Draw Media

بڕیاری كۆتایی دادگای فیدراڵی لەسەر تەوتینی موچە

بڕیاری كۆتایی دادگای فیدراڵی لەسەر تەوتینی موچە

2025-02-18 13:26:32


(درەو):

" تەوتینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەبێت لەو بانكانە بێت كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە رێگەپێدراون، ئەم كارەش بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق بكرێت، ئازادی بە موچەخۆران بدرێت لە هەڵبژاردنی بانكە ئەهلی و حكومییەكاندا" ئەمە پوختەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە لەسەر ئەو سكاڵاكەی كە سەرۆك كۆمار تۆماریكردبوو. 

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵا یاساییە دەركرد كە لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق لە رۆژی 20ی مانگی رابردوو تۆماریكردبوو، سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار لەدژی هەریەكە لە سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دارایی فیدراڵ تۆماركرابوو، جەوهەری سكاڵاكە خۆی دەبینێتەوە لە چەند خاڵێكی سەرەكی كە ئەمانەن: 
- دادگای فیدراڵی (فەرمانسالاریی) بەپەلە دەربكات بۆ خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام. 
- بابەتە هونەرییەكانی وەكو تەرازووی پێداچوونەوە، وردبینی و چاودێریی، كە رێكاری كارگێڕیی و هونەرین نەبنە هۆكار بۆ دواخستنی موچە. 

- جێبەجێكردنی پرۆسەی تەوتینی موچە بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی كە لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە دەرچووە كە مامەڵەكردن لەگەڵ بانكە حكومی و ئەهلییەكان لەخۆدەگرێت هاوشێوەی ئەو رێوشوێنانەی كە حكومەتی فیدراڵی گرتویەتییە بەر، ئەم كارەش لە هەماهەنگیی نێوان هەرددوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و كوردستان بكرێت و ئازادی ئەوە بە فەرمانبەران بدرێت كام بانكەی بە باشی دەزانن ئەوە هەڵبژێرن بۆ تەوتینكردنی موچەكانیان، بەگوێرەی ئەو سیستەمەی كە لە هەرێم كاری پێدەكرێت. 
- ماددەی 12/ بڕگەی ج لە یاسای بودجەی فیدراڵ، لەلایەن دادگاوە ئەنجومەنی نوێنەران پابەند بكرێت بە هەمواركردنی كە تایبەت بوو بەتێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان، دوای سكاڵاكە پەرلەمان هەموارەكەی پەسەندكرد، بۆیە ئەم خاڵەی سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار هەر ئەوكاتە ئیتر ناكارا كرا.

دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار، لە دوو خاڵدا بڕیاریدا:

یەكەم - جێبەجێكردنی پرۆسەی تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی كە لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە دەرچووە، لەو بانكانەی كە لەلایەن بانكی فیدراڵییەوە مۆڵەتیان پێدراوە، بەگوێرەی ئەو رێوشوێنانەی كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە گیراوەتەبەر، بەو مەرجەی بە هەماهەنگیی بێت لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم، هەروەها ئازادیی بە فەرمانبەران بدرێت لە هەڵبژاردنی ئەو بانكەی كە بۆ ئەو مەبەستە بەباشی دەزانن.

دووەم - داواكارییەكانی تری هاتوو لە سكاڵاكەدا رەتكرایەوە، بەهۆی ئەوەی لە تایبەتمەندیدا نین. 

هاوڕێ تۆفیق بریكاری یاسایی سەرۆك كۆماری عێراق دوای دەرچووونی بڕیارەكە رایگەیاند" دادگا بڕیاریدا. بە دوپاتکردنەوەی بڕیاری پێشووی خۆی و پابەندکردنی تەوتین بەپێی رێنمایی تەوتینی بانکی مەرکەزی لەرێگای وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، فەرمانبەران ئازادن لە هەڵبژادنی بانکی حکومی یان ئەهلی. سەرۆک کۆمار داکۆکیکاری هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم دەبێت بۆ هەمیشە. سەربەرزبووین بە داکۆکۆیکردن لە مافی موچەخۆرانی وڵاتەکەمان".

 
 
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand