بۆچی جۆرج بوشی كوڕ نەیهێشت مۆساد قاسم سولەیمانی تیرۆر بكات؟
2018-08-02 23:43:56
(درەو میدیا):
ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانە كە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەكانی دەرەوەی ئێرانی سوپای پاسداران دەكات و رۆڵی باڵای هەیە لە پارێزگاریكردن لە حكومەتی شیعە لە عێراق و سوریا و نەیارێكی سەرسەخت ئیسرائیل و ئەمریكاشە.
نوسەری ئیسرائیلی " رۆنین بیرگمان" لە دواهەمین كتێبیدا كە ئەمساڵ لە ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە بەناونیشانی" خێراكە و بیكوژە " باس لەو ئۆپەراسیۆنانەی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل " مۆساد "دەكات كە چەندین زانا و كەسایەتی سەربازی ئێران و حزبوڵایان تیرۆركردووە.
بیرگمان لە كتێبەكەیدا ئاماژە بە رێككەوتێك دەكات كە مۆساد هەلی تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی بۆ هەڵكەوتووە، بەڵام جۆرج بوشی كوڕ سەرۆكی ئەمریكا سولەیمانی لە تیرۆركردن رزگاركردووە.
بیرگمان لە گێڕانەوەی تیرۆركردنی فەرماندەی سەربازی حزبوڵا عیماد موغنیە لە دیمەشق دەڵێت ئەو رۆژەی كە ئۆتۆمبیلەكەی عیماد موغنیە بۆمبڕێژكرا و تەقێنرایەوە قاسم سولەیمانی لەگەڵدا بوو و ئەوەش ئۆپەراسیۆنەكەی لە بەیانییەوە بۆ ئێوارە دواخستووە، چونكە جۆرج بوشی كوڕ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاریداوە تەنها لە كوشتنی موغنەیدا هاوكاری ئیسرائیل بكات نەك كەسێكی تر و بەوەش سولەیمانی لە مردنێكی حەتمی رزگاریبووە، كاتێك لە تەنیشت موغنیەدا بووە گفتوگۆیان كردووە.
كوشتنی سولەیمانی بۆ ئیسرائیل ئەوەندە بەهاداربووە كە بەرپرسانی مۆساد بڕیاریانداوە پەیوەندی بە سەرۆكی پێشووی مۆساد " داغان" بكەن كە لە پرسەی دایكدا بووە و پرسیاری ئەوەیان لێكردووە كە دەكرێت " بەبەردێك دوو چۆلەكە بكوژن؟"
لە وەڵامی ئەوەدا بەرزترین دەسەڵاتی ئیسرائیل، ئیهۆد ئۆڵمەرت سەرۆك وەزیران ئەوەی رەتكردوەتەوە، چونكە ئیسرائیل بەڵێنی بە بوش داوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا جگە لە عیماد موغنیە هیچ كەسێكی تر نەكوژرێت.
عیماد موغنیە فەرماندەی باڵای حزبوڵای لوبنانی 12 شوباتی 2008 دوای لكاندنی بۆمبێك بە ئۆتۆمبیلەكەیەوە لەلایەن مۆسادەوە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا تیرۆركرا.