كۆتایی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق
2018-03-28 13:46:53
ئامادەكردن و وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ
12ی ئایاری داهاتووی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و دەنگدەرانی هەر 18 پارێزگاكەی عێراق ئەنجومەنێكی نوێ هەڵدەبژێرن كە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو ئەركی یاسادانان و چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی دەكەوێتە سەرشان..
وادەی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران لە كاتێكدا كۆتایی دێت كە چەند پرۆژە یاسایەكی گرنگ گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی بەڵام دەنگیان لەسەر نەدراوە و پرۆسەی لێپرسینەوەی چەند وەزیر و لێپرسراوێكیش گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەو وەزیری و بەرپرسانە لەسەر پرۆسەی لێپرسینەوەیان نەخراوەتە دەنگدانەوە، ئەمەش نیگەرانی لێكەتوەتەوە..
لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەراندا سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنەكە وادەی كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی یاسادانان و كۆتاییهاتنی كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاشكراكرد و وتی " خولی یاسادانانی ئێستا رۆژی 30 نیسانی داهاتوو كۆتایی دێت بە پێی دەستور". وتیشی " ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی 30 حوەزیرانی داهاتوو كۆتایی پێدێت".
جبوری لە بەشێكی تری وتەكانیدا راشیگەیاند لەم ماوەیەی كە لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا ماوە دەتوانرێت دانیشتنی ئاسایی یان نائاسایی بەپێی پێویست ئەنجام بدرێت و وتی" دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن بانگەوازدەكات بۆ دانیشتنێك و تێیدا پرۆسەی دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژە یاسا گرنگانە ئەنجامدەدات كە لە ئەستۆی ئەم خولەی ئەنجومەندایە".
یەكێك لەو رەخنانەی كە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت تەواونەكردنی پرۆسەی لێپرسیرنەوەی چەند وەزیرێكی كابینەكەی حەیدەر عەبادییە، سەبارەت بەو پرسە هومام حەمودی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە سەرۆكایەتی بەشێكی دانیشتنەكەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراقی كرد رایگەیاند لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنەكەدا دەنگ لەسەر متمانە بوون یان نەبوون بە وەڵامی ئەو وەزیرانە دەدرێت كە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە..
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەكی تەمموزی 2014 یەكەمین دانیشتنی خولی سێیەمی دەستپێكرد و لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا لە زیاتر لە 150 پرۆژە یاسای پەسەندكردووە و لێپرسینەوەشی لە چەندین وەزیر و بەرپرسی باڵای حكومەت كردووە و متمانەشی لە چەند وەزیرێك سەندەوە كە دیارترینیان عەبدولقادر عوبێدی وەزیری بەرگری و هۆشیاری زێباری وەزیری داراییە.