Draw Media

هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت یان دوادەخرێت؟ 

هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت یان دوادەخرێت؟ 

2018-08-03 19:13:33


درەو میدیا:

هێزو لایەنەكان و كاندیداكانی هەڵبژاردن تا ئێستاش دوودڵن لەوەی هەڵبژاردن دەكرێت یاخود نا, هەندێك پێیان وایە بارودۆخەكە گونجاو نیەو هەندێكیش ترسیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیەو هەندێكیشیان سورن لەسەر ئەنجامدانی.
ئەوانەی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنن پێیان وایە:.
1-    هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار رانەگەیەنراوە چۆن لایەنەكان و هاوڵاتیانیش ئامادەن بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە.
2-    ئەستەمە بتوانرێت لەماوەی تەنها 7 مانگدا سێ هەڵبژاردن بەرێوە بچێت.
3-    نەبوونی گرنتی كە ئەزمونی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دووبارە نابێتەوە لە رووی ساختەكاریەوە
4-    كێشەی ناوخۆیی و نائامادەیی هەندێك لایەن بۆ هەڵبژاردن.
5-    ترس لە بایكۆتی زۆری هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردن 

ئەو هێزانەشی كە بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەكیان باشە سورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا.


یەكەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان سورە لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت, لەژێر هیچ بیانوویەك كە رەنگە هۆكارەكەی ئەوە بێت بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی لە سودی پارتی بێت و ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاریش لە قازانجی بوو.
ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە: هیچ هۆكارێك نییە بۆ دواخستنەكانی هەڵبژاردنەكان، چونكە ئەم هەڵبژاردنەی بڕیار لەوادەكەی دراوە، هەڵبژاردنێكی پێشوەختە نیە، بەڵكو هەڵبژاردنێكی درەنگوەختەیە، بۆیە پارتی دەیەوێت لەوادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، تەنانەت كێشەشی پێ چارەسە بكرێت".

دووەم/ نەوەی نوێ
ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لەبەرژەوەندی نەوەی نوێ بوو، خراپی بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێم و حزبەكان هەموو لەبەژەوەندی نەوەی نوێیە, بۆیە سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا.
هەروەك لە راگەیەنراوێكدا نەوەی نوێ ئاماژە بەوە دەكات"  هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان ڕەتدەكەینەوەو چونكە ئەو هەوڵە سوكایەتییە بە پڕۆسەی دیموكراسی"
نەوەی نوێ پێشی وایە" ئەم هەوڵە ترسی حزبەكانی دەسەڵاتە لە دۆڕاندنیان، كە پێمان وایە جووت حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدی هاوڕاو هاوكارن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان"

سێیەم/ بزوتنەوەی گۆڕان
ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بەهۆی " ساختەكاریەوە" وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن, لەبەرژەوەندیان نەبوو, بارودۆخی ئەمرۆی كوردستان و دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان, ئەوە دەخەنە روو كە هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی گۆڕان نەبێت, زانیاریەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە هەوڵێكی ژێر بەژێری لایەنەكان هەیە بۆ دواخستنی.
شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە سپی میدیای ڕایگەیاندووە" دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانن" دەشڵێت" دواخستنی هەڵبژاردن بە هەر پاساوێك دژی پرۆسەی دیموكراسییە و ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئەو كارە ڕەتدەكەینەوە".
بەڵام بەهار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆران، بە ئاوێنەی راگەیاندووە “من لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنم، پێشموایە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەنگاوێكی باشە، ئەمە بۆچونی تایبەتی منە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكە، بە هەمو شێوەیەكیش پاڵپشتی لە بریاری دواخستنەكەی دەكەم”.
 لە هەمان كاتدا كاروان ھاشم, ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاوانتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" بزوتنەوەی گۆڕان بەھیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نیە بۆ یەك كاتژمێریش" ئەو كە كاندیدی گۆڕانە بۆ پەرلەمانی كوردستان توندتر دەدوێت " ھەر كەسێك لە ھەر ئاستێكی ناو بزوتنەوەی گۆڕان پێچەوانەی ئەمە قسە بكات تەنھا تەعبیر لە رایی خۆی دەكات و گۆڕان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكات"


چوارەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری
 بە هەمان شێوە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لەبەرژەوەندی هاوپەیمانی نەبوو، بۆیە پێناچێت لەو ماوە كەمەدا ئامادە بێت بۆ هەڵبژاردنێكی دیكە, ئەگەرچی رایدەگەیەنێت لەگەل ئەنجامدانی هەڵبژاردنە بەڵام لە راستیدا ئارەزوو بەدواخستنی هەڵبژاردن دەكات و بە پێی زانیاریەكان سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ بریت مەكگۆرك پرسی دواخستنی هەڵبژاردنیان تاوو توێكردووە.
بەڵام نەوزاد ساڵەح ئەندامی دامەزراوەی هەڵبژاردن‌و ئاماری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری دەڵێت " لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نین بەڵام رەچاوی بارودۆخی كوردستانیش دەكەن بەوەی ناكرێت لەماوەی 3 مانگ 2 جار دەنگدەر بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان ، رەنگە تاقەتی ئەوەی نەمێنێت لەماوەیەكی كەمدا 2 جار بروات بۆ دەنگدان”.


پێنجەم/ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ئاشكرا ئاماژە بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات و هەوڵی بۆ دەدات, رەنگە هۆكارەكەی ئەوە بێت كە دەیەوێت ماف و ئیمتیازەكانی لە بەغداد بچنێتەوەو تەركیز بخاتە سەر بەغداد.
زیانیاریەكانی درەو میدیا ئاماژە بەوە دەكەن كە هەوڵێك هەیە لە نێوان یەكێتی و گۆڕان بۆ ئەوەی فشاربخەنە سەر پارتی و لە پەرلەمانەوە هەڵبژاردن  دوابخەن.
مەلا بەختیار زیاد لەجارێك رایگەیاندووە كە لە كۆبونەوەی رەسمیدا داویان لە پارتی كردووە كە هەڵبژاردن دوابخرێت, ئەویش بەهۆی خراپی بارودۆخی عێراق و رانەگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی عێراقەوە, دەشڵێت بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت ئامادەن. 
دلێر ماوەتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە‌پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە كە  ״لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، كە كۆمیسیۆن ئامادەی بوون، داوایەكم ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد بۆ ئەوەی داوا لە كۆمیسیۆن بكات هەڵبژاردن بۆ مانگێك دوا بخرێت".
هەرچی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیشە ئەنجامی هەڵبژاردن لە سودیا نیە بەڵام بێدەنگن. ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە “بڵاوبونەوەی دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردن‌و ئەنجامنەدانی پرۆسەكە دەگەرێتەوە بۆ كێشەی ناوخۆیی حزبەكانی هەرێم، ئەو حزبانەی دەیانەوێت هەڵبژاردن نەكرێت كێشەی ناوخۆییان زۆرە و ناوێرن بەشداری لە پرۆسەكەدا بكەن”.
لەلایەن خۆشیانەوە لە راگەیەنراوێكدا سەكۆی جەمار كە لە كۆمەڵێك سیاسی و رۆژنامەنوس پێكهاتووە ئاماژە بەوە دەكەن" بەشداری كردنی هێزە ئۆپۆزسۆنەكان لەپرۆسەی هەڵبژاردندا ، لە پاڵپشتی كردنی ئەو دوو هێزەو شەرعیەت دان بە ساختەكاری بەو لاوە ئاكامێكێكی تری لێناكەوێتەوە، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن  دەكەین .ئەگەر لیستی تۆماری دەنگدەران پاك نەكرێتەوە ، لەژئر چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان نەبێت بۆ هەڵبژاردنێكی پاك وپێگەرد، بەشداری ئەم شانۆگەریەی هەڵبژاردن نەكەن"  
لەسەر ئاستی ناوچەكەش هەریەك لە ئەمریكاو ئێران لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا نین و پێیان وایە دەبێت لە ئێستادا تەركیز بخرێتە سەر عێراق و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق.


دواخستنی پەرلەمان لە دەسەڵاتی كێدایە؟
بەپێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی دیاریكردنی هەڵبژاردن لای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە, بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم داوا لە پەرلەمان بكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی.
-    چونكە هەرجۆرە دواخستنێكی هەڵبژاردن ئەگەر بۆ یەك مانگیش بێت دەبێت پەرلەمان تەمەنی یاسایی خۆی درێژبكاتەوە بۆجاری دووەم, چونكە تەمەنی یاسایی خۆی لە 6/11/2018 تەواو دەبێت, لەبەر ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت بۆشایی یاسایی درووست دەبێت بۆیە دەبێت پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە
-    لەرووی یاساییەوە دواخستنی پەرلەمان كێشەی نیە, چونكە هەرێمی كوردستان دەستوری نیە كە وادەی پەرلەمانی دیاری كردبێت هەمو بریارەكان لەرێگەی یاساوە بووەو بۆیە بڕیاری یاسایی بە یاسا هەڵدەوەشێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand