رۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی توركی: دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم
![رۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی توركی: دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم رۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی توركی: دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم](/images/images/2025/4554(1).jpg)
2025-02-13 18:15:48
درەو:
رۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی توركی راپۆرتێكی بە ناونیشانی "هەموارکردنەوەی بودجەی عێراق: سەرەتایەك بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی باکور بۆ تورکیا"بڵاوكردووەتەوەو تیايدا هاتووە:
هەموارکردنەوەی بودجەی عێراق ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا - لە 25ی ئازاری 2023ەوە، ڕۆیشتنی نەوتی عێراق بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بەهۆی کێشەی تێچوونەوە وەستاوە.
بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی ئاسایشی وزەی ئەوروپا: پاڵپشتیکردنی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوت هەنگاوێکی گرنگە بۆ دووبارە ناردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە.
توێژەری ئیتاڵی فرانشیسکۆ ساسی: دووبارە هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.
ئاشكرایە، هەموارکردنەوەی بودجەی عێراق، زەمینەی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی باکوری عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا خۆشکردووە، دوای وەستانی نزیکەی دوو ساڵ بەهۆی ناکۆکی لەسەر تێچوونەکان.
رۆژی (2)ی شوبات، پەرلەمانی عێراق هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی پەسەندکرد، کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکانە لە هەرێمی کوردستان.
پەسەندکردنی پلانی زیادکردنی پارە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن، لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا، لەو چوارچێوەیەدا تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەرێم بە ١٦ دۆلار دیاریکرا.
هەنگاوێكی گرنگ
ئەلبێریک مۆنگرینیەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستپێشخەری ئاسایشی وزەی ئەوروپا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕایگەیاندووە، پێداچونەوەی بەغداد بەو بڕە پارەیەی کە دەبێ بدرێت بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە باکوری وڵات، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دووبارە ناردنەوەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی تورکیەوە.
رونیشیکردووەتەوە، حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باکور هێشتا پێویستە لەسەر هەندێک پرس رێکبکەون. مۆنگرینیەر، داوای لە هەردوو حکومەت کرد راوێژکارێکی سەربەخۆ بۆ هەڵسەنگاندنی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکەدا دەستنیشان بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانی گرژی بکات لە داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم زۆربەی داهاتەکانی لەرێی نەوتەوە بەدەستدەهێنێت، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتیش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشارە ئابورییەکانی هەرێم و سوودی بۆ عێراقیش دەبێت بەگشتی.
دوابەدوای هەموارکردنەوەی بودجەی عێراق، سەرنجەكان چوونە سەر بۆری نەوتی عێراق-تورکیا، کە بەهۆی ناکۆکییەکانی تێچوون لە (25)ی ئازاری (2023) راگیرا.
چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنی کارپێکردنی بۆرییەکە زیاتر بووە، دوای ئەوەی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە(4)ی شوبات رایگەیاند، نەوتی هەرێم رادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەكرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکارە پێویستەکان لەگەڵ تورکیا تەواوکراون بۆ هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان.
باشترکردنی گفتوگۆكان
لای خۆیەوە فرانشیسکۆ ساسی، توێژەر لە بواری جیۆپۆلەتیکی وزە و بازاڕەکان، لە پەیمانگای ئیتاڵی بۆ توێژینەوەی پیشەسازی و وزە، رایگەیاندووە، دەستپێکردنەوەی رۆیشتنی نەوت بۆ تورکیا دەبێتە هۆی باشتركردنی هەلومەرجی گفتوگۆكانی نێوان ئەنكەرە و بەغداد.
ساسی، بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی وتووە، رێککەوتنەکە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە باشترکردنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، لە کاتێکدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ دەکات.
پێشیوایە، سەقامگیرکردنی ئابوری عێراق لەڕێگەی بەڕێوەبردنی کاراتر و شەفافتر لە یەدەگی نەوتی وڵاتەکەیدا هەنگاوێکی گرنگە، لە کاتێکدا نرخی نەوت هەڵبەزودابەزی زۆر دەكات، ئەوەش بەهۆی پیادەكردنی رێوشوێنی خۆپارێزی و شەڕی گومرگی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی جیهان.
سەبارەت بە ئەنجامە چاوەروانکراوەکانیش وتی، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت، هەروەها دەشێت بەشداربێت لە باشترکردنی گفتوگۆی نێوان ئەنكەرە و بەغداد، کە لە ئەنجامی گۆڕانی رژێمی سوریا ئاڵۆزی تێكەوتووە.
ڕۆژی (25)ی ئازاری 2023، دوابەدوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی نێوان ئەنكەرە و بەغداد، ڕۆیشتنی نەوت لە عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا. هەروەها ئەو بومەلەرزەیەی کە لە (٦)ی شوباتی (٢٠٢٣)دا، ناوەندی شاری کەهرامان مەرەشی تورکیا رویدا، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەکارهێنانی ئەو هێڵەش هەبوو.
لە مانگی نیسانی ساڵی (٢٠٢٤)، ئەلپارسلان بایرەکتار، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند، تورکیا بەرپرس نییە لەو کێشانەی کە بۆریی نێوان وڵاتەکەی و عێراق تووشی بووە.
ئاشکراشی کرد، لە(4)ی تشرینی یەکەمی (2023)ەوە هێڵەکە ئامادەیە بۆ کارپێکردن، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە بەغداد رێگربووە لەكاركردنی هێڵەکە.
راگرتنی هەناردەی نەوت لە عێراقەوە بۆ تورکیا زیانی (23)ملیار دۆلاری بە ناوچەكە گەیاندووە.
![](img/22.jpg)