پەنابەرە كوردەكەی بەریتانیا خەڵاتە بەناوبانگەكەی لێ دزرا
2018-08-02 05:04:41
نوسینی: پۆڵ رینكۆن هەواڵسازی زانستی لە بی بی سی
وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
پرۆفیسۆر كۆچەر بیركار، كە خەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستانە و دوای وەرگرتنی مافی پەنابەری سیاسی لە بەریانیا لە زانكۆی كامبریج كاردەكات، بەرزترین خەڵاتی جیهانی لە ماتماتیكدا كە " مەدالیای فیڵدزە " بەدەستهێنا كە هاوتای خەڵاتی نۆبڵی جیهانییە بۆ زانستەكان.
بەڵام ئەوەندەی نەخایاند لە ئاهەنگی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا كە لە بەرازیل بەڕێوەچوو، خەڵاتەكە لە پرۆفیسۆر كۆچەر بیركار دزرا كە بە هاوبەشی لەگەڵ سێ زانای تر بەناوەكانی ئەلیسۆ فیگالی، پیتەر شۆڵز، ئەكشای ڤنكاتیچ بەهۆی رۆڵیان بە بواری ماتماتیكدا بەدەستیانهێنا.
پرۆفیسۆر بیركار خەڵكی گوندێكی شاری مەریوانی خۆرهەڵاتی كوردستانە و وەك پەنابەرێك رووی كردووەتە بەریتانیا و لە زانكۆی كامبریدج وانە دەڵێتەوە.
دوای بردنەوەی خەڵاتەكە بیركار وتی:" بە خەیاڵیدا نەهاتووە ئەو خەونەی ببێت راستی".
خەڵاتی فیڵدز لەبواری ماتماتیكدا لەسەر ئاستی جیهان زۆر بایەخی هەیە و هاوتای خەڵاتی نۆبڵە ولە لایەن زانای ماتماتیكی كەنەدی جۆن چارڵز فیڵدزەوە دامەزرێنراوە و لە ساڵی 1936ەوە هەر چوار ساڵ جارێك دوای كۆبوونەوەی كۆمەڵێك لە زاناكانی ماتماتیك بەوانە دەبەخشرێت كە تەمەنیان لە 40 ساڵ كەمترە.
دزینی خەڵاتەكە
خەڵاتەكەی پرۆفیسۆر بیركار بریتی بوو لە مەدالیایەكی زێڕ كە كێشەكەی 14 قیراتە، بەڵام دوای وەرگرتنی لە ئاهەنگی خەڵاتەكەدا لە ریۆدی جانێرۆی بەرازیل خەڵاتەكەی لێ دزرا.
خەڵاتی فیڵدز بۆ ماتماتیك كە هاوتای خەڵاتی نۆبڵە
كەناڵی تەلەفزیۆنی گڵۆبۆ تی ڤی بەرازیل رایگەیاند پرۆفیسۆر بیركار مەدالیاكەی كردوەتە جزدانێك و لەگەڵ مۆبایلەكەیدا لە جانتایەكدا لەسەر مێزی ناوەندی كۆنگرەكان دایناوە كە شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكەیە، بەڵام دواتر جانتاكە دیارنەماوە.
پرۆفیسۆر بیركار هێزەكانی ئاسایشی لە دیارنەمانی جانتاكەی ئاگاداركردووەتەوە، و ئەوانیش دواتر بۆیان دۆزیوەتەوە بەڵام جزدانەكە و مەدالیاكەی تێدا نەماوە.
كۆچەر بیركار لە گوندی " نێ"ی شاری مەریوانی خۆرهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە و لە میانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران= عێراقدا كە ساڵی 1980 بەرپابوو، لە هەدوو وڵات ژیاوە و لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری " كوانتا: رایگەیاند لە منداڵیدا وێنەی براوەكانی مەدالیای فیڵدزی لە دیواری یانەی ماتماتیك لە تارانی پایتەخت بینیوە.
بیركار دەڵێت:" سەیری وێنەكانم كرد، لە دڵی خۆمدا وتم ئایا چاوم بە كەسێك لەوانە دەكەوێت، لەو كاتەدا لە ئێران نەمدەزانی كە دەتوانم رۆژێك لە رۆژان بڕۆم بۆ خۆرئاوا".
بیركار لەكاتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە زانكۆی تاران چووتە بەریتانیا و مافی پەنابەری سیاسی بەدەستهێناوە و لەوێش لە ئەكادیمیا بەهۆی لێهاتوویی لە بواری لقێكی ئەندازەی جەبردا ناوبانگی پەیداكردووە و پێشتریش خەڵاتی گرانبەهای " Leverhulm " بەدەستهێناوە.
براوەی دووەمی خەڵاتی فیڵدز ئەلیسۆ فیگالی ئیتالییە كە لە رۆما لە دایكبووە ، بەڵام لە زانكۆی ئەی تی ئێح زیوریخ كاردەكات كە زانكۆی زانست و تەكنۆلۆژیایە لە سویسرا .
پرۆفیسۆر مارتن هیرەر، ساڵی 2014 خەڵاتی فیڵدزی بەدەستهێناوە
فیگالی لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەكەوە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی ئیتالیا وتی:" ئەم خەڵاتە خۆشی زۆرم پێدەبەخشێت، بە جۆرێك گەورەیە كە ناتوانم باوەڕ بكەم كە بردوومەتەوە".
گەنجترین براوە
گەنجترین كەسی براوەی ئەمساڵی خەڵاتی فیڵدز پیتەر شۆڵزە كە تەمەنی 30 ساڵە و لە زانكۆی بۆن كاردەكات، پێش راگەیاندنی رەسمی خەڵاتەكە پێشبینی كرابوو كە ئەو خەڵاتە بەدەستدەهێنێت.
براوەی چوارەمیش زانای ئوسترالی دكتۆر ڤنكاتیچ ( 36 ساڵ) بوو .
پرۆفیسۆر مارتن هیرەر لە ئەمپریال كۆلیجی لەندەن كە ساڵی 2014 مەدالیای فیڵدزی بردووتەوە لە لێدوانێكیدا بۆ بی بی سی وتی:" مرۆڤ دەتوانێت وێنای ئەوە بكات كە دەستبەجێ دۆخیان چۆن دەگۆڕێت، بەهۆی ئەوەی بوونەتە توێژەری زۆر رێزلێگراو لە بوارێكدا، و لە كۆمەڵەكەی ماتماتیكیشدا دەبنە كەسی بەناوبانگ".
وتیشی:" بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ ئەوان دەبنە سیبموڵ لە بواری ماتماتیكدا بەهۆی توێژینەوەكانیانەوە، لەبەرئەوە كاتێكی زۆر لەوە زیاتر كە راهاتوون پەیوەندییان بە جەماوەرەوە دەبێت".
هەتا ئێستا 56 زانا خەڵاتی فیڵدزیان بەدەستهێناوە، هەرچەندە گریگۆری پیرلمان ساڵی 2006 رەتیكردەوە خەڵاتەكە وەربگرێت، دكتۆر پیرلمان زۆر جیاواز بوو، لە پێناوی كاركردن لە بواری خۆیدا گۆشەگیر و دابڕاو بوو.
هەروەها تائێستا یەك ژن خەڵاتەكەی بەدەستهێناوە كە ئەویش مەریم میرزاخانی هاوڵاتیی ئێران بوو لە زانكۆی ستانفۆری ئەمریكا كە ساڵی 2017 كۆچی دواییكرد.
یەكێك لە براوەكانی خەڵاتی فیڵدز سیدریك فیلانی فەرەنسی بوو كە ساڵی 2010 خەڵاتەكە بەدەستهێنا و دوای ئەوە روویكردە جیهانی سیاسەت و ساڵی رابردوو لەسەر لیستەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بووە ئەندامی پەرلەمان.
لەو بارەیەوە مارتن هیرەر دەڵێت :" لە كۆتاییدا لەو كاتەی هەندێك لە براوەكان سودیان لە مەدالیاكە بینی بۆئەوەی پیشەكەیان بگۆڕن هەروەك سیدریك فیلانی كردی، بەڵام زۆربەیان بەردەوام دەبن لە توێژینەوەی ناوازە لەو بوارەی كە خۆیان هەڵیانبژاردووە و ژیانیان وەك هەر زانایەكی تری ماتماتیك زۆر بە سەركەوتوویی بەردەوام دەبێت".
فیدریك سیلانی ساڵی 2010 مەدالیای فیڵدزی بەدەستهێنا و دواتر بووە ئەندامی پەرلەمانی فەرەنسا