نەوتی "ئەتروش" و وەزارەتی "ئەتروشیی"
2025-01-14 16:15:09
راپۆرت: درەو
ئەتروش یەكێك لە بلۆكە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانە كە جۆری نەوتەكەی زۆر باشە، ئەم كێڵگەیە لە 2017وە دەستی بە بەرهەمهێنان كردووە، چەندجارێك پشكەكانی لەنێوان كۆمپانیا ئیماراتی و كەنەدی و ئەمریكییەكاندا دەستاودەستی پێكراوە، ئەتروش هەر نەوتی نییە، وەزیرێكی نەوتیشی هەبوو، بەڵام تەنیا ساڵ و نیوێك دەوامی كرد، كە رۆیشت ئیتر نەگەڕایەوە.
بلۆكی ئهتروش دەكەوێتە سنوری ناحیهی ئهتروش لە پارێزگای دهۆک، رووبهری ئەم بلۆكە (269) كیلۆمهتر چوارگۆشەیەو، بڕی (3) ملیار بهرمیل نهوتی یهدهگی نەوتی تێدایه.
لە ساڵی 2011 نەوت لە (ئەتروش) دۆزراوەتەوە، بەڵام بۆ یەکەم جار لە تەموزی 2017 دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوە لە کێڵگەکەدا.
وەک کۆمپانیا نەوتییەکانی کێڵگەکە ئاماژەی بۆ دەکەن، نەوتی کێڵگەکە "کوالیتی بەرزە، بنکەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی هەیەو توانای گەشەکردنی بەرچاوی هەیە".
کۆمپانیای شاماران لە ساڵی 2010ەوە لە کێڵگەی ئەتروش وەبەرهێنان دەکات. كۆمپانیای نیشتمانی ئەبوزەبی بۆ وزە "الطاقة" لە ساڵی 2013دا، دوای بەدەستهێنانی رەزامەندیی، دەستیكردووە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی ئەتروش، ئەوكات باسی لەوەكردووە ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەكە دەگاتە (30 هەزار) بەرمیل لە رۆژێكدا.
تاوەكو بەر لە پرۆسەی فرۆشتنی پشكەكانی كۆمپانیای ئەبوزەبی "تاقە"، دابەشبوونی پشكی كۆمپانیاكان لە كێڵگەی (ئەتروش) بەمشێوەیە بوو:
• كۆمپانیای ئەبوزەبی "طاقة،: 47.4%
• كۆمپانیای شاماران پیترۆلیۆمی کەنەدی: 27.6%
• پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم: 25%
بەڵام سەرەتاكانی ئابی 2024، كۆمپانیای (تاقە)ی ئیماراتی بەتەواوەتی پرۆسەی فرۆشتنی هەموو پشكەكانی خۆی لە كێڵگەی (ئەتروش) یەكلاكردەوە؛ كۆمپانیای (ژەنەراڵ ئیكسپلرۆیشن بارتنرز)ی بەریتانیی پشكەكانی كۆمپانیای (تاقەی)ی لە كێڵگەی ئەتروش كڕییەوە كە 47.4% بوو، ئەم كۆمپانیایەش هەر لەلایەن كۆمپانیای (شاماران)ی كەنەدییەوە خاوەندارێتیی دەكرا.
دواترو لە سەرەتای 2024دا كۆمپانیای شاماران ئاشكرایكرد، رێژەی 25%ی پشكەكانی خۆی لە كێڵگەی (ئەتروش) بە كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریكی فرۆشتوەتەوە.
ئێستاو دواین ئەم زنجیرە مامەڵەو كڕین و فرۆشتنە، پشكەكانی كێڵگەی ئەتروش بەمشێوەیە:
• كۆمپانیای (شاماران)ی كەنەدی: 50%ی پشكەكان
• كۆمپانیای (HKN)ی ئەمریكی: 25% پشكەكان
• پشكی (كیپكۆ)ی حکومەتی هەرێم: 25%ی پشكەكان
راوەستانی هەناردەی نەوت و دواكەوتنی پێدانی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هۆكار بوون بۆ ئەوەی كۆمپانیای "تاقە"ی ئیمارات پشكەكانی خۆی لە (ئەتروش) بفرۆشێت.
وەكو خۆی دەڵێ، کۆمپانیای (شاماران) لە ساڵی (2022)دا بڕی (116 ملیۆن) دۆلار تەرخان کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی (ئەتروش)، بەرنامەی پەرەپێدانەکەش بریتی بووە لە؛
* هەڵکەندن و تەواوکردنی (3) بیری گەشەپێدان، لەنێویاندا یەک بیری ئاو.
* دەستپێکردنی پرۆژەی چارەسەری غاز کە بە شێوەیەکی بەرچاو دەردانی گازی ژەهراوی کەمدەکاتەوە، سەرەڕای بەکارهێنانی بۆ ژێرخانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە غازی بەرهەم هێنراو. بەوپێیەی کێڵگەی ئەتروش پشت بە مۆلیدەو سوتەمەنی دیزڵ دەبەستێت بۆ دەستکەوتنی وزەی کارەبا، بە سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە چاوەڕوان دەکرێت تێچووی کارکردن لە داهاتوودا زۆر کەمدەکاتەوە.
کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی (ئەتروش) لە چارەکی یەکەمی 2023دا (واتا بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا) بریتی بووە لە (55.2 ملیۆن) دۆلار، كۆمپانیای (شاماران) كە 27.6%ی پشكەكانی کێڵگەکەی هەبووە بڕی (20.33 ملیۆن) دۆلاری وەرگرتووەو، کۆمپانیای (تاقە)ی ئیماراتی کە خاوەنی 47.4%ی پشکەکان بووە بڕی (34.91 ملیۆن) دۆلاری وەرگرتووە.
تێکڕای بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی (ئەتروش) لە ساڵی 2022دا لە (11) بیری بەرهەمهێنەوە بریتی بووە لە (36 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە، تا 31/12/2022 کۆی نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بریتی بووە (67 ملیۆن) بەرمیل.
لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی كوردستانەوە بە بۆری لە 25ی ئازاری 2023دا، بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی ئەتروش تاوەكو چارەكی سێیەمی 2023 راوەستا، لە رۆژی 7ی تشرینی دووەمەوە بەرهەمهێنان لەم كێڵگەیەدا دەستیپێكردەوەو نەوتەكەی رەوانەی پاڵاوگەیەكی ناوخۆ دەكراو بەقسە كۆمپانیای شاماران لەم ماوەیەدا هەر بەرمێك نەوتی بە بڕی (35 دۆلارو 65 سەنت) فرۆشتووە.
بەگوێرەی راپۆرتی کۆمپانیای (شاماران پترۆلیۆم)، لە چارەکی سێیەمی ساڵی (2024)دا كە كۆمپانیاكان نەوت بە بە پاڵاوگەكان دەفرۆشن یاخود بە تانكەر هەناردەی دەرەوەی دەكەن، لە کێڵگەی ئەتروش بەتێکڕا رۆژانە (26 هەزار 800) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، کۆی گشتی بەرهەمەکەش لەماوەی ئەو سێ مانگەدا بریتی بووە لە (2 ملیۆن و 463 هەزار) بەرمیل؛ بەرهەمی سێ چارەكی 2024 نەوتی کێڵگەکە بریتی بووە لە (23 هەزارو 900) بەرمیل نەوتی رۆژانەو (6 ملیۆن و 559 هەزار) بەرمیل نەوت لە کۆی هەر سێ چارەکی ساڵەکە.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە لەماوەی ساڵانی 2016 بۆ 2024 بەمشێوەیە بووە:
• 2016: 0 بەرمیل
• 2017: 9 هەزار بەرمیل بە رۆژێكدا
• 2018: 22 هەزار بەرمیل
• 2019: 32 هەزار بەرمیل
• 2020: 46 هەزار بەرمیل
• 2021: 47 هەزار بەرمیل
• 2022: 36 هەزار بەرمیل
• 2023: 39 هەزار بەرمیل
• 2024: 25 هەزار بەرمیل
21ی ئابی 2019 كۆمپانیای (ئەبوزەبی نیشتمانی بۆ وزە) كە كێڵگەی نەوتی (ئەتروش) بەڕێوەدەبات رایگەیاند، بۆ یەكەمجار لەدوای دەستپێكردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە لە كێڵگەكەدا، ئاستێكی پێوانەیی بەرهەمهێنانی تۆماركردووە، بەجۆرێك تێكڕای قەبارەی بەرهەمی مانگانە لە تەموزی 2019دا (ملیۆنێك) بەرمیلی تێپەڕاندووە.
بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023دا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیەدا رۆژانە (36 هەزار) بەرمیل بوو، دوای راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆریی ئاستی بەرهەمهێنان لەم كێڵگەیەدا بەدیاریكراویش بلە ساڵی 2024دا بۆ (22 هەزارو 500) بەرمیلی رۆژانە دابەزی.
نەوتی (ئەتروش)و وەزارەتی ئەتروشی!
دواین شت كە لەبارەی ئەتروشەوە بوترێت رەنگە ناوی (كەمال ئەتروشی) بێت، ئەو پیاوەی رۆژی 6ی كانونی دووەمی 2021 وەكو دووەمین وەزیری سامانە سروشتییەكان لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، لە پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خواردو هەڕەشەی پارچەپارچەكردنی ئەو كەسانەی دەكرد كە گەندەڵی دەكەن.
كەمال ئەتروشی كە لەدایكبوونی ناوچەی ئەتروشی دهۆك بوو واتا سنوری كێڵگە نەوتییەكە، لەكابینەی نۆیەمی حكومەتدا بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، كۆتایی بە ماوەی زیاتر لە (14) ساڵ دەستڕۆیشتویی (ئاشتی هەورامی) هێنا بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، بەڵام خۆشی زۆر لە پۆستەكەیدا نەمایەوەو دوای نزیكەی ساڵ و نیوێك كاركردن، بە هۆكارێكی نادیار دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوەو لەوكاتەوە تائێستا پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت لەلایەن (كەمال محەمەد)ی وەزیری كارەباوە بەڕێوەدەبرێت.
سەرچاوەكان:
• (Reuters)
https://www.reuters.com/article/business/energy/abu-dhabis-taqa-suspends-activity-in-kurdistan-block-due-to-instability-statem-idUSL4N0QF081/
• سایتی كۆمپانیای (شاماران)
https://shamaranpetroleum.com/operations/atrush-project/
• سایتی كۆمپانیای (HKN)
https://www.hknenergy.com/about-us/who-we-are/
• چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی 2023 دا. یادگار سدیق گەڵاڵی/ ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14923
• «طاقة» تستكمل بيع حصتها بحقل في كردستان العراق- جريدة الخليج
https://www.alkhaleej.ae
• كەمال ئەتروشی.. نەخۆشە یان نیگەرانە؟- راپۆرتی (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10352