Draw Media

فەرەنسا: بەكارهێنانی مۆبایل لە خوێندنگەكاندا قەدەغەكرا

فەرەنسا: بەكارهێنانی مۆبایل لە خوێندنگەكاندا قەدەغەكرا

2018-08-02 05:59:58


(درەو میدیا):
پەرلەمانی فەرەنسا رۆژی 30 تەممموزی 2016 یاسایەكی پەسەندكرد، كە بەكارهێنانی مۆبایل لە هەموو خوێندنگەكاندا ( باخچەی منداڵان، سەرەتایی، ئامادەیی ) قەدەغەدەكات، جگە لە خوێندكارانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی فەرەنسا یەكێك بوو لەو بەڵێنانەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا  رایگەیاندبوو.
ماكرۆن لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هەواڵی پەسەندكردنی یاسا نوێكەی بڵاوكردەوە و نوسیوێتی:" قەدەغەكردنی گشتی مۆبایل لە قوتابخانە و خوێندنگە ئامادەییەكاندا بە شێوەیەكی كۆتایی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرا".

كاردانەوەی یاساكە
ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی فەرەنسا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پێشوازییان لە یاسا نوێكە كرد و كە بەوتەی ئەوان دەبێتە هۆی گۆڕینی ئاكار و  رەفتاری خوێندكار لە خوێندنگەكاندا و هاوڵاتییەكی فەرەنسی نوسیویەتی:" سوپاس بۆ تۆ مانوێل، دڵنیام ئەم چاكسازییە شۆڕشگێڕانەیە ژیانی هەموو كەسێك لە فەرەنسا دەگۆڕێت".
بە پێچەوانەشەوە هەندێكی تر لە شێوەیەكی كۆمیدی و گاڵتەجاڕانە پێشوازیان لە یاسا نوێیەكە كرد و هاوڵاتییەكی فەرەنسی لە تۆڕی تویتەر نوسیوێتی:" من دڵخۆشم بەو قەدەغەیەی كە خراوەتە سەر مۆبایل لە ئامادەییەكاندا،  ئێمە وەك مامۆستایان دەتوانێن بەردەوام بین لە لێدانی منداڵەكان بێ‌ ئەوەی هاوڕێكانیان بتوانن وێنەیان بگرن".
چەند هاوڵاتییەكی تری فەرەنسا پرسیاری ئەوەیان كردووە كە بۆچی بەكارهێنانی مۆبایل لە گرتوخانەكاندا قەدەغە ناكرێت.
لە ساڵی 2010ەوە یاسای بەكارهێنانی مۆبایل لەناو پۆلدا لە فەرەنسا پەسەندكراوە، بەبێ‌ ئەوەی كاراكرابێت، بەڵام بە گوێرەی ئەم یاسا نوێیە، قەدەغەكردنەکە هەموو ئەو ئامێرانەی كە ئینتەرنێت وەردەگرێت وەك مۆبایل، ئایپاد و تابلێت، كاتژمێری زیرەك لە هەموو خوێندنگەكان و چالاكیەكانی خوێندنگە و دەرەوەی خوێندنگە دەگرێتەوە.
یاساكە خوێندكارانی خاوەن پێداویستی تایبەتی جیاكردوەتەوە و ئەوان دەتوانن لەكاتی پێویستدا مۆبایل بەكاربهێنن.
ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیاش هەمان هەنگاوی فەرەنسای ناوە و بەكارهێنانی مۆبایلی لەناو خوێندنگەكاندا قەدەغەكردووە، بەڵام هێشتا یاساكە ناكۆكی سیاسی لەسەرە و هەندێك لە حزبەكانی ئەڵمانیا دەڵێن ئەو یاسایە بۆ سەردەمی ئێستا گونجاو نیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand