Draw Media

تەقتەق.. "شامپانیای رەش"

تەقتەق.. "شامپانیای رەش"

2025-01-13 14:23:58


راپۆرت: درەو
"شامپانیای رەش" رۆژگارێك ناونیشانی ئەو نەوتە بوو كە لە كێڵگەی (تەقتەق) بەرهەم دەهێنرا، ئەم كێڵگەیە كە بە سەرەتای مێژووی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێمی كوردستان و یەكەمین گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای بیانی تێدا كراوە، بەهۆی كەمتەرخەمیی حكومەت و هەڵپەی كۆكردنەوەی پارەی زیاترەوە، وشك بووە. وردەكاری چیرۆكی نەوتە كوالیتیی بەرزەكەی تەقتەق لەم راپۆرتەدا.

 

 

تەقتەق.. چیرۆكی یەكەم گرێبەستی نەوت
بلۆكی نەوتی (ته‌قته‌ق) دەكەوێتە ناحیەی (تەقتەق)ی سەربە قەزای كۆیە لە پارێزگای هەولێر، لەڕووی ئیدارییەوە پارێزگای هەولێر لەژێر قەڵەمڕەویی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە، بەڵام ئەم بلۆكە نەوتییە دەكەوێتە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانەوە، بەگشتیی كێڵگەكە دەكەوێتە نێوان هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و كەركوكەوە.
رووبه‌ری ئەم بلۆكە (951) كیلۆمه‌تر دووجایەو (28) بیرە نەوت لەخۆدەگرێت‌، به‌گوێرەی راپۆرتی (سكۆتیا كاپیتاڵ)و (گه‌نه‌ڵ ئینه‌رجی) بڕی (1.5) ملیار به‌رمیل نه‌وت لەم كێڵگەدا هەیە.
سەرەتای چیرۆكی ئەم كێڵگە نەوتییە بۆ پەنجاكانی سەدەی رابردوو دەگەرێتەوە، بۆ یەكەمجار ئینگلیزەكان نەوتیان تێدا دۆزیوەتەوە، لە سەردەمی حكومەتی بەعسدا پەرەی پێدراوەو سێ بیری تێدا هەڵكەندراوە.  
لەدوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعسی عێراق لە ناوچە كوردییەكان و دروستبوونی یەكەم كابینەی حكومەت لە كوردستان، تشرینی یەكەمی 1993 یەكەم كابینەی حكومەت بڕیاریدا لەسەر دامەزراندنی (كۆمیتەی باڵای پرۆژە تایبەتەكان)، كاری ئەم كۆمیتەیە هەوڵدان بوو بۆ دەرهێنانی نەوت لە ناوچەی (تەقتەق)و (شیواشۆك)، ئەم كۆمیتەیە لەلایەن ئەندازیاری نەوت (حەمەجەزا ساڵح)ەوە سەرپەرەشتی دەكرا، لیژنەكە لەسەردەمی دووەم سەرۆك وەزیرانی كابینەی یەكەمدا كە (كۆسرەت رەسوڵ) بوو لە رۆژی 26ی كانونی یەكەمی 1994دا نەوتی لە بیری (تەقتەق) لە گوندی (شیواشۆك) دەرهێناو گواستییەوە بۆ پاڵاوگەیەكی بچوك لە سلێمانی، كە لەو سەردەمەدا بە دەستی ناوخۆیی دروستكرابوو، سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت واتا كۆسرەت رەسوڵ خۆی خەڵكی ئەم ناوچەیە (شیواشۆك) بوو، بیرە نەوتەكانی ئامادەبوون، تەنیا لەسەردەمی بەعسدا سەریان نرابووەوەو حكومەتی كوردستان سەری بیرەكانی هەڵدایەوە، ئەمە بە سەرەتای قۆناغی پیشەسازی نەوت لە كوردستانی دوای بەعس ناودەبرێت، بەڵام شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتیی هەوڵەكەی بە ناچڵی هێشتەوە.
دوای راوەستانی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 1998و دابەشبوونی كوردستان بەسەر دوو حكومەت و ئیدارەی پارتی و یەكێتیدا، ئیدارەی یەكێتیی كە دەسەڵاتی بەسەر سنوری سلێمانیدا هەبوو، پێش پارتی كەوت و دەستی بۆ سامانی نەوت برد، حكومەتی یەكێتیی لە 17ی تەموزی 2002 واتا ساڵێك بەر لە روخانی رژێمی بەعس، یەكەم گرێبەستی بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی (تەقتەق) لەگەڵ كۆمپانیای (گەنەڵ ئینەرجی)ی توركیدا ئیمزا كرد، ناوەڕۆكی گرێبەستەكە بەو جۆرە بوو كە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە بۆ ماوەی (25 ساڵ) بەردەوام بێت، ئەمە بە یەكەمین گرێبەستی نەوتی لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا ئەژمار دەكرێت، گرێبەستەكە لە جۆری (هاوبەشی لە بەرهەمهێنان)دا بوو، پاشان لە 2004دا بەشێك لە بڕگەكانی ئەم گرێبەستە هەمواركرایەوە، دواجار 80%ی پشكەكانی كێڵگەكە دراوه‌ بە‌ كۆمپانیای (تی تی ئۆپكۆ) كه‌ له‌ هه‌ردوو كۆمپانیای (ئا‌داكس)ی سویسری و (گه‌نێڵ ئەنێرجی) توركی پێكهاتووە، پشكی كۆمپانیای نەوتی كوردستانیش "كیپكۆ" 20%ه‌. لەم دابەشكارییەدا گەنێل ئەنێرجی توركیا (44%)ی پشكەكانی كێڵگەكەی بردووەو (ئاداكس پترلیۆم)ی سویسری (36%)ی پشكەكان.
(فەرهاد حەمزە) كە ئەندازیارێكی كوردە لە كۆمپانیا نەوتی باكور دەڵێ:" كۆمپانیای گەنەڵ ئینەرجی پسپۆر نەبوو لە بواری دەرهێنانی نەوتدا، بۆیە تا ساڵی 2006 نەیانتوانی بیری تر لە تەقتەق لێبدات، تا ئەوكاتەی لەگەڵ دوو كۆمپانیای تری نەوتدا هاوبەشیی كرد".
بەپێی قسەی ئەم ئەندازیارە كوردە، لە ساڵی 2005دا ئەوكاتەی كە (محەمەد بەحرعلوم) وەزیری نەوتی عێراق بووە، چەند ئەندازیارێكی لێهاتوو، ئەوانەی نرخی نەوتی (تەقتەق)یان دەزانی، داوایان لە وەزیری ناوبراو كردووە پاڵاوگەیەك لە نزیک کێڵگەکە دابمەزرێنرێت، بەجۆرێك دیزاین كرابێت كە بە نەوتی سوك كاربكات، رەزامەندی لەسەر دراوە بە تێچووی (700 ملیۆن) دۆلار لەماوەی سێ ساڵدا تەواو بكرێت، پاڵاوگەكە لەتوانایدا بووە رۆژانە (70 هەزار) بەرمیل نەوت بپاڵێوێت و هەموو بەروبومە نەوتییەكانیشی بەرهەم دەهێنا، بەڵام بە گۆڕانی وەزیرو هاتنی (حسێن شەهرستان) بۆ وەزارەتی نەوت، بڕیار دراوە حكومەتی هەرێم پاڵاوگەكە لەسەر 17%ی پشكی خۆی لە بودجەی گشتیی عێراق تەواو بكات، حكومەتی هەرێم ئامادە نەبوو هیچ پارەیەك خەرج بكات، "ئەگەر ئەو پاڵاوگەیە بنیات بنرایە ئێستا نە هەرێم وەها بێ بەنزین دەبوو، نە كێڵگەش وەها زوو پەكی دەكەوت!!".
ساڵی 2006 بۆ یەكەمجار وەزارەتێك بۆ سامانە سروشتییەكان لەناو كابینەی حكومەتی هەرێمدا زیادكرا، لەم ساڵەدا بەرهەمی كێڵگەی (تەقتەق) بریتی بوو لە (5 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە)، لە ساڵی 2007 پەرلەمانی كوردستان یەكەم یاسای نەوت و غازی دەرچواند، یاساییەك كە رۆژی 15ی شوباتی 2022 لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە بە نادەستوریی هەژماركراو هەڵوەشێندرایەوە.
1ی حوزەیرانی 2009 بۆ یەكەمجار هەناردەكردنی نەوتی لە هەرێمی كوردستانەوە راگەیەندرا، وەك هەنگاوی یەكەمیش لە كێڵگەكانی (تەقتەق)و (تاوكی) بەتێكڕای (100 هەزار) بەرمیلی رۆژانە لەڕێگەی هێڵی كەركوك- جیهان‌و لە ڕێگەی تانكەرەوە هەناردەكرا، واتا (تەقتەق) لەو كێڵگانەیە كە لەسەرەتاوە بەشداربووە لە پرۆسەی هەناردەی نەوتی كوردستاندا.
رۆژی 7ی ئابی 2012 بەرپرسانی كێڵگەی (تەقتەق) رایانگەیاند، رۆژانە (105 هەزار) بەرمیل بەرهەمدەهێنین، لەم رێژەیە (50 هەزار) بەرمیلی بە تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ (خورمەڵە)و بڕی (35هەزار) بەرمیلیشی رەوانەی پاڵاوگەی (بازیان) دەكرێت.
22ی ئایاری 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەی نەوتی خاو لە كوردستانەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆو لەرێگەی بۆرییەوە راگەیاند، لەسەرەتای هەناردەی نەوتیشدا بە بۆری، كێڵگەی (تەقتەق) كە نەوتەكەی بە بۆریی گواستراوەتەوە بۆ نزیك كێڵگەی (خورمەڵە)، بە بڕی (148 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بەشداربوو لە هەناردەی نەوتی كوردستاندا، ئەو سەردەمە هێڵی یەكەمی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، ناوی لێنرا بوو "هێڵی تەقتەق- خورمەڵە- فیشخاپور".
كوالیتی نەوتی ئەم كێڵگەیە لە جۆری (زۆر باش)ە، چونكە APIی نەوتەكەی دەگاتە (48)و زۆر سوكە، كبریت (گۆگرد)ی تێدا نییەو بەر لە هەناردەكردنی پێویستی بە چارەسەركردن نییە، لە هەندێك بیردا APIی نەوتەكە دەگاتە (51)، كە ئەمە ئیتر كوالیتییەكەی زۆر بەرزەو پێی دەوترێت " شامپانیای رەش".
بەرهەمی كێڵگەی تەقتەق لە  2014وە بۆ 2024
•    2014: 148 هەزار بەرمیلی رۆژانە
•    2015: 145 هەزار بەرمیل
•    2016: 60 هەزار بەرمیل
•    2017: 18 هەزار بەرمیل
•    2018: 12 هەزار بەرمیل
•    2019: 12 هەزار بەرمیل
•    2020: 10 هەزار بەرمیل
•    2021: 8 هەزار بەرمیل
•    2022: 5 هەزارو 940 بەرمیل
•    2023: 3 هەزارو 960 بەرمیل
•    2024: سفر


لە 2024وە بەرهەمهێنان لە (تەقتەق) راوەستاوە، لەلایەك بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بە بۆریی لە 25ی ئازاری 2023وە، لەلایەكی تر بەهۆی ئەوەی هیچ پەرەپێدانێك لەم كێڵگەیەدا نەكراوەو ئاو تێكەڵ بووە لەگەڵ نەوتەكەیدا، چەندجارێك یەكێتیی نیشتمانی لە میدیای خۆیەوە دۆخی ئەم كێڵگەی وەكو ئاماژەیەك بۆ (نادادپەروەریی لە بواری پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان) باسكردووەو پارتی تۆمەتباركردووە بەوەی جیاوازی دەكات لەنێوان نەوتی ژێر دەسەڵاتی خۆی و نەوت لە سنوری یەكێتیدا.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی تەقتەق لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2024 دەریدەخات لەماوەی (10 ساڵ)دا بەرهەمهێنان لەم كێڵگەیە لە (148 هەزار) بەرمیلی رۆژانەوە دابەزیوە بۆ (سفر) بەرمیل، ئەمەش لەكاتێكدایە لەسەرەتای دەستپێكردنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بەشێوەی راستەوخۆ بۆ توركیا ئەم كێڵگەیە لەڕووی بەرهەمەوە سێیەم گەورە كێڵگەی كوردستان بووە.
چەند هۆكارێك باسدەكرێن كە لە پشت وشكبوونی ئەم كێڵگە گرنگەی نەوتی كوردستانەوەن لەوانە (زیادبوونی ئاو لە بیرە نەوتەكاندا، مامەڵەی خراپ لەگەڵ بیرەكان و تێكچوونی چینەكانی بیرە نەوتەكە، دروستكردنی بیری نوێ بەبێ ئەوەی بیرە كۆنەكان نۆژەنبكرێنەوە، فشاركردن بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر لە بیرەكاندا لە هەندێك قۆناغدا).
ئەوەی جێگەی سەرەنجە، ئەوە تەنیا بیرە نەوتەكان نین كە وشكیان كردووە بەهۆی ئەوەی كاری پەرەپێدان لە كێڵگەكەدا نەكراوە، یەدەگی كێڵگەكەش زیانی بەركەوتووە، سەرەتا بڕی یەدەگی نەوت لەم كێڵگەیە بە (1.5 ملیار) بەرمیل دەخەمڵێندرا، بەڵام ساڵی 2016 ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاویكردەوە، کۆمپانیای نەوتی (گەنێل ئینەرجی)  ناچار بووە، خەمڵاندنی نوێ ئەنجامبدات بۆ دۆزینەوەی ئاستی راستەقینەی یەدەگی نەوت لە (تەقتەق)، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2015دا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لەو کێڵگەیە بەردەوام لەدابەزیندا بووە.
لە 2016دا بەگوێرەی خەمڵاندنی کۆمپانیاكە، ئاستی نەوتی یەدەگی کێڵگەی (تەقتەق) بریتی بووە لە (356 ملیۆن) بەرمیل، ئەمەش بۆ ئەوكات دابەزینێکی بەرچاوە لەچاو خەمڵاندنەکەی ساڵی 2011 کەئاستی نەوتی یەدەگی كێڵگەكە نزیكەی (685 ملیۆن) بەرمیل بووە.
لە ساڵی 2017دا، بەگوێرەی خەمڵاندنێكی كۆمپانیای (ماكدانیاڵ) یەدەگی كێڵگەی (تەقتەق) تەنیا (59 ملیۆن) بەرمیل نەوت بووە، لەكاتێكدا لە كۆتایی ساڵی 2015 یەدەگی كێڵگەكە بریتی بووە لە (172ملیۆن) بەرمیل، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە نەك هەر بیرەكان، بەڵكو یەدەگی كێڵگەكەش بەهۆی پشتگوێخستنەوە زیانی گەورەی بەركەوتووە.
رۆژی 28ی ئازاری 2017، كۆمپانیای (گەنەڵ ئینەرجی) راپۆرتێكی لەسەر سایتی خۆی بە زمانی ئینگلیزی لەبارەی دۆخی كێڵگەی (تەقتەق) بڵاوكردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوەكردبوو یەدەگی نەوتی كێڵگەی (تەقتەق) بە بەراورد بە پێشتر 66% كەمیكردووە، بۆیە لەو كێڵگەیەدا پێشبینیكردنی خۆی بۆ كۆی بەرهەمهێنان بۆ ساڵی 2017 راگرتوە .
كۆمپانیاكە لە راپۆرتەكەیدا باسی لەوەكردبوو، بۆ ساڵی 2016 پێشبینی ئەوەی كردووە بەهای پشكی خۆیان لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق (181 ملیۆن) دۆلار بێت، هۆكاری كەمبوونەوەی بەهای پشەكانی خۆی بۆ نەزانینی رێژەی یەدەگی نەوتی كێڵگەكە گەڕاندبووەوە.
لە بەشێكی تری راپۆرتەكەیدا، گەنەڵ ئینەرجی باسی هۆكاری كەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی كێڵگەكەی گەڕاندبووەوە بۆ تێكەڵبوونی ئاو بە نەوت، بەپێی خشتەیەكیش كە كۆمپانیاكە ئامادەی كردبوو، بەراوردكاریی كردبوو لەبارەی پێشبینییەكانی بۆ یەدەگی نەوت لە (تەقتەق)، بەراوردكارییەكەی بەمشێوەیە بوو كە لە خشتەكەدا دەردەكەوێت:

(فەرهاد هەمزە) ئەندازیاری كورد لە كۆمپانیای نەوتی باكور سەبارەت لە چارەنوسی غەمگینی ئەم كێڵگەیە دەڵێ:" قەدەری ئەم كێڵگەیە ئەوها بوو كەوتە دەست كەسانێك كە نرخی خۆیان پێنەدا، كاربەدەستانی حكومەتی هەرێم هیچیان لێ نەدەزانی، كۆمپانیا بیانیەكانیش بەدوای قازانجەوە بوون؛ لەبەر هەڵپەی هەردوولا بۆ دەستكەوتنی پارەی زیاتر، ئەم كێڵگەیان بەو دەردەبرد كە ئەمڕۆ تێیدایە".
تاوەكو بەر لە وشكبوونی كێڵگەكە، زیاتر لە (400) كرێكاری خۆماڵیی و نزیكەی (140) كرێكاری بیانیی لە (تەقتەق) كاریان دەكرد.
ئەیلولی 2024 ئیتر كرێكارەكانی كێڵگەی نەوتی (تەقتەق) بێهیوا بوون لەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانیان، بۆیە بڕیاریاندا لەرێگەی پارێزەرەوە سكاڵا لەسەر كۆمپانیاكە تۆمار بكەن.
ئەوكات سەنگەر عەزیز نوێنەری كرێكارەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" بەهۆی دەركردنیان بارودۆخی ئابوریی و دەروونیی كرێكارەكان زۆر خراپەو پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بێنە سەر هێڵ و ئەو كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن. داوا دەكەین كۆمپانیا 11 موچەمان پێكەوە پێ بدات، چونكە پێشتر ئەگەر كرێكارێك دەركرابێت كۆمپانیا زیاتر لە 11 موچەی بەیەكەوە پێداوە، بەڵام ئێستا بۆ ئەم كرێكارانە هیچ موچەیەك نادات، سەرباری ئەمەش جیاوازی لە موچەی كرێكارە كوردەكان و كرێكاری بیانیدا هەیە".

سەرچاوەكان:
•    پەیمانگای ئۆكسفۆرد بۆ توێژینەوەی وزە
•    BBC
•    سایتی كۆمپانیای (گەنەڵ ئینەرجی)
https://genelenergy.com/operations/production/taq-taq/
•    سایتی (تی تی ئۆپكۆ)
https://www.taqtaqopco.com/
•    جۆرو كوالیتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان- نەوزادی موهەندیس
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10248
•    کێڵگە نەوتیەکانی پارێزگای هەولێر و توانای بەرهەمهێنانیان- راپۆرتی (درەو)
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10190
•    مەسعود مەلا هەمزە. یەكەمین هەنگاوی دەرهێنانی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە. چاپخانەی هێڤی، هەولێر 2017
•    فریای كێڵگەی نەوتی تەقتەق بكەون- بیلال سەعید، لە سایتی (رووداو) بڵاوكراوەتەوە

https://www.rudaw.net/sorani/business/120420171

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand