ئەمریكا سزای بەسەر دوو وەزیری توركیا سەپاند
2018-08-02 04:23:15
(درەو میدیا):
ئەمریكا بەڵێنەكەی بەرامبەر توركیا جێبەجێكرد و بەهۆی بەردەوامی دەستبەسەركردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن سزای بەسەر وەزیری داد و ناوخۆی توركیادا سەپاند.
قەشە ئەندرۆ برانسۆن كە خەڵكی ویلایەتی نۆرس كارۆلینایە، نزیكەی دوو ساڵە لە توركیا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ فەتحوڵا گولەن دەستگیركراوە.
سارە ساندەرز، سكرتێری رۆژنامەوانیی كۆشكی سیی وتی:" باوەڕم وایە كە ئەو قەشە ئەمریكییە قوربانیی دەستگیركردنێكی ستەمكارانە و نادادپەروەرانەیە."
توركیاش لە كاردانەوەی ئەو بڕیارەی ئەمریكادا رایگەیاند داواكاریی واشنتۆن بۆ ئازادكردنی برانسۆن قبوڵكراو نییە و وەڵامی ئەو رێوشوێنە " دوژمنكارانەیە" ش دەداتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا وتیی:" داوا لە ئیدارەی ئەمریكا دەكەین دەستبەرداری ئەو بڕیارە هەڵەیە بێت".
وەزارەتی دەرەوەی توركیا وتیشی :" بەبێ دواخستن وەڵامی ئەو هەڵوێستە دوژمنكارانەیە دەدەینەوە كە خزمەت بە هیچ ئامانجێك ناكات".
دەربارەی تۆمەتەكانی دژ بە برانسۆن، وتەبێژی كۆشكی سپی ئەمریكا وتی:" هیچ بەڵگەیەكمان نەبینیوە كە قەشە برانسۆن هیچ هەڵەیەكی كردبێت".
ساندەرز راشیگەیاند عەبدولحەمید گوڵ وەزیری دادی توركیا و سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆ رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە دەستگیركردنی قەشە ئەمریكییەكەدا.
دەربارەی سزای ئەو دوو وەزیرەش ساندەرز وتی:" قەدەغە دەخرێتە سەر هەموو كەلوپەل و بەرژەوەندییەكی تایبەتی ئەو دوو وەزیرەی توركیا لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریكاوە و بەشێوەیەكی گشتیش لە هەموو هاوڵاتییەكی ئەمریكی قەدەغەدەكرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بكات".
ساندەرز ئاشكراشیكرد, دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چەند جارێك ئەو پرسەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا توركییەكەیدا تاوتوێكردووە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكاش لە بەیاننامەیەكی رەسمیدا رایگەیاند ئەو سزایانەی بەسەر ئەو دوو وەزیرەی توركیادا سەپێندراون ، چونكە ئەوان وەك سەركردەیەكی رێكخراوە حكومییەكانی توركیا كاردەكەن ، كە بەرپرسن لە جێبەجێكردنی پێشێلكارییەكانی توركیا لە بواری مافەكانی مرۆڤدا.
هەفتەی رابردوو سەرۆكی ئەمریكا هۆشداریدایە توركیا و رایگەیاند رووبەڕووی " سزای گەورە" دەبێتەوە ئەگەر دەستبەجێ قەشە برانسۆن ئازادنەكات.
مارك لوین پەیامنێری تۆڕی بی بی سی رایگەیاند كارێكی بێ پێشینەیە كە ئەمریكا بەو شێوەیەكە سزا بەسەر ئەندامێكی پەیمانی ناتۆدا دەسەپێنێت.
بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە ئابوری توركیا دەستبەجێ زیانی پێگەیشت و لیرەی توركیی رۆژی چوارشەممە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی 1.6 ی بەهاكەی لەدەستدا.
قەشە ئەندرۆ برانسۆن كێیە؟
برانسۆن ماوەیەكی دوور درێژە لەگەڵ هاوسەرەكەی و سێ منداڵەكەی لە توركیا دەژین و چاودێری كڵێسای قیامەیە لە ئیزمیر كە كڵێسایەكی بچوكە.
دەسەڵاتدارانی توركیا برانسۆن بە بوونی پەیوەندی لە پارتی كرێكارانی كوردستان و بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گولەن تۆمەتباردەكەن، كە ئەمەی دووەمیان لەلایەن توركیا تۆمەتباردەكرێت بە كودەتا شكستخواردووەكەی تەمموزی 2016.
برانسۆن تۆمەتی سیخوڕیكردن رەتدەكاتەوە، بەڵام ئەگەر تۆمەتەكانی بەسەردا ساخببێتەوە، ئەوا رووبەڕووی سزای 35 ساڵ زیندانیكردن دەبێتەوە.
برانسۆن مانگی رابردوو بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە لە زیندان هێنرایەوە دەرەوە و ماڵبەند كرا، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ دەڵێت ئەو هەنگاوە بەس نییە.
پۆمپیۆ وتی:" هیچ بەڵگەیەكی متمانەپێكراومان دژی برانسۆن نەبینیوە"، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەڵێت زانیاری پێویستیان داوەتە ئەمریكا، بەڵام پێویستە ئەو پرسە بۆ دادگا بەجێبهێڵرێت.
تورکیا برانسۆنی بۆ چییە؟
برانسۆن یەكێكە لەو 20 ئەمریكییەكی كە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی دوو ساڵ لەمەوبەری توركیا تۆمەتیان ئاراستەكراوە، ئەوەش بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز.
ئەردۆغان لەدوای كودەتاکەوە زیاتر لە 50 هەزار كەسی لە توركیا دەستگیركردووە و فەتحوڵا گولەن، پیاوی ئاینی و هاوپەیمانی پێشووی خۆشی كە لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمریكا نیشتەجێیە بە ئەنجامدانی ئەو كودەتایە تۆمەتباردەكات، بەڵام گولەن رەتیدەكاتەوە لەوە تێوەگلابێت.
توركیا بەردەوام گوشار دەخاتەسەر ئەمریكا بۆئەوەی رەزامەندی بدات و گولەنی رادەستبكاتەوە و خودی ئەردۆغانیش ئاماژەیبەوەداوە كە بەرامبەر بە گولەن قەشەكە ئازاددەكات.