Draw Media

نرخى تەزووى کارەبا بەپێى رێنمایى وەزارەتى کارەبا

نرخى تەزووى کارەبا بەپێى رێنمایى وەزارەتى کارەبا

2025-03-08 09:48:32


درەو:

سەبارەت بە زیادكردنی نرخی كارەبا و پرۆژەی روناكی عەبدولقادر ساڵح شارەزایی یاسایی دەڵێت: هەر زیادکردنێکى لە نرخى تەزووى کارەبادا بکرێت پێچەوانەى خودى ئەو رێنماییە کە لەلایەن وەزارەتى کارەباوە دەرکراوەو نرخى تەزووى کارەباى دیاریکردووە،  دەرکردن یان هەموارکردنەوەى رێنمایی کە یاساکاریی لاوەکییە(تشریع فرعی). پێویستە حکومەت لە دۆخى ئاسایى خۆیدا ئەنجامی بدات نەك كاربەڕێكەر بێت.

نرخى تەزووى کارەبا بەپێى رێنمایى وەزارەتى کارەبا

عەبدولقادر ساڵح شارەزای یاسایی:
.
ماوەیەکە بە گەرمى دەنگۆى زیادکردنى نرخى تەزووى کارەباى ماڵان بووەتە باس و خواسى سۆشیال میدیا و دەزگا میدیاییەکان، هەرچەند وەزارەتى کارەبا  لەم بارەیەوە هیچ راگەیاندنى نووسراو یان روونکردنەوەیەکى بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام بەگوێرەى ئەو پسولانەى بڵاوکراونەتەوە لە سۆشیال میدیا دەردەکەوێت نرخى تەزووى کارەبا گۆڕانکارى گەورەى بەسەردا هاتووە بەبڕى چەندان قات زیادکراوە، ئەگەر بێتوو ئەو نرخانە راستەقینە و دروست بن ئەوا بەبرواى ئێمە ئەم هەنگاوە بەر لە هەر شتێک سەرپێچى رێنماییەکانى خودى وەزارەتى کارەبایە. چونکە لەرووى یاساییەوە پێدانى تەزووى کارەبا بە هاوبەشى ماڵان و هەموو شوێنەکانى دیکە و نرخەکەیشی بەپێى رێنمایى ژمارە (٢)ى ساڵى ٢٠٢١ى وەزارەتى کارەبا رێکخراوە کە لە رۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (٢٧٤)ى رێکەوتى ٢٤/ ١١/ ٢٠٢١بڵاوکراوەتەوە و لەم رێنماییەدا نرخى کارەبا بە ماڵان  بەپێى کیلۆ وات لەخشتەى ژمارە(٥) دا دیاریکراوە  نرخى هەر کیلۆ وات کارەبایەک لە (١٨) دینارەوە دەستپێدەکات و بەشێوەی (تصاعدى) زیاد دەکات ئەمەش بەپێى رێژەى بەکارهێنانى تەزووى کارەبا، ئەم رێنماییە یەکجار هەموار کراوەتەوە و لەو هەموارەدا کە لە رۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (٣٠٦)ى رێکەوتى ١٤/ ٦/ ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە نرخى یەک کیلۆ وات کارەباى کۆمەڵگەکانى  نیشتەجێبوونى بە (١٥٦) دینار دیاریکردووە .
بێگومان هەر زیادکردنێکى لە نرخى تەزووى کارەبادا بکرێت پێچەوانەى خودى ئەو رێنماییە کە لەلایەن وەزارەتى کارەباوە دەرکراوەو نرخى تەزووى کارەباى دیاریکردووە، هەروەک دەبێت  رەچاوى ئەوەش بکرێت بەگوێرەى فەتواى راوێژکارى ئەنجومەنى شوراى هەرێم بە ژمارە (٣٤/ ٢٠١٣) لەرێکەوتى ٢٩/ ١٠ /٢٠١٣ لە کاتى ئیستادا حکومەتى هەرێم حکومەتى کاربەرێکەرە چونکە بەپێى فەتواکە حکومەت بە دەستلەکارکێشراوە (مستقیل) دادەنرێت و دەبێتە حکومەتى کاربەرێکەر(تصریف الاعمال) لەسەرەتاى دەستپێکردنى خولی نوێى پەرلەمانەوە تا کاتى پێکهێنانى حکومەتى نوێ ، بۆیە هەر زیادکردنێک لە نرخى تەزووى کارەبا لەرێگەى دەرکردنى رێنماییەوە بکرێت لەکەدار دەبێت ( معیب) چونکە دەرکردن یان هەموارکردنەوەى رێنمایی کە یاساکاریی لاوەکییە(تشریع فرعی).  پێویستە حکومەت لە دۆخى ئاسایى خۆیدا ئەنجامی بدات،  هەروەک هەمان ئەم بۆچوونەش لەسەر هەموارى یەکەمى رێنماییەکە جێبەجێ دەبێت کاتێک نرخى تەزووى کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوونى زیادکردووە لە ساڵى ٢٠٢٣، چونکە ئەو هەموارە  لە بارودۆخێکدا دەرچووە کە حکومەت چووەتە قۆناغى کاربەرێکردنەوە .

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand