ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سوتاو لە عێراق گەیشتووەتە (70٪)
![ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سوتاو لە عێراق گەیشتووەتە (70٪) ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سوتاو لە عێراق گەیشتووەتە (70٪)](/images/images/2025/hawal%20sait(17).jpg)
2025-02-11 17:04:35
درەو:
راپۆرتی رۆژنامەی (العربي الجدید):
حکومەتی عێراق جەختدەكاتەوە، لە ساڵی (2028)دا، دەگاتە ئاستی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆ لە بەرهەمهێنانی غازو راگرتنی هاوردەکردنی لە ئێرانەوە، بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، لە دووەم بەڵێنیدا كە حكومەت لەماوەی مانگێكدا رایبگەپەنێت.
ئەم جەختكردنەوەیە لە دوای بڕیارەکانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا دێت بەرامبەر ئێران و، هەڵپەساردنی ئەو لێخۆشبونەی بە عێراق دراوە بۆ هاوردەکردنی غاز لە تارانەوە، دەستنیشانكردنی ساڵی (2028) وەك وادەی كۆتایهێنان، بێ ئاماژەکردنە بەو ئەگەرەی پرۆسەكەكانی بەستنەوەی کارەبای نێوان عێراق و وڵاتانی کەنداو و تورکیا و ئوردن کە ئێستا بەڕێوە دەچێت، یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق.
رۆژی شەممەی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: وڵاتەکەی تا ساڵی (2028) بە تەواوی هاوردەکردنی غاز ڕادەگرێت، ئاماژەی بەوەدا، غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی کارەبا بەتایبەتی لە هاویندا، سودانی وتیشی: ئیدارەی پێشوی ئەمەریکا مۆڵەتی هاوردەکردنی غازی لە ئێرانەوە دەدا کە سزای بەسەردا سەپێنراوە، وڵاتیش پێویستی بەوەیە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، بەردەوامبێت لەو لێخۆشبونە.
بەگوێرەی داتاکانی بانکی جیهانی، عێراق سێیەم وڵاتە لە سوتاندنی زۆرترین رێژەی غازی هاوەڵ لە جیهاندا، بەگوێرەی داتاکانی بانکی جیهانی، بەجۆرێك کۆی گشتی ئەو غازی عێراق لە ساڵی (2023) سوتاندویەتی نزیکەی (18) ملیار مەتر سێجا بووە.
جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی پاریس
عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری غاز بە ڕۆژنامەكەی راگەیاندووە: عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەی پاریس کە لە ساڵی (2015)ئیمزا کراوە، پابەندكراوە بە کۆتاییهێنان بە سوتاندنی غازی پەیوەست بە پرۆسەكانی دەرهێنانی نەوت و چوونە بواری وزەی پاک تا ساڵی(2030) .
عیزەت سابیر، ئاماژەی بەوەداوە حکومەتی عێراق بەردەوام کار دەکات بۆ بەدیهێنانی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆ لەڕێگەی وەبەرهێنانی غازی خۆماڵییەوە، بەجۆرێك ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سوتاو گەیشتووەتە (70٪)، لەكاتێكدا پێش ئەوەی حکومەتی ئێستا دەسەڵات بگرێتە دەست(53٪)بوو.
ئاشکرای کرد، لە ساڵی (2025)زیاتر لە (300) ملیۆن مەتر سێجا وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی بەسرە و میسان و ناسریە و غەراف دەکرێت، تا کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمهێنان دەگاتە (78٪.)، وتیشی: خواستی جیهان لەم چەند ساڵەی دواییدا رویكردووەتە غاز وەک وزەی پاک، عێراق پلان و بەرنامەی هەیە کە دەتوانێت لە ساڵی (2028) دا هیچ غازێکی هاوەڵ نەسوتێنێت و بگاتە قۆناغی سفری غازی سوتاو.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوت خولی پێنجەم و شەشەمی کێڵگە نەوتییەکانی داوە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و پابەندیان کردون بە وەبەرهێنانی غازیش، لە کاتێکدا عێراق (127) تریلیۆن پێ سێجا غازی یەدەگی هەیە، کە دەیکاتە یەکێک لە وڵاتانی بەرهەمهێنەرو رکابەری جیهانی کە (75٪)غازەكەی هاوەڵ و (25٪)غازی ئازادی هەیە.
باسی ئەوەشیكردووە، تێچوی وەبەرهێنانكردن لەغازی هاوەڵ بەرزترە، چونکە پێویستی بە پڕۆژەی زیاترە، هەروەها پێویستی بەئامێری زیاتر هەیە و وێڕای جیاکردنەوەی شلەکانیش، پێویستی بە چەندین کەرەستە هەیە، بەجۆرێك سەرمایەی وەبەرهێنان لەکەرتی غاز لەعێراق لە سنوری (15)ملیار دۆلار دایە و لەساڵانی داهاتوودا (7)ملیار دۆلاری دیکەش خەرج دەکرێت.
دواکەوتنی عێراق لە وەبەرهێنانی غاز
باسم نغمیش غریباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: عێراق زۆر درەنگ کەوتووە لە وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ، چونکە گرێبەستەکانی مۆڵەپێدان کێشەی سوتاندن و چارەسەرکردنی غازیان لەبەرچاو نەگرتووە لەبری سوتاندن و بەفیڕۆدان.
غریباوی بە ڕۆژنامەكەی وتووە: حکومەتی عێراق لەم دواییانەدا رویكردووەتە وەبەرهێنانی غاز بۆ بەدیهێنانی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆ، بەتایبەت دوای ئەو دۆخە خراپەی تێكەوتووە، بەهۆی وەستانی دابینکردنی غاز و فشارەکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی لێخۆشبونی هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوە.
راشیگەیاندووە: گرێبەستەكانی تەواوکاری ئەم دواییەی بۆ خولی پێنجەم و شەشەمی خولی مۆڵەت پێدان لە وەبەرهێنانی نەوتی کۆمپانیاکانی پابەندكرد غاز لە کێڵگەکانی نەوت وەبەربهێنن، وەبەرهێنانی غازی ناوخۆیی هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروست لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابوری و بەدەستهێنانی زۆرترین داهاتی دارایی و بەدیهێنانی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆ بۆ رێگەگرتن لە خوێنبەربونی درایی بۆ هاوردەکردنی غاز.
ئاماژەی بەوەشەكردووە: بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرت و داتا و لێدوانانەی بەرپرسانی وەزارەتی نەوت لەکاتی میوانداریکردنیان لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاندووە، ئاماژە بەوە دەکەن ساڵی (2030) پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆ لە وەبەرهێنانی تەواوی غازی نیشتمانی و ڕاگرتنی هاوردەكرن بەیەکجاری دێتەدی.
بەرهەمهێنان دوای زیادبونی خواست دەکەوێت
لای خۆیەوە، ئه حمه د سه دام پسپۆڕی ئابوری وزه دەڵێت: عێراق ده توانێت له غازدا پێداویستیەكانی خۆی پڕبكاتەوە، ئه گه ر بتوانێت ڕۆژانه (1600) ملیۆن پێ سێجا غازی ستاندارد به رهه م بهێنێت، که هاوتای بڕی هاورده کراوی ئێرانه، زیادبونی خواست لەسەر غاز، بەهۆی گەشەکردنی بەکارهێنانی کارەبایە لە عێراق بە ڕێژەی (10٪)ساڵانە، كە پێویستی بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی (2000)مێگاوات لە ساڵێکدا.
ئەو پسپۆڕە ئابوریە ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەری بەدەستهێنانی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆ تەنیا پەیوەندی بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە سیاسەتی كەمكردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا و غازی بەکارهاتوو، بە زەحمەتیشی دەزانێت پێش (2030) عێراق بگاتە ئاستی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی، بەڵام لەگەڵ هاتنی ساڵی (2028)دا، رەنگە گەشەسەندنێکی بەرچاو لە بواری غازدا بەدی بهێنرێت نەک پڕكردنەوەی تەواو.
ئەوەشی وتووە: عێراق بۆ بەدیهێنانی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی، پێویستی بە خێراكردنی جێبەجێکردنی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لەبواری غازدا، بەدیاریكراویش، لەخولی مۆڵەتپێدانی ئەم دواییەدا کە بایەخەكانی خستووەتە سەر غاز لەگەڵ پێدانی هەموو ئاسانکاری و ڕێوشوێنەکان بەو کۆمپانیایانە.
رونیشكردەوە: گوشار و سزاکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا و نوێنەکردنەوەی ئەو لێبوردنەی بە عێراق دراوە بۆ هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە، هاندەرێکی گرنگ دەبێت کە پاڵ بە حکومەت دەنێت بۆ خێراکردنی ئەرکی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە عێراق و، ناچارکردنی حکومەت بۆ ئەوەی وردە وردە بەرەو سەربەخۆیی وزە بڕوات.
جەختی لەوەش کردەوە: هیچ بژاردەیەکی جێگرەوە نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی غاز جگە لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی، لێدوانەکانی حکومەت لەبارەی بەدیهێنانی پڕكردنەوەی پێداویستیەكان ئەو پەیامە دەگەیەنێت، کە بەرەو سەربەخۆیی وزە دەڕوات و پلانی هەیە بۆ ئەوە، هەروەها دەیەوێت خۆی لەو تۆمەتانە بە دووربگرێت کە واشنتۆن ئاڕاستەی عێراق دەكات، سەبارەت بە پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان عێراق و ئێران.
![](img/22.jpg)