حیزبێك یان چەند حیزبێك دوای ئەنفال ورە بە بەریا هاتبێتەوە چەند مەفرەزەیەكیان لە كوڕی خەڵكی ناردبێتە خوارەوە, وەلێ لە گشتدا روداوەكان پێمان دەڵێن راپەڕین و كۆڕەو محاڵەو بارودۆخی زاتی نەك مەوزوعی هێنابیانیەتە پێشەوە, بەڵكە كارە زاتییەكان دوای روداوە مەوزوعییەكان كە گرتنی كوەیت و لێدانی عێراق و سیناریۆی خەیمەی سەفوان خولقاندویەتی, كارەساتی ئەو رۆژانە هێندە گەورەن مێژووی جیهانیان گۆڕی, جیهانیان لە جوت جەمسەرییەوە كردە تاك جەمسەری, هەموو كورد لەناو روداوەكاندا دڵۆپێكە لە دەریایەكدا.
پانۆرامای شەڕی دووەمی كەنداو"كوەیت"
لە كاتێكدا جیهان بەرەو روی داگیركاری كوەیت لە لایەن عێراقەوە ببوەوە بە یەكێتی سۆڤیەتیشەوە, بۆ یەكەمجار ڤیتۆی بۆ پشتیوانی لە عێراق بەكار نەهێنا لە نەتەوەیەكگرتووەكان, ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان هەمان رۆژ برشیاری 660 دەركرد, داوای لە عێراق كرد دەست بەجێ بكشێتەوە لە خاكی كوەیت, هەروەها لە رێكەوتی 7-8 ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی بیابانی راگەیاند, لە 16ی سەپتەمبەریش بڕیاری 667 ی بە كۆی دەنگ دا, كە عێراق تا 15ی ئۆكتۆبەر لە كوەیت بكشێتەوە. لە رێكەوتی 15ی ئۆكتۆبەری 1990 عێراق بڕیاری دا نەكشێتەوە لە كوەیت, بە دوایدا هاوپەیمانی جیهانی ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان رایگەیاند"ئۆپەراسیۆنی رزگاری كوەیت", كە لە رێكەوتی 17ی یەنایەرەوە بۆ 28ی فبرایەر بۆ ماوەی 43 رۆژ بەردەوام بوو. ئۆپەراسیۆنەكە پێك هاتبوو لە هاوپەیمانی سوپای 34 وڵات و بە بەشداری 966344 سەرباز كە 74%یان ئەمەریكی بوون.
لێدانی عێراق
لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 17ی جەنیوەرییەوە فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان سەرتاپای عێراقیان بۆردومان كرد, بە بەشداری 2430 فڕۆكەی پێشكەوتووی نوێی ئەوێ رۆژێ, هاوپەیمانان لە ماوەی چل و دوو رۆژدا109867 جار بۆردومانی ناو عێراقیان كرد, بەڕێژەی 2555 جار لە رۆژێكدا, رۆژانە 60624 تەن باروتیان بەسەر خەڵك و دازەگا سڤیلەكان و سەربازگاكانی عێراقدا دەباراند, عێراقیان غەرقی دوكەڵ و ئاگرو خوێن و مەرگ و وێرانە كرد, شوێنەوارە تەندروستی و ژینگەییەكانی ئەو جەنگە تا هەنووكە ماوە, تەنها لە جارێكدا لە پەناگەی عامریە لە شاری بەغدا ئێسك و پروسكی 315 ژن و منداڵیان هاڕی و تاوانی جەنگیان ئەنجامدا.
هاوكات ئەمەریكا بە رۆكێتی دور هاوێژی كرۆز و بۆمبی هیشۆیی و بۆمبی زیرەك و چەكی لیزەری پێشكەوتوو تا دەگاتە یۆرانیۆمی چاككراو لە عێراقی دەدا, 288 تۆماهۆكی لە دەریای سورەوە بە عێراقەوە نا, عێراقیش 86 سكودی نا بە ئیسرائیل و سعودییەوە, بە گشتی لە دوای جەنگی كۆریاوە ,شەڕی كوەیت گەورەترین جەنگ بوو لە جیهاندا لە ماوەی چوار دەیەدا. لە بەرامبەردا سەدام حوسێن لە هەمان رۆژی راگەیاندنی زریانی بیابان, دایكی جەنگەكانی راگەیاند كە لای عێراقییەكان بە دایكی دۆڕانەكان بەناو بانگ بوو.
لەسەر داوای یەكێتی سۆڤیەت لە رێكەوتی 22ی شوبات, عێراق رازی بوو هێزەكانی لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە كوەیت بكشێنێتەوە, لە رێكەوتی 24 ی فیبریوەری 1991 هاوپەیمانان هاتنە ناو كوەیتەوە, 26 مانگ لە هێزەكانی عێراقیان دا كە لە باری پاشەكشەدا بوو, لە ئەنجامدا لە ماوەی چەند كاژێرێكدا 70 بۆ 100 هەزار سەربازی عێراقی كوژران و 60000 كەسیان بە دیل گیران, بە یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی مێژوو تۆماركرا, لە گەڵ تێكشكانی4000 تانك, 3100 تۆپ, 1856 ئۆتۆمۆبیلی سەرباز گواستنەوە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە 23ی یەنایەر لە كۆی 750 فرۆكەی جەنگی عێراق تەنها 122 فرۆكەی بە ساغی مابوو, ئەویشی تەسلیم ئێران كرد, ئەویش دەستی بە سەردا گرت. لە كاتێكدا لە ماوەی 8 ساڵەی شەڕی ئێران - عێراقدا, هێزی ئاسمانی عێراقی جوڵەی لە هێزی ئاسمانی ئێرانی بڕیبوو, هەمان ئەو فڕۆكانە تاوانیان دژ بە ئێران ئەنجام دەدا, ئێستا لەسەر سینی زێڕین لە لایەن سەدامەوە پێشكەش ئێران دەكرێت.
عێراق لە پاشەكشەدا لە كۆی 1080 بیرە نەوتی كوەیتی 727 یانی تەقاندەوە, ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رژاندە كەنداوی عەرەبییەوە, 128 پەڵە نەوتی گەورە كەنداوی عەرەبی داپۆشی, بەمەش گەورەترین تاوانی ژینگەیی لە مێژوودا ئەنجامدا. لە جەنگێكی 99 كاتژمێریدا دۆڕانی خۆی راگەیاند, جۆرج بۆش لە 27ی مانگ ئازادكردنی كوەیتی راگەیاند, 28ی مانگ ئەمەریكا كۆتایی جەنگی راگەیاند.
وێنای شكستی سوپای عێراقی ئەو رۆژانە لە جەنگی جیهانیشدا نەبووە, ریزی دیلەكان و تەرمی قەراغ رێگاو بانەكان و دوكەڵ و تارمایی ئامێرە تێكشكاوەكان لە ناو چڕە دوكەڵی بیابانی پان و بەریندا شاشەی تەلەفزیۆنەكانی لە جیهاندا داگیر كردبوو, عێراق سێیەكی سوپاكەی لەو 99 كاتژمێرە جەنگە لە دەستدا.
خێمەكەی سەفوان
رێكەوتی 2-3-1991 نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری 686ی راوەستانی جەنگی دا, تیایدا عێراق رەزامەندی دا لە جێبەجێكردنی هەر 12 بڕیارەكەی لەو بڕیارە ئاماژەی پێ درابوو. بۆ جێبەجێكردنی تەكنیكی راوەستانی جەنگ , دانوسانەكانی ئاگربەست لە ٣ی ئازار لە ژێر خێمەی سەفوان دەستیپێكرد.
كۆبونەوەكە لە فڕۆكەخانەی سەنام، سەر بە قەزای سەفوان، لە كاتژمێر 11:30 سەرلەبەیانی لە كەشێكی ئاڵۆز و بارگاوی بێ تەوقە كردن , وە پشكنینی هەموو بەشدار بووان دەستیپێكرد. شاندی هاوپەیمانی ترساون لەوەی شاندەكەی عێراق بۆمب رێژ كرابێتن خۆیان بتەقێننەوە, بۆیە بە وردی هەموو پشكێنراون, كۆبوونەوەكە كاتژمێرێكی خایاند.
شاندی عێراقی پێكهاتبوو لە لیوا سوڵتان هاشم جێگری سەرۆكی ئەركانی ئۆپەراسیۆنەكان و جەنەراڵ سەلاح عەبود فەرماندەی فەیلەقی سێ و دەریاوان نەوفال عەبدول حەفیز وەك وەرگێڕ. شاندی دانوستانكاری هاوپەیمانی پێكهاتبوو لە ژەنەڕاڵ نۆرمان شوارزكۆف فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان و شازادە لیوا خالید بن سوڵتان بن عەبدولعەزیز فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عەرەب.
بە پێی رێكەوتنەكان نابوایە هیچ چەكێك كە تێك نەشكێنرابوون لە جێگای خۆیان جوڵە بكات, بەڵام رێگا بە كشانەوەی لیوای زرێپۆشی پاسەوانی كۆماری درا, تایبەت بە ئاسایشی ناوخۆیی, بەڵام لە كشانەوەیا لێی درا, هەروەها رێگا بە هەندێك كەرتی سەربازی دیكە درا.
لەسەر داوای سوڵتان هاشم لایەنی ئەمەریكی بەهۆی ئەوەی گوایە پردەكانی عێراق زۆریان روخاون بەهۆی بۆمبا بارانەكانەوە, ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەكارهێنانی هێلیكۆپتەرەكانی عێراق لە چوارچێوەی سنوری وڵاتەكەی بۆ گواستنەوەی برینداران و بەرپرسان و حاڵەتەكانی دیكە, بەمەش دەرگای جهەنەم لە بەردەم ناڕەزایەتییەكان كرایە سەر پشت.
راپەڕینی باشووری عێراق
لە 28ی شوباتەوە, شاری بەسرە جمەی دێت, چ لە ئەو سەربازانەی بە ساغی و بە برینداری لە ریزە دورو درێژەكاندا بە دوای یەك, دەڵێی مێرولەن, بە برینداری و سیمای خۆڵاوی و دوكەڵاوی چڵكنەوە, بە سكی برسی و جەستەی تێك شكاوەوە ملی رێگایان بەرەو ناو خاكی عێراق گرتۆتە بەر. لە لایەكی دیكەوە كەسوكاری سەربازان لە هەموو عێراقەوە لە سەرسنووری كوەیتەوە تا بەسرە كۆبونەتەوە بۆ هەواڵپرسی رۆڵەكانیان.
لەم بارودۆخەدا لە كۆتا ڕۆژی مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩١ پریشكی راپەڕین لە عێراق لە شارۆچكە سوننەییە سنوورییەكانی ئەبو خەسیب و زوبەیری ٦٠-٧٠ كیلۆمەتر لە باشووری بەسرە دەستی پێكرد، رۆژی دواتر لە رێكەوتی ١ی ئازار راپەڕین شاری بەسرەی گرتەوە؛ سوق ئەل شویوخ لە ٢ی ئازار؛ ناسریە و نەجەف و كوفە لە ٤ی ئازار؛ كەربەلا لە ٧ی ئازار؛ پاشان عەمارە و كوت و هەموو باشووری گرتەوە.
گوایە هەمان رۆژ 28-2-1991 لە شاری ناسریە ئەندامێكی حیزبی دەعوە دروشمی داوەو خۆپیشاندانی كردووە, بارەگای پۆلیس گرتراوە, دەست بەسەر چەكدا گیراوە, بەڵام بە بەرفراوانی پشت راست نەكراوەتەوەو روداوەكە لە ئاستی راپەڕین نەبووە.
شۆفێری زرێپۆشێك بە ناوی خەلیل جوەیبار كە لە نێو ئەو سەربازانەدا بوو لە زوبێرەوە كەوتنە رێ بۆ شاری بەسرە تاكو بڵێسەی شۆڕشەكە هەڵبگیرسێنن لە بەسرا وتی: سەدام پێشتر هێزەكانی پاسەوانی كۆماری بۆ شوێنێكی ئارام كشاندەوە, ئێمە 100 كیلۆمەتر بە پێ هاتینەوە بۆ ناو خاكی عێراق , برسی و تینوو و ماندوو بووین. لە زوبەیر بڕیارماندا كۆتایی بە سەدام و ڕژێمەكەی بهێنین, تەقەمان لە وێنەی سەدام كرد, سەدان سەربازی پاشە كشەكردوو بەشدارییان لە ڕاپەڕینەكەدا كرد, تا پاشنیوەڕۆ بوینە هەزاران سەرباز, خەڵكی سڤیل پشتگیرییان كردین و هاتنە ناو راپەڕینەكە, هێرشمان كردە سەر بارەگای حیزبی بەعس و دەزگای ئەمن و گرتمان , بۆ كاتژمێر 3ی بەیانی رۆژی دواتر واتا 1ی ئازار راپەڕین گەیشتە شاری بەسرە.
ڕاپەڕینەكەی شاری بەسرە لەلایەن محەمەد ئیبراهیم وەلی ئەفسەرێكی عێراقی سەرپەرشتی كرا و هێزێكی لە تانك و زرێپۆش و بارهەڵگر كۆكردەوە بۆ هێرشكردنە سەر پارێزگا و فەرمانگەكانی پارتی بەعس و بارەگا ئەمنییەكان, زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی شاری بەسرە پشتیوانی شۆڕشیان كرد, سەربازەكان چالاكانە بەشدارییان كردو لەوانە فەوجی 24ی میكانیك, دەرگای زیندانیان شكاند و سەدان زیندانی ئازاد كران.
لە سوق الشیوخ سێ گروپی چەكدار هێرشیان كردە سەر شارەكە. نزیكەی هەموو هاوڵاتییان ڕژانە سەر شەقامەكان و پەیوەست بوون بە راپەڕینەوە, عەبدول شەباجە ئەندامی مەجلیسی نیشتمانی عێراقی و بەعسی پێشوو لە سەرەتادا سەركردایەتی بزووتنەوەكەی كرد لە سوق ئەلشیوخ.
لە رێگای سنووری ئێرانەوە هێزە شیعەكانی وەك ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حیزبی دەعوەو ئیتڵاعا و سوپای پاسداران زوو هاتنە ناو عێراقەوە, بۆ رێكخستنی خۆپیشاندەران و ئاراستەكردنی و دەست بەسەرداگرتنی, دیارە لە زووەكەوە لە ژێر فەرماندەیی قەرارگای نەسری سوپای پاسداران ئامادە كرابوون.
هەڵوێستە سەرەتاییەكان
محەممەد باقر ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دوای دەستپێكردنی هێرشی ئاسمانی لە رێكەوتی (١7ی ژانویەی ١٩٩١) كە لە بەیروتەوە راگەیەنرا، فەرمانی بە لایەنگرانی خۆی لە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق دا كە بچنە ناو هێزەكانی باڵی سەربازی ڕێكخراوەكەیەوە، هەروەها ئەو كەسانەی ڕاسپارد كە لە نزیك سنووری ئێران و عێراق جێگیر بن لە بەرامبەر "دەستدرێژی ئەمریكا". حزبی شیوعی عێراقیش دەستدرێژی ئەمریكای شەرمەزار كرد. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان یش دژی بژاردەی شەڕ بوون؛ هەروەها بەرەی كوردستانی كە هاوپەیمانی حزبە كوردییەكان و هەرێمی كوردستانی حزبی شیوعی عێراق پێك هاتبوون، سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان لە دژی سوپای عێراق لە كوردستان ڕاگرت بۆ ئەوەی " لە پشتەوە چەقۆ لە سوپاكە نەدەن".
هاوكات تارانیش لەو رۆژگارە بووە شوێنی پەیوەندییەكانی عێراق, وەك ئال حەكیم وتەنی لەبەر تاریق عەزیز ئاگایان لە ئۆپۆزسیۆن نەمابوو, نزیك سەت رۆژی تەواو هاوپەیمانییە چوار قۆڵییەكەیان" قەرارگای نەسر, مەجلس ئەعلا, پارتی, یەكێتی" كۆبونەوەشیان نەكرد.
ئاراستەی خۆپیشاندانەكان باشوور بۆ كوێ؟
لە سەرەتادا راپەڕین خۆڕسكانەو هەڵگیرسا, هیچ پەیوەندی بە هەوڵەكانی قەرارگای نەسر و مەجلس ئەعلاو كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوو.
وەك مۆفەق رەبیعی یەكێك لە سەركردەكانی حیزبی دەعوە وتەنی راپەڕیووە سەركەوتووەكان گروپێكی هەمە چەشن لە سەربازانی سونەو بەعسی و چەپ و هەموو چین و توێژەكانیان لە خۆ گرت.
رەبیعی پێی وابوو ئەوانەی بە هەڵگرتنی وێنەی خومەینی و حەكیمەوە لە ئێرانەوە گەڕانەوە تەنها بە لە باربردنی راپەڕینەكە سەركەوتوو بوون.
نەوشیروان مستەفا لەو بارەیەوە دەڵێت" لە راستیدا راپەڕینی باشوری عێراق سەرەتاكەی شتێكی عەفەوی بو، هێزێك لەو هێزانەی بە شكاوی لە كوێتەوە كشایەوە بۆ بەسرە، لولەی تۆپەكەی كردە یەكێك لە وێنەكانی سەدام و دایە بەر تۆپ ئیتر خەڵك راپەڕی و پەلاماری دامودەزگاكانیان دا. ئەو كاتە مەجلسیش كادر و چەكدارەكانی خۆی ناردەوە بۆ شارەكانی جنوب. لە راستیدا مەجلیس لەوەدا خەتایەكی گەورەیان كرد، هەرچەندە پێش ئەوەی هیچ كارێك دەست پێ بكەن، بەڵێنی ئەوەیان بە ئێمە دابو، كە شیعاراتی دینی نەهێننە ناو راپەڕینەكەوە، بەڵام ئەو بەڵێنەی خۆیان بەجێ نەهێنا. پێشم وایە زەرەرێكی زۆر گەورە لەوان و لە ئێمەش كەوت، لە ئەنجامی ئەو شیعاراتە دینی و رەسمانەوە، كە خەڵك هەموی ئەزانێ چۆن بوە، لە ناو شارەكانی جنوبدا چالاكیان نواند. لە سەرەتادا ئێمە وەكو سێ رێكخراو تەنسیق لە نێوانماندا هەبو، بەڵام كە راپەڕینەكە لە جنوبی عێراق دەستی پێ كرد تا حەدێكی زۆر پێیان وابو ئیتر مەسەلەكە حەسم بوە، ئەوەندە گوێیان نەئەدا بە ئێمە، بۆ ئەوەی تەنسیق لەگەڵ ئێمە بكەن. خۆیان خەریكی خۆیان بون، تا بەرەو تێك شكان چون. ئەو تەنسیقە ئەگەر ببوایە موحتەمەل بو زیاتر سودی هەبێ، یان ئەگەر ئەوان ئەو دروشمە دینیانەیان نەهێنایەتە ناو مەسەلەكەوە، رەنگ بو وا چاوپۆشییان نەكردایە لە لێدانی ڕاپەڕین دا لە رۆژانی راپەڕین.".
بە وتەی ئیبرهیم ئەحمەد توێژەر "راپەڕین كەم خۆی گرت و زۆری نەبرد فەوجەكانی سوپای پاسداران و ئیتڵاعات و بەدرو حیزبی دەعوە كە چاوەڕوانی رۆژێكی وابوون سواری سەری راپەڕینەكە بوون و لەباریان برد, وێنەی خومەینی و درووشمی شیعەگەرایان بەرز كردەوە.
بە وتەی ئیبراهیم ئەحمەد "ئەوان هەڵیانكوتایە سەر زیندان و بنكەكانی پۆلیس, ئەوانەی تۆمەتبار بوون بە كوشتن و دزیكردن ئازادیان كرد, هێرشیان دەكردە سەر دامەزراوە دەوڵەتی و كۆمەڵایەتییەكان تاڵانیان دەكرد، لە كوچە و گەڕەكەكاندا دەسوڕانەوە دەستدرێژییان دەكردە سەر ماڵ و دوكانەكانی خەڵك, تەنانەت هەندێكیان دەستدرێژییان دەكردە سەر ژنانیش".
دوای سەركوتی راپەڕین ئێرانییەكان داوای چارەنووسی 150 ئەفسەری سوپای پاسدارانیان لە عێراق كردووە, گوایە لە راپەڕین بزر بوونە, عێراقیش پێیانی وتووە ئێمە لەو كاتە لەگەڵ ئێوەدا لە جەنگدا نەبووینە, كەسی وامان لا نییە, دوای روخانی سەدام ئەوانە كراونەتە شەهید لە عێراق و شەهیدانەیان بۆ دەرچووە.
لەو سەرو بەندەدا هێزەكانی هاوپەیمانی ئامادە نەبوون پێشوازی لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی باشوور بكەن, هۆكارەكەشی باڵا دەستی ئاراستەی كۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسلامی سیاسی بوو لە راپەڕینەكەیان.
پێش راپەڕین لە یاداشتی حازم كوتك و سەید كاكە
بزانین پارتەكانی باشووری كوردستان لە ئێران پێش داگیركردنی كوەیت خەریكی چی بوونە, مام سەید كاكە لە یاداشتەكانی خۆیدا دەنووسێت"پێشمەرگە دەستیان بەنوێژ كردبوو لە ترسی ئەوەی نەبادا لە ئێران دەربكرێن, لە هەموی سەیرتر دەیان وت كورد بە هەموو شت رازیەو وایان دەزانی ئەو قاچاخچیانە بۆ سەدامی دەگیچرشنەوە , ئەمە حاڵی هەموو لایەنەكان بوو تا سەدام كۆێتی گرت. ".
ئیتر نازانم مام سەید بۆ خۆی ئاگاداری ئەمەیە كاك حازم كوتك لەسەر پارتەكەی نوسیویەتی یان نا؟ "جێگای داخە تفەنگی ئەوانەی تەسلیم دەبوونەوە لە لایەن هەندێ بەرپرسی قاچاخچی دەبران بۆ زێوەی مەرگەوەڕ دەفرۆشان، بە تایبەتی بەرپرسانی یەكێتی و سۆسیالست.وەك ئەوەی بە ژیانیان پێویستیان بە چەك نەبێتەوە ل324". كەواتە ئەم پارتانە زۆریان پێش داگیركردنی كوەیت پێویستیان نە بە بیروباوەڕ مابوو, نە بە تفەنگیش.
مام جەلالیش لە یاداشتەكانیدا دەڵێت سەركردایەتیمان چاویان لە مفاوەزات بوو, یانی بەتەمای رەحمەتی سەدام بوونە لایەكیان لێ بكاتەوە.
رۆڵی ئێران لە ئامادە كارییەكان
ئێران لە رۆژەكانی یەكەمی داگیركردنی كوەیت, گرنگی بە پارتی و یەكێتی و مەجلس ئەعلا دەدات, هاوپەیمانیەتییەكان لە ژێر سەرپەرشتی و رێنوێنی قەرارگای نەسر بۆ دروست دەكات, پارتی و یەكێتی لە پاڵ بەرەی كوردستانی لەو هاوپەیمانیەتییەش كۆدەبنەوە, لێرە لە یاداشتەكانی خۆیانەوە بەشێك لە پانۆرامای هەوڵەكانی قەرارگای نەسر دادەنێین, هەرچەندە ماوەی 3 مانگێك بە وتەی خۆیان كۆماری ئیسلامی ئێران ئیهمالیان دەكات.
لایەنە كوردییەكان پێشتر 19 چالاكی هاوبەشی لەگەڵ پاسدار ئەنجام دابوو, لەو چالاكیانە , پارتی 8, ینك 6 یان بەركەوتبوو, ئەوانی دی حیزبوڵاكەی ئەدهەم پارزنی و حسك ئەنجامیان دابوو, بۆیە لێك تێگەیشتن و مومارەسەری رۆلچی وەستاو شاگردییان لەگەڵ یەكتر كردبوو.
بارزانی دەڵێت"لەم چوارچێوەیەدا شەوی 6لەسەر 7ی ئابی 1990,شاندێكی ئێران كە پێك هاتبوو لە هەر یەكە لە مەسجدی، مەجید سەفایی، ئارامش لە لێكۆڵینەوەو تویژینەوە، جەواد جەعفەری، بەرپرسی دەزگای (ئیتڵاعات) و شەرعی، بەرپرسی چالاكییەكان، سەردانی ڕاژانیان كرد و لە كۆبونەوەیەكەدا باس لە بارودۆخی نوێ و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكان كرا، هەروەها باس لە چۆنیەتیی خۆ ئامادەكردن لەم قۆناغە كرا ".
بەلام نەوشیروان مستەفا باسی لیژنەی سێ قۆڵی دەكاتو قەرارگای نەسردەسڕێتەوە"دوای ئەوەی عێراق كوێتی داگیر كرد، ئێمە لیژنەیەكی سێ قۆڵیمان هەبو، لە نوێنەرێكی یەكێتی، نوێنەرێكی پارتی و نوێنەرێكی مەجلیسی ئەعلای شۆرشی ئیسلامی. زنجیرەیەك كۆبونەوەیان كرد. دو لیژنە بون، لیژنەیەكیان لیژنەیەكی سیاسی بو بۆ تەنسیقی سیاسی، لیژنەیەكیان لیژنەی عەسكەری بو بۆ ئەوەی تەنسیقی عەسكەری بكەین. ئەو لیژنانە مەجموعەیەك ئیحتیمالاتیان باسكرد".
فەرەیدوون عەبدولقادرو بارزانیش دەڵێن" 14ی شوبات بارزانی و نەوشیروان مستەفا سەردانی كرماشان دەكەن" لەم كۆبوونەوەیە لە گەڵ قەرارگای نەسر و مەجلس ئەعلا دادەنیشن. ئەم كۆبوونەوانە تا راپەڕین لە ژێر سەرپەرشتی ئاغای محەمەد سەركردەی قەرارگای نەسر بەردەوام دەبێت. بە وتەی كاك فەرەیدون ئاغای محمدی، وەك سەركردەی قەرارگای نەسر، دیاری كرابو بۆ هاوئاهەنگی!.
تەنانەت كاتێك لە سەرەتای مانگی ئازارەوە هێزەكانیان دەنێرنەوە, قەرارگای رەمەزان ئاگاداری چونەوە بۆ ناوەوەی هەندێكیان دەبێت و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكات.
كاتێك راپەڕین دەست پێدەكات فشارەكان لەسەر لایەنە كوردییەكان زیاد دەكەن بۆ ئەوەی بەرەیەكی نوێ بكەنەوە, فشار لەسەر باشوور كەمبێتەوە" سەعات دەی ڕۆژی 01/03/1991 سەرداری مەسجیدی فەرماندەی قەرارگای ڕەمەزان هاتە لای نەوشیروان مستەفا لە زەڵێ، بۆ سەعات 12 ی نیوەڕۆش شێخ مەولای سەركردە لە مەجلیسی ئەعلا گەیشت و بەشداری كۆبوونەوەكەی كرد ".
كۆبونەوەكان بەرەی كوردستانی و ڕاپەڕین
بەرەی كوردستانی نەخشەی B ی پارتی و یەكێتی بووە, بڕیارە گرنگەكان لە كۆبونەوە چوارقۆڵییەكانی قەرارگای نەسر, مەجلس ئەعلای ئیسلامی عێراق و پارتی و یەكێتی دەرچووە, بۆیەشە كە 11 ی مارت لە قاسمە رەشەوە , 6 رۆژ دوای دەستپێكی راپەڕین و ئازادبوونی زۆربەی كوردستان مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا دادەبەزن ئەندامەكانی دیكەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لە گەڵ خۆیان نەك ناهێنن بگرە ئاگاداریشیان ناكەنەوە.
مەلاحەسەن وەك سیاسییەكی قسە لە روو بوێر ناسرا بوو, لە یاداشتەكانی خۆیدا بەم شێوەیە باسی هەندێك لە كۆبوونەوەكان بەرەی كوردستانی دەكات" دوای ئەم دەست درێژییە ناڕەوایەی رژێمی عێراقی دژی كوێت ئێمە وەك ك.هەرێم داوامان كرد, كە سەركردایەتی بەرە كۆببێتەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێك لەو دەست درێژیییەی رژێم هەرچەندە كارگێڕی بەرە بەیننامەیەكی لە دژی ئەم دەست درێژیە دەركردبو. دیار بوو بڕیار درا بە گرێدانی كۆبونەوەكە لە گوندی راژان, لەم كۆبونەوەیەدا كاك مەسعود و كاك كۆسرەت ئامادە بوون, لە لای ئێمەشەوە هاوڕێ كەریم و من و هاوڕێ رەوەند كە نوێنەرمان لە كارگێڕی بەرە ئامادە بووین, كۆبونەوەكە هەر لە بەیانیەوە تا ئێوارە درێژەی كێشا.بەڵام هەر چەند وەفدی ئێمە زۆر هەوڵی دا, كە سەركردایەتی بەیانێك دەربكات و رسوای ئەم دەست درێژی رژێم دژی كوێت بكات هەندێ لایەنی بەرە بە تایبەتی پارتی لە گەڵ دەركردنی بەیاننامەدا نەبوون بەم شێوەیە كۆبونەوەكە بە بێ وەرگرتنی هەڵوێست كۆتایی پێ هات".
دیارە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە گەڵ بەیاننامەكەی دەستەی كارگێڕی بەرەی كوردستانیش نەبووە" بەڵام بەپێچەوانەی ئەم بیركردنەوەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەرەی كوردستانی كە بارەگاكەی لەڕاژان بو لای كاك مەسعود بارزانی، بەیانێكی ئیدانەی دژ بە داگیركردنی كوەیت دەركرد. بۆیە یەكێتی دەستبەجێ ناڕەزایی دەربڕی و، نوێنەرەكەی خۆی كە كۆچكردو (جەبار فەرمان) بو لە بەرەی كوردستانی بۆ قاسمەڕەش سەحبكردەوە، داوای لەبەرەی كوردستانیكرد كە ئەو بەیاننامەیە تەعبیر لەبیروڕای ئێمە ناكات بكێشرێتەوە".
بەرەی كوردستانی لە 12ی ئۆگستی 1990, واتا 10 رۆژ دوای داگیركردنی كوەیت بڕیاری ئاگر بەستی دا بەرامبەر عێراق" حیزبی شیوعی و پارتی گەل دژی بڕیارەكە بوون, پاسۆكیش بەشداری نەكردبوو".
فەتاح تۆفیق فەتاح ناسراو بە مەلا حەسەن كە لەو كاتە نوێنەری حیزبی شیوعی بووە لە بەرە دەڵێت "لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەم 1991 بۆمبارانی ئاسمانی دەستی پێكرد.ئەم بۆمبارانەش نزیكە چل رۆژی خایاند پێش ئەوەی هێرشی سەر زەوی دەست پێبكات.ئێمە ئەم جارەش داوای بەستنی كۆبونەوەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی-عێراق كرد, دیسان رەزامەندی بۆ بەستنی ئەم كۆبونەوە كرا, لە گوندی راژان ئەم جارە مام قادر و من بەشداریمان كرد لە تەك هاوڕێ رەوەند لە كۆتایی مانگ.... دیسان كاك مەسعود سەرپەرشتی كۆبونەوەی كرد ئێمە لەو كۆبونەوەیەش داوای دەركردنی بەیاننامەمان كرد, بەڵام ئەمارەش پارتی رازی نەبوو لەسەر دەركردنی بەیاننامەكە. یەكێتیش لایەن گری دەركردنی بەیاننامەكە نەبوو, من تا ئێوارە سوور بونی خۆم لەسەر دەركردنی بەیاننامەكە كرد. كاك مەسعود گوتی باشە بەیاننامەكە دەربكەین بەڵام رەنگە لەسەر ناوەڕۆكی رێك نەكوین, بەم جۆرە جارێكی تر كۆبونەوە بێ دەرئەنجام كۆتایی هات".
بەم شێوەیە بەیاننامەی سەركردایەتی سیاسی كەوتە دوای سێ رۆژ لە راپەڕینی خەڵكی كوردستان, كە سەرەتا لە كەڵەكەوە دەستی پێرد.
مەلا حەسەن دەڵێت "لە 7ی ئاداری 1991 كاك مەسعود لە گەڵ هەندێ ئەندامی ه س پارتی هاتە قاسمە رەش ئێمەشیان ئاگادار كرد. كە ئێوارەی ئەو رۆژە كۆبونەوەی بەرە لە قاسمە رەش دەكرێ من و هاوڕێ مام صاڵەح بەشداریمان كرد لەو كۆبونەوە گرنگەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی كە بڕیار درا ئەمجارە بەیاننامەكە دەربكەین و جەماوەر لە هەمو كوردستان هانبدەین بۆ راپەڕین دژی دام و دەزگاكانی رژێم و لە كوردستان دەریان پەڕێنین. نووسینەوەی بەیاننامە بە كاك ئازاد بەرواری و من و هۆشەنگ لە پارتی گەل سپێردرا, ئێمەش هەر بەیاننامەكەمان ئامادە كرد و لە ئێزگەی یەكێتی و پارتی خوێندرایەوە بە بلاوكردنەوەی بەیاننامەكە جۆش و خرۆش ی جەماوەر زیاتر پەرەی سەند هەر بۆ رۆژی دوایی جەماوەری شاری سلیچمانی شاری هەلچمەت و قوربانی راپەڕین وشارەكەیان لە دامودەزگاكانی رژێم پاك كردەوە."." كۆبونەوەكە 6 مانگ كراوە نەك 7".
مەسعود بەرزانی تایبەت بەو كۆبوونەوەیە دەنووسێت " ڕۆژی 6ی ئاداری1991سەردانی قاسمە ڕەشم كردو، لە گەڵ نەوشیروان مستافا و برایانی سەركردایەتی بەرە لە ناوچەكە كۆبومەوە،. لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕەسووڵ مامەندو مەلا حەسەن لە حیزبی شیوعی و م.شوان لە پاسۆك ئامادە بوون. دوای تاوتوێكردنی بارودۆخەكە، بڕیار درا كە لە هەردوو ئێزگەی دەنگی كوردستان و دەنگی گەلی كوردستانەوە زانیاری و ڕێنماییی پێویست بە جەماوەری كوردستان بدرێت. ".
لێ پێشمەرگەیەكی ئەو كاتی ینك بەناوی دانا حەمە عەزیز دەنووسێت" وتوێژەكانی نەوشیروان مستەفا و سەركردایەتی یەكێتی بۆ قەناعەت پێكردنی لایەنەكانی بەرەی كوردستانی بۆ بەشداریكردن لە ڕاپەڕین، بێ ئەنجام بوو، هیچ كام لەلایەنەكانی بەرە ئامادە نەبوون بەشداری ڕاپەڕین بكەن، بەڵكو دژی بوون و خەڵكیان سارد ئەكردەوە، سەركردایەتی حسك ئەیانووت ئێمە خۆمان توشی ئەم مەعمەعەیە ناكەین ".
مام سەید كاكە لەم بارەیەوە لە یاداشتەكانی خۆی بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە" ئێوارەیەك كادیرەكانی یەكێتی"سەفین مەلا قەرەو بەكرە سور و جەلال ئیلنجاخی" لەگەڵ چەند كادیرێكی دی ئەمانە لەناو یەكێتی كادیری پلە دوو بوون هاتنە سەردانمان و بێ هیوابوون دەیان گوت جارێكی تر كورد نە شەڕی پێدەكرێ و نە خۆپیشاندان, تا درەنگ گفتوگۆیان لە گەڵ كردین, دڵنیا بووم لەوەی كە رژێم رووخاوە بەڵام قسەكانی ئەوان زۆر كاری لێكردم, هەستان رۆیشتن خەوم لێكەوت سەعات 10ی شەو پاسەوانەكان بانگیان كردم گوتیان میوانت هاتووە, كە چووم سەیرم كرد" دوو مەلای ئەنجومەنی باڵا لە تەهران لە گەڵ بەرپرسی قەرارگای رەمەزان لە باختەران هاتبوون" چایان بۆ هێنان و چایان خواردەوە گوتیان هیچتان زانیوە لە رانییە؟, گوتم نەخێر هیچمان نەزانیوە گوتیان ئێوە هێزتان چۆتە خوارێ؟... من زۆر ترسام وام زانی خەبەریان لێداوین چونكە ئێران پێی ناخۆش بوو بچینە خوارێ و لە گەڵ لێدانی ئەمەریكا ئێمەش لە رژێم بدەین, گوتم بەڵێ كە شەڕ لە نێوان ئەمەریكا و عێراق راوەستا ئێمە پێشمەرگەمان بۆ لێدانی رژێم ناردە خوارێ, ئەوانیش گوتیان رانیە و پێشمەرگەی ئێوە واتە سۆسیالست لەناو رانیە یە راستی بێت هەموو حیزبەكان لەوانمان زانی كە رانیە گیراوە راپەڕین دەستی پێ كردووە.".
هەرچەندە فەرەیدون عەبدالقادر لە یاداشتەكەیدا دەڵێت" میحوەری ڕاپەڕین، لە بەرەبەیانی ڕۆژی 5/3/1991دا، توانییان شارۆچكەی ڕانیە بكەنە دەروازە بۆ ڕزگاركردنی ناوچەكان.....".
پێی دەچێت لەو سەرو بەندەدا ئێران دژ بە لێدانی عێراق بووبێت, تەقە راوەستانەكەی بەرەی كوردستانیش لە ژێر كاریگەری ئێرانییەكاندا بووبێت , ئەوان ترسابووبێتن لە لێدانی عێراق و هاتنی ئەمەریكا, ئەمەیان بە تەڵە بۆخۆیان زانیبێت, بۆیە نەیان هێشتووە بەیاننامەش دەربكەن, كە دوایی خۆپیشاندان خۆرسكانە لە زووبیچرەوە دەستی پێكرد, ئەوجا هەلەكە دەقۆزننەوەو هانی پارتی و یەكێتی دەدەن بجوڵێن, لە لایەكی دیكەوە وەك مام جەلال ئاماژەی پێ دەددات خوا خوای مفاوەزات بوونە لە گەڵ بەعس, بەڵكە لەو بێهێزییەوە ئێسكێكیان بۆ فڕێ بدات.
سەید كاكە لەم بارەیەوە دەڵێت" یەكێتی خۆی ئامادە كرد, ئەگەر هاوپەیمانان لە عێراق بدات, ئەوانیش لێی دەن, بەڵام ئێران بەوە رازی نەبوو, یەكێتی پاشگەز بووەوە. ".
سەبارەت بەوەی لایەنەكان بەرەی كوردستانی ئامادە نەبوونە بەشداری راپەڕین بكەن, مەلا حەسەن دەڵێ چەندین سەركردەمان وەك ئەبو فاروق, پەخشان زەنگەنە, جەلال دەباغ وە لە عەرەبەكان ئەبو یەسارو سەعدون و چەندینی دیكە لەناو شاردا بوون, لەناو خۆش هیچ كات بێ پێشمەرگەی شیوعی نەبووە, وە ئەوان لە 6ی مانگ یەكەم خۆپیشاندانیان لە هەولێر رێك خست, كچەكەی مەلا حەسەن لە پێش جەماوەرەوە دروشمی داوە لە بەردەم پاركی شار لە جەرگەی هەولێر.
گفتوگۆی ئەگەرەكان و نەخشەی راپەڕین
هەموو گفتوگۆو بەرنامەی راپەڕین, خوێندنەوەی ئەگەر بووە, هەموو لایەنەكان بە كۆمۆنیستەكانیشەوە كە لەو كاتە لەناو شاردا كاریگەر بوون و جەماوەریان هەبوو لە راپەڕین و دوای راپەڕین لە راماڵینی بەعس لە شاری هەولێر لە 17-7-1991 رۆڵی گرنگیان هەبوو, لە كەڵەكەوە تا سلێمانی و هەولێر بەشداری چالاكانەی راپەڕینیان كرد, هەمووی لە ئەگەری نێوان لێدان و لێ نەدان, روخان و نە ڕوخان بووە, لە لێدان چی بكرێت لە لێ نەدان چی بكرێت, دیارە لە كاتی لێ نەدان بێدەنگی كردنەو هەستانە بە مایەی خۆ, با بزانین گفتوگۆی ئەگەرەكان چی بووە؟.
مام جەلال لە دیداری تەمەندا دەڵێت" من رام وابوو لە عێراق دەدرێ, برادەران رایان وابو, لیێ نادرێ ئەوە گاڵتەیە سەدام لە كوەیت دەكشێتەوە, ..... لە ناو برادەراندا تەنها كۆسرەت پشتگیری راكەی منی دەكرد. برادەرانی تر رایان وابوو لێی نادرێ و خۆمان تووشی ئەو بەڵایە نەكەین و عێراق لێمان دەتۆرێ . ...ئەو كاتە هەستی گفتوگۆ كردن هەبوو لەگەڵ بەعس".
نەوشیروان مستەفا لەبارەی ئەگەرەكانەوە دەڵێت"ئەو كاتەی عێراق پەلاماری كوێتی دا، وەكو باسم كرد ئێمە بارەگاكانمان لە قاسمەڕەش و زەڵێ بو. زنجیرەیەك كۆبونەوەمان بە ئەندامانی سەركردایەتی، بە فەرماندەكانی پێشمەرگە، بە كادرە پێشكەوتوەكانی یەكێتی، كرد بۆ ئەوەی چی بكەین و چی نەكەین، یان هەڵوێستمان چی بێت. لەو زنجیرە كۆبونەوانە ژمارەیەك ئەگەرمان دانا. ئەگەر بەو مانایەی عێراق ڕۆشتوە و كوێتی داگیر كردوە، ئەگەر لە كوێت كشایەوە، ئێمە هەڵوێستمان چۆن بێ. ئەگەرێكی تر ئەوە بو، ئەگەر عێراق مایەوە و لە كوێت نەكشایەوە و لێی نەدرا. یەعنی ئەگەر عێراق توانی كوێت بكات بە بەشێك لە قەڵەمڕەوی خۆی، ئێمە هەڵوێستمان چۆن بێز".
لێ فەرەیدون عەبدوالقادر خۆی و حەمە تۆفیق بە ئەندازیای نووسینی ئەگەرەكانی ینك دەزانێت دەڵێت"كاك نەوشیروان داوای لە من و كاك حەمە تۆفیق كرد، بەرنامەی ئەگەرەكان بنووسین، حیسابی هەموو ئەگەرەكان بكەین!.
وەلێ رێباز كە لە یاداشتەكانیدا زۆر راستگۆیانەیە باسی ترسی خۆیان دەكات لە جولە كردن"لە ڕاستیدا ئێمە تەواوی ئاگاییمان لە چارەنووس ڕاپەڕینەكەی ناوەڕاست وجنووب نەبوو، چونكە ئەوان هیچ پرس یان تەنسیقكیان لەگەڵ ئێمە نەبوو، بۆیە مەترسی ئەوەمان هەبوو ڕاپەڕینی ئەوێ تێكبشكێ و ئێمەش ئەگەر جوولەمان كرد ڕق و كینەی هەمووان بڕژێنێتە سەر گەلی كوردستانی بێ دیفاع، بۆیی وەك كارێكی سەرەتایی بڕیاردرا شانەی چەكداریی بۆ كاتی پێویست چەكدار بكرێن...".
سەركەوتی جیهاز كە عەدەد جیهازی نەوشیروان مستەفا بووە لەو رۆژانەدا دەڵێت"داگیركردنی كوەیت لە 2 ی ئابی ساڵی 1990، لە لایەن سەدام حسین ەوە، دەرفەتێكی زێڕین بو بۆ كورد و هێزەكانی تا تۆڵەی خۆیان لەبەعس بكەنەوە. سیاسەتی سەركردایەتی یەكیتی نیشتمانی كوردستان لەو كات و ساتەدا ئەوە بو، كە هیچ بەیاننامەو تەسریح و هاشوهوشێك نەكرێ نە بە ئیدانەكردن، نە بەپشتگیریكردن، بەڵكە خۆمان بێ دەنگ بكەین و ئێستا ئیتر كاتی فەرمان و كردارو خۆئامادەكردنە بۆ ئەگەرەكان. ئەگەر سەدام لەژێر زەختی دەولی دا كشایەوە، ئەگەر نە كشایەوەو لێی درا.".
كۆبونەوە چوار قۆڵییەكانی قەرارگای نەسر لە گەڵ مەجلس ئەعلای ئیسلامی عێراق و یەكێتی و پارتی هەموو گفتوگۆكانیان لە مانگی ئابەوە تا كاتژمێرەكانی پێش راپەڕین لە یاداشتەكاندا بخوێنیتەوە هەمووی لە نێوان ئەگەری لێدان و لێ نەدان خولاوەتەوە, ئامادەكاری بوو بۆ ئەگەرەكان, پلانەكانیان پلانی حازر خۆری بووە, ئەوەشی روویدا سواری ملی راپەڕینی خۆڕسكی خەڵكی عێراق و كوردستان بوون, جەماوەر لە ئەوان شۆڕشگێڕتر بوون.
ئەگەرەكەی حازم كوتك
حازم كوتك لە بنەماڵەیەكی جوتیاری فول دژ بە ئاغایی دەشتی هەولێر چاوی بە دنیا هەڵهێناوە, شۆرشگێڕییان فولە بە بنەماڵەوە, كاتێك لە ئێران خەریكی شۆفێری دەبێت وەك زۆربەی پێشمەرگەكانی دیكە, لە خۆشی داگیركردنی كوەیت كە بە گەورەترین كەرایەتی سەدام دەزانێت لە یەكەم چركەوە, كە هەواڵەكەی دەبیستێت "حازم كوتك دوو نەفەری هەبووە بیانبات بۆ سەردەشت، لە خۆشی ئەو هەواڵە نایانبات، گوایە بزن نانی شوانی خواردووەو سەدام دەڕوخێت و دەگەڕێتەوە بۆ تاقیبی هەواڵەكە, شار بە شار دەگەڕێت بەدوای خوێندنەوە بۆ ئەگەرەكان".
حازم ڕۆژی لێدانی عێراق ماشینەكەی لێ دەبێتە بەڵاو دەیداتەوە بەوەی لێی كڕیوە بە زەرەر, چونكە لای مسۆگەرە ئەم كەرایەتییەی سەدام سەری دەخوات.
گەڕانەوە دوای ئازادی هەولێر
لە كاتێكدا هەزاران ژن و پیاوی وەك خەجە باوە لە هەولێر لە پێشەوەی خەلچكدا بوون ئەوێ رۆژێ, دوای مسۆگەر بوون لە ئازادكردنی شاری هەولێر, ئەوجا مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا, بێ ئاگاداركردنەوەی لایەنەكانی دیكەی بەرەی كوردستانی, بە بێ دەنگی بڕیاری هاتنە ناوەوەی باشووری كردستان دەدەن و لە سنوور دەپەرشێنەوە, لایەنەكان دی لە گەڵ خۆیانا ناهێنن.
مەسعود بارزانی دەڵێت" لە 11ی ئاداری 1991-دا، لە قاسمە ڕەشەوە بە ڕێكەوتین و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بە پێ ڕۆیشتین، سەیارەكان لە نزیك سونێ چاوەڕوانمان بوون، لەوێوە بەرەو ڕانیە ڕۆیشتین.". بە قسەی سەید كاك بێت" كاك مەسعود و كاك نەوشیروان بە ئۆتۆمۆبیلەكەی سەید كاكە, دەگەنە ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی بەدوایانا ناردرابوو. لە هاتنەوەشیان لە بری ئەوەی یەكسەر بگەنە هەولێر, لە بێتواتە و سەرچیا میوانی دوو ئاغای موستەشار دەبن.
ئەگەر راپەڕین لە كوردستان وەك باشووری عێراق سەركوت بكرابایا بێ دەستكەوتەكانی كۆڕەو, وەك هەڵەبجەو ئەنفال پاَەوان و نەخشە داڕێژەرو ئەندازیاری نابوو, بگرە ئەندازیارەكەشی وەك تاوەنەكانی هەڵەبجەو ئەنفال و حاجی ئۆمەران كە هەیان بوو خۆیان دەشاردەوە, وەك ئەو تاوانانە هەتیو و بێكەس سەری دەنایەوە, كەس نەك باسی ئەندازیاری ناكرد, بگرە بەڵگەنامەی قولابیشیان بۆ پاكانە كردن لێی دروست دەكرد.
تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی بڵاو كراوە نییە هیچ هێزێكی كوردی پێش ئەو مێژووە" راپەڕینی بەسرە1-3-1991 "بانگەوازی بۆ راپەڕین كردبێت, ئەوەی هەبووە جوڵەو پەیوەندیكردن و خۆ رێكخستنەوە بووە بە بێ دەنگی, بگرە چاویان لە مفاوەزات و رێكەوتنیش بووە, لەو بێ ئومێدییەی تێی كەوتبون وەك خۆیان وتویانە جورئەتمان نییە وەك م م بڵێین ئاش بەتاڵە., دەشێت دوای گرتنی كوەیت وەك خوێن جمانی بهارانە ئومێدێكیان پەیدا كردبێت لایەكیان لێ بكرێتەوە,
منداڵێكیش بەو كەم هۆشیەی خۆیەوە بایی ئەوە ژیری هەبوو, دوایی حەڤدەی جەنیوەری 1991 كە دەست بە لێدانی عێراق كرا ئەگەرێك بۆ روخانی رژێم لە ناو كۆمەڵێك ئەگەری دی دابنێ.
هەموو كەس لە تاریك و روونی شەبەقی بەیانی پێنج شەممەی رێكەوتی 17-1-1991ەوە دەیزانی سەدام لە شكستە, چاوەكان دوكەڵ و ئاگری فرۆكەكانی هاوپەیمانانی دەبینی, گوێیەكانیش گوێ بیستی تەقینەوەكان بوون, لەبان خانووەكانەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدرا.
بە بڕوای ئێوە راپەڕینێك دوای ئەم هەموو روداوە گەرم و شكستە مەزنەی سەدام هاتبێت, دەشێت ئەندازیاری هەبێت؟؟, وە ئەندازیارەكەشی بۆ خۆیان فیشەكێكیان نەتەقاندبێت؟؟ ئازیزێكیان خوێن لە لوتی نەهاتبێت؟؟؟؟؟, لەناو رداوەكان نەبووبێتن؟.
كۆڕەو سەركەوت
راپەڕین تەنها دوو ساڵ و نیو دوای هەردوو تاوانی هەڵەبجەو ئەنفال ئەنجامدرا, هێشتا شوێن بزر بوونی ئەنفالكراوان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە زەینی خەڵكدا مابوو, هێشتا دوكەڵی كیمیاوی و تەپ و تۆزی روخانی گوندەكان و كوشتنی خەڵك لە بەرچاوان بوو, هێشتا خەڵك بە دوای چارەنووسی ئەنفالكراوانەوە بوون بە زیندویی, هێشتا ترس و لەرزی فڕێ دانە خوارەوەی هاووڵاتیان لە كۆپتەرەوە لە زەین و هۆشیاندا بوو, هاوكات دژە سەركوتكردنی راپەڕین لە باشووری عێراق. حوسێنی زیندوو" حوسێن كامل" گولەی تانكەكەی كە نای بە حوسێنی مردوەوە, نیشانەی دەست نەپاراستن بوو. كوژرانی 5000 بەعسی لە راپەڕین بە كوشتنی 100 هەزار لە هاووڵاتیانی باشوور وەڵام درایەوە, ئەم دوو وێنە تراژیدیایە ئێستا و 88 خەڵكیان هاندا كۆڕەو بكەن. لە سەرەتادا هێزەكانی بەرەی كوردستانی لە ناو شاری هەولێر رێگری توندیان لە خەڵك كرد شار بەجێ بهێڵن, ئێمە تا بەرە بەیان بە ئۆتۆمۆبیلی پڕ لە ژن و منداڵی جل وبەرگ رەشەوە, هەموو لە پرسەی شەهیدو ئەنفالدا بووین, رێگایان نەدا لە شار دەرچینە دەرەوە, وەلێ كە گولەی تۆپەكان گەیشتە دەوروبەری هەولێرو رێگركەران هەڵاتن, ئیتر وەك روبار جەماوەر رێگای خۆی كردەوە, لێرەشدا خوێنی ئەو خەڵكەی لەو رۆژەدا بووونە قوربانی لە ئەستۆی چەكدارەكانی بەرەی كوردستانییە ئەوانەی كە رێگرییان كرد.
خەڵك بە بەجێ هێشتنی ماڵ و شار, ئەو داستانەیان خولقاند كە لە مێژوودا ناوی نرا كۆڕەو, دوای تەنها چوار رۆژ, داستانی برسی و سەرما بردووەكان چووە سەر مێزی نەتەوە یەكگرتووەكان.5ی ئەپرێل بڕیارێكی هەشت خاڵی بەناوی بڕیاری 688 لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوو بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل, بەمەش كۆڕەو بووە هۆكاری گۆڕانكاری بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلی كورددا لە باشووری كوردستان. هەڵەبجە و ئەنفال لە كاتی خۆیدا نەیانتوانی كاریگەری دابنێن, بەڵام كۆڕەو كە روحی نەمردووی هەڵەبجەو ئەنفال و كاردانەوەی ئەو دوو تراژیدیایە بوو, جیهانی هێنایە دەنگ=.
راپەڕین ئەنجامی نەبوو, وەلێ شكستی راپەڕین بووە سەركەوتن. دوو هۆكاری دواتر هاتنە پێشەوە شەڕی كۆڕێ و بە رادەی كەمتر ئەزمڕ و راپەڕینەكانی مانگی تەموزی هەمان ساڵی ناو شارەكان, وە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە سەرقەڵاو گەرمیان, هەموو ئەمانە سەركەوتنەكانی كۆڕەویان جێگیرترو بەرفراوانتر كرد.
كەواتە لە راستیدا هەر ئێمەی جەماوەر ئەندازیاری راپەڕین بوبێتین, ئەوا بێشك ئەندازیاری كۆڕەوی ملیۆنی و راپەڕینی تەموزی ناو شارەكان بووین, ئەم واقعەی دروست بووە بەری رەنج و تێكۆشای هەموومانە, نەك بەشداربووانی كۆبونەوەكانی فەیلەقی نەسر لە كرماشان و بە دەست لێدان بۆ هاوكاری پاشكۆكانی ئێران لە باشوور جوڵەیان كرد.
هەموو روداوەكان ئەوە دەرەخەن, دەستپێكی راپەڕین لە عێراق و كوردستان خۆرسكی بووەو ئەنجامی رق لە شكست و سەركوت, نەك ئەنجامی نەخشەو پلانەكانی كۆبونەوەكانی كرماشان و رێنوێنییەكانی فەیلەقی نەسر.
لێرەدایە رەو كردن و راكردن بەسەر پەلامارو هێرشدا سەردەكەوێت, بیچ چەك بەسەر چەكداریدا, ژن و منداڵ بەسەر سمێڵ و باسكی بەهێزدا, ئەمە مێژوویەكی نوێیە لە جیهانی نوێدا.
سەرچاوەكان:
الانتفاچە الشعبانیە - ویكی شیعە
https://www.albasrah.net/ar_articles_2023/0823/safwat_140823.htm
https://www.facebook.com/watch/?v=1069997837562544
https://www.youtube.com/watch?v=lQTtedTyLyg
https://www.youtube.com/watch?v=kKcZqzChj28
https://merip.org/1992/05/why-the-uprisings-failed/
https://elaph.com/Web/Opinion/2018/07/1214054.html
https://www.historyofkurd.com/2016/03/16/%D8%B1%D8%A7%D9%BE%DB%95%DA%95%DB%8C%D9%86-%D9%88-%DA%86%DB%95%D9%86%D8%AF-%D8%B1%D8%A7%D8%B3%D8%AA%DB%8C%DB%95%DA%A9%DB%8C-%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%DB%8C%DB%8C-%D8%A8%DB%95%DA%B5%DA%AF%DB%95%D9%88/
حەفتاو ساڵ ژیان ... پەنجاو نۆ ساڵ تێكۆشان ( بیرەوەریەكانی خەباتی مەلا حەسەن) فەتاح تۆفیق فەتاح چاپی یەكەم 2008 - چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیری هەولێر
هەڵۆ سوورەكانی قەندیل فەرەیدون عەبدوالقادر 2020 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كرد بەرگی چوار, بەرگی پێنجەم چاپی یەكەم حوزەیرانی 2022
مام جەلال دیاری تەمەن ئامادە كردنی سەلاح رەشید- بەشی دوەم -چاپی یەكەم 2017 چاپخانەی كارۆ
قەندیل بەغدای هەژاند..بەشی سێیەم نووسینی ڕێباز چاپی دووەم 2011
57ساڵ خولانەوە لە ژێر وەهمی شۆڕشدا حازمی عەلی كوتك- دەزگای فێربون 2020
بیرەوەری پێشمەرگەیەك سەید كاكە چاپی چوارەم, 2020-
https://www.peyserpress.com/detail/8505
https://www.wtarikurd.info/2017/03/01/%D8%AF%D8%A7%D9%86%D8%A7-%D8%AD%DB%95%D9%85%DB%95%D8%B9%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B2-%D8%A8%DB%86-%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88%D8%8C-%D9%86%DB%95%D9%88%D8%B4%DB%8C%D8%B1%D9%88%D8%A7%D9%86-%D9%85%D8%B3/
