دایكی بن لادن: كوڕەكەم كەسێكی شەرمن بوو
2018-08-04 21:30:24
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: نامیق رەسوڵ
عەلیا غانم دایكی ئوسامە بن لادن سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە كە هێزەكانی ئەمریكا ئایاری 2011 لە پاكستان كوشتیان، لە یەكەمین لێدوانیدا بۆ راگەیاندن، دەڵێت ژیانی بن لادن زۆر قورس بووە ، لەبەرئەوەی زۆر دووربووە لێی.
دوای وەرگرتنی رەزامەندی دەزگا ئەمنییەكانی سعودیە رۆژنامەی " گاردیان"ی بەریتانیی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دایك و برایەكی ئوسامە بن لادندا كردووە و عالیە غانمی دایكی ئوسامە بن لادن لەو چاوپێكەوتنەدا دەڵێت:" كوڕەكەم زۆر باش بوو بۆ خانەوادەكەی و منی زۆر خۆشدەویست".
رۆژنامەی گاردیان دەڵێت:" خێزانی بن لادن بۆ چەند ساڵێكی دوورودرێژە رەتیدەكەنەوە كە دەربارەی ئوسامە بدوێن، بە تایبەتیش ئەوان متمانەیان بەوە نیە كە چی روودەدات دوای كردنەوەی دەروازەی یادەوەرییەكان و چوونە ناو وردەكاریی رابردوویەكەوە كە بۆ چەند لایەنێكی زۆر مایەی هەستیارییە و دوای چەند رۆژێك داواكاری, خێزانەكەی بن لادن ئامادەدەبن بۆ قسەكردن بۆ رۆژنامەنوسێكی گاردیان و وەرگێڕێك و ئەوان حوەزیرانی رابردوو لە یەكێك لە بنكە ئەمنییەكانی سعودیە چاویان پێان كەوتووە و دواتر سەردانی ماڵی خێزانی بن لادنیان لە شاری جدە كردووە و چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كردوون.
گاردیان دەڵێت عەلیا غانم ئێستا دەستكراوەیە بۆ قسەكردن، بە تێڕوانینێكی تەواو پێچەوانەی هەموو جیهانەوە باس لە كوڕە خۆشەویستەكەی " ئوسامە" دەكات كە لەسەر رێبازی دروستی ژیانی رێی لێ تێكچووە.
رۆژنامەكە ئاماژەبۆئەوەشدەكات كە" هەر تاكێكی خێزانەكە چیرۆكی تایبەتی خۆی دەربارەی ئوسامە بن لادن هەیە، ئەو پیاوەی كە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ توندوتیژی و تیرۆری نێودەوڵەتییدا هەبوو".
ئوسامە بن لادن دووەم كەس لای راستەوە لە گەشتێكی خێزانیدا بۆ سوید
" كەسێكی شەرمن بوو"
سەرەتا رۆژنامەی گاردیان كەشی چاوپێكەوتن لەگەڵ دایكی بن لادن بەمشێوەیە وەسفدەكات:" بۆ یەكەمجار وێنەكەیم لە سەر شوشەی ئەو گەنجینە كلاسیكییە بینی كە لە قوژبنی ژوورێكی بەرفراواندا دانرابوو كە تێیدا پێشوازی لێكردم، پۆشاكێكی رەنگاورەنگی ناوازەی پۆشیوەو یە ویقارەوە و بە شێوازی كلاسیكی عەرەبی دانیشتووە ولە تەنیشیتیدا وێنەیەكی لەچوارچێوەگیراوی كوڕە گەورەكەی ئوسامەی داناوە كە لە تەمەنی گەنجێتیدایە و ریشێكی كورتی هەیە و جلی سەربازی لەبەردایە و سەرقاڵی تۆماركردنی شتێكە كە هەموو بایەخی خۆی پێداوە".
لە چاوپێكەوتنەكەدا چاوەكان زیاتر لەسەر " عەلیا غانم" بوون, دایكی سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە ئوسامە بن لادن، لە نزیكشیەوە هەردوو كوڕەكەی ئەحمەد و حەسەن لە تەنیشتی هاوسەری دووەمی عەلیاوە " محەمەد عەتاس" دانیشتبوون، ئەو پیاوەی كە پەروەردەكردنی هەر سێ كوڕەكەی عەلیای لە ئەستۆگرتووە.
خێزانەكەی بن لادن لە شاری جدەی سەر كەناری دەریا لە خۆرئاوای سعودیە لە كۆشكێكی گرانبەهادا دەژین، ئەو شارەی كە بۆ چەند نەوەیە نیشتمانی خێزانی بن لادنە، و خێزانەكە ئێستاش یەكێكە لە خێزانە هەر دەوڵەمەندەكانی سعودیە.
عەلیا غانم بیردەكاتەوە دەڵێت:" ئوسامە منداڵێكی شەرمن و سەركەوتوو بوو لە خوێندندا، لە بیستەكانی تەمەنیدا نیشانەكانی كەسایەتییەكی بەهێز تێیدا دەركەوتن، كاتێك خوێندكار بوو لە زانكۆی شا عەبدولعەزیز لە جدە".
دایكی ئوسامە لۆمەی هاوڕێكانی زانكۆی دەكات و دەڵێت:" بەهۆی ئەوانەوە بووە پیاوێكی جیاواز لەوەی دەمانویست و خەونمان پێوە دەبینی".
یەكێك لە هاوڕێكانی ئوسامە لەوماوەیەدا وەك دایكی دەڵێت " عەبدوڵا عەزام" یەكێك لە ئەندامانی رێكخراوی ئیخوان موسلمین بووە, كە دەسەڵاتدارانی سعودیە نەفیان كرد و دواتر بووە یەكێك لە راوێژكارانی سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە.
عەلیا غانم لەو بارەیەوە دەڵێت:" چاوی بە چەند كەسێك كەوت, كاریان كرد لەسەر شۆردنی مێشكی كاتێك ئەو لە تەمەنی 20 ساڵیدا بوو، پارەی زۆریان لێوەرگرت بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانیان".
جەختیشدەكاتەوە كە داوای لە ئوسامەی كوڕی كردووە لەو كەسانە دووربكەوێتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا هەرگیز قسەی لەبارەی ئەوەوە لەگەڵدا نەكردووە كە چی دەكات، پاساوی ئەوەشی ئەوەیە كە زۆری خۆشویستووە و نەیویستووە كوڕەكەی توشی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی بكات.
" ئوسامەی موجاهید و خۆشەویستی سعودیە"
سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو ئوسامە بۆ شەڕكردن دژی داگیركاری سۆڤیەت كۆچدەكات بۆ ئەفغانستان، حەسەنی دایك برای ئوسامە دەڵێت:" هەركەسێك لەو ماوەیەدا چاوی پێكەوتبێت رێزی لێ گرتووە".
حەسەن ئاماژەبەوەشدەدات كە سەرەتا خێزانەكەیان زۆر شانازیان بە ئوسامەوە كردووە، هەتا دەسەڵاتدارانی سعودیە لەو كاتەدا هاوكاریان كردووە و بەچاوی رێزەوە تەماشایان كردووە و بەوەش لە قۆناغێكدا لە راگەیاندنی ناوخۆدا بووەتە " ئوسامەی موجاهید".
حەسەن دەشڵێت:" من شانازی پێوەدەكەم، چونكە برای گەورەم بووە هەموو شتێكی فێركردووم، بەڵی هەموو شتێكی فێركردووم، بەڵام باوەڕم نیە كە شانازی بەو پیاوەوە بكەم كە دواتر تێیدا بەرجەستەبوو".
دایكی ئوسامە " عەلیا غانم" زیاتر دەربارەی قۆناغی مێردمنداڵی و گەنجی بۆ " گاردیان" دەدوێت و دەڵێت كە گەنجێكی ژیر و سەركەوتوو بوو لە خوێندنەكەیدا و زۆر خۆشەویست بوو لەلای و بەشێكی زۆری پارەكانی لە ئەفغانستان خەرجكرد و بە نهێنی و لەژێر پەردەی كاری بازرگانی تایبەت بە خێزانەكەدا دەچووە ئەفغانستان.
عەلیا غانم جەختدەكاتەوە, بۆ ساتێكیش گومانی نەبووە كە كوڕەكەی دەبێتە توندڕەو لە روانگەی جیهانەوە و كاتێك لە كۆتاییدا بە كارەكەی زانیوە زۆر توڕە و بێزار بووە و دەڵێت:" ئارەزووم نەدەكرد هەموو ئەوە رووبدات، زۆر پرسیارم كرد دەربارەی ئەو هۆكارانەی كە پاڵیان پێوەنا بەو شێوازە دەستبەرداری هەموو ئەو شتانە بێت كە تیایدا چاندبوومان".
ساڵی 1999 دواجارە كە عەلیای دایك بە ئاشكرا كوڕەكەی دەبینیێت و ئەو دیدارەش لە ئەفغانستان دەبێت، لەو ساڵەدا دووجار سەردانی دەكەن لە سەربازگەكەیدا لە دەرەوەی شاری قەندەهار.
عەلیا بەبیری دێتەوە كە ئەو شوێنەی ئوسامەی كوڕی لێ بینیوە، نزیكبووە لە فڕۆكەخانەیەك كە ئوسامە توانیویەتی كۆنترۆڵی بكات و لە چنگی هێزەكانی سۆڤیەتی دەربهێنێت و دەڵێت:" زۆر دڵخۆش بوو بە بینینمان، شوێنەكەی نیشاندەداین، ئاژەڵێكی راوكرد و سەری بڕی و لەسەر شەرەفی من خوانێكی گەورەی ئامادەكرد و هەموانی بانگهێشتكرد".
لەگەڵ بەردەوامی زیاتری چاوپێكەوتنەكە بە گوێرەی " گاردیان" دایكی ئوسامە هەستی بە خۆشی زیاتر كردووە و دەستیكردووە بە قسەكردن لەسەر منداڵیی خۆی لە شاری لازقیەی سەر كەناری دەریا لە سوریا كە لەوێ و لە نێو خێزانێكی سەر بە تایەفەی عەلەویدا گەورە بووە.
لە ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی رابردوودا عەلیا غانم دەچێتە سعودیە و ساڵی 1957 لە ریاز ئوسامە بن لادنی دەبێت، پاشان و دوای سێ ساڵ لە باوكی ئوسامە جیادەبێتەوە هاوسەرگیری لەگەڵ " محەمەد عەتاس" دەكات، كە لێپرسراوی بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆریەتی دارایی خێزانی بن لادن بوو لە سەرەتای شەستەكاندا و دواتر باوكی ئوسامە لانی كەم 11 جاری تر هاوسەرگیری دەكات و 54 منداڵ دەخاتەوە، ئەوەش بە وتەی عەلیا غانم.
" كاتێك بە چاوی دایك دەیبینیت"
كاتێك عەلیا غانم بۆ وەرگرتنی ماوەیەك پشوو چووە ژوورێكی تر, حەسەنی دایك برای ئوسامە قسەكانی تەواوكرد، وتی:" گرنگ ئەوەیە كە ئەوەمان لە بیربێت كە دایك بەدەگمەن شایەدحاڵێكی بابەتییانە دەبێت كاتێك كارە بە پەیوەندی بە كوڕەكەیەوە هەبێت".
هەروەها وتیشی:" نزیكەی 17 ساڵ بەسەر رووداوەكانی 11 سێپتێمبەردا تێپەڕی، بەڵام ئەو هێشتا نكوڵی لەوەدەكات كە ئوسامە پەیوەندی پێیەوە هەبێت، زۆری خۆشدەویست و رەتیدەكاتەوە لۆمەی بكات".
حەسەن باس لەوەشدەكات كە دایكی هەمیشە لۆمەی ئەو كەسانە دەكات كە لە چواردەوری ئوسامە بوون، بە تایبەتی كە ئەو جگە لە دیوە باشەكەی كوڕە خۆشەویستەكەی هیچی تر نازانێت، ئەو دیوەی نابینێت كە هەمووان بینیویانە و هەرگیز ئوسامەی جیهادیی نەناسی.
دوای رووداوەكانی 11ی سێپتێمبەر حەسەن هەستی بە ترسێكی تۆقێنەر كردووە و دەڵێت:" لە سەرەتادا زانیمان كە ئوسامە دەستێكی لە كارەكەدا هەیە و لە ماوەی 48 كاتژمێردا دوای رووداوە تۆقێنەرەكە، هەموومان هەستمان بە شەرمەزاریی كرد لەوەی كردوویەتی، هەموومان دركمان بەوەكرد كە رووبەڕووی كێشەی گەورە دەبینەوە".
حەسەن روونیشیدەكاتە كە خێزانەكە بە تەواوەتی گەڕانەوە بۆ سعودیە،" ئێمە بڵاوبببوینەوە بە سوریا و لوبنان و میسر و ئەوروپادا، لە سعودیە بڕیارێك دەركرا بۆ قەدەغەكردنی گەشت لە ئەندامانی خێزانەكە، هەوڵی گەورەیاندا كۆنترۆڵی خێزانەكە بكەن و هەموو ئەندامانی خێزانەكە رووبەڕووی بانگهێشتكردن و لێكۆڵینەوە بوونەوە بۆ چەندینجار و دوای تێپەڕینی 20 ساڵ ئێستا خێزانەكە دەتوانێت بە رێژەیەك ئازادانە لە ناوخۆ و دەرەوەی سعودیەدا جموجوڵ بكات.
پاشان دایكی بن لادن كۆتایی بە پشووەكەی هێنا و جارێكی تر دەستیكردەوە بە قسەكردن و رایگەیاند زۆرجار لەگەڵ هاوسەرەكانی كوڕە كۆچكردووەكەیدا قسەدەكات كە لە نزیكی ئەم دەژین.
دەربارەی حەمزەی كوڕە بچوكی ئوسامەش كە تەمەنی 29 ساڵە و لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە وەك تیرۆریستێكی نێودەوڵەتی پۆلێنكراوە و پێشبینیدەكرێت ئێستا لە ئەفغانستان بێت، حەسەنی مامی وتی:" باوەڕم وایە كە هەمووان ئەو توڕەهاتەیان تێپەڕاندووە، بەڵام بۆمان ئاشكرابوو كە حەمزە دەڵێت لەسەر رێچكەی باوكی دەڕوات"، لەبەرئەوە ئەگەر بینیم پێی دەڵێم:" خوا هیدایەتت بدات، زۆر بیربكرەوە پێش ئەوەی هەمان ئەوە بكەیت كە باوكت كردی".