"هەناردەی نەوت بۆ سوریا رانەگیراوە"
2025-01-05 15:14:28
(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیدەكاتەوە هیچ گرێبەستێك لەنێوان عێراق و سوریا هەبێت بۆ پێدانی نەوتی خاو، بۆیە ناچێتە ژێر باری ئەو زانیارییانەوە كە باس لە راگرتنی هەناردەی نەوت و هەوڵی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ سوریا دەكەن.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو زانیارییانە رەتدەكاتەوە كە لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی خاو بۆ سوریا بڵاوكراونەتەوە. وەزارەت لە راگەیەندراوێكدا لەزاری كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وە دەڵێ:" هیچ جۆرە گرێبەستێك لەگەڵ لایەنی سوریادا نییە بۆ پێدانی نەوتی خاو، بۆیە هیچ جۆرە هەناردەیەكی نەوت بۆ ئەو وڵاتە رانەگیراوە.
سەرچاوەكان لە وەزارەتی نەوتەوە لە چەند رۆژی رابردوودا میدیاكانی عێراقیان ئاگاداركردەوە لەوەی حكومەتی عێراق لەسەر داوای ئەمریكاو توركیا بڕیاریداوە دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكات بۆ سوریا.
بەگوێرەی قسەی ئەو سەرچاوانە، بەر لە كەوتنی رژێمی ئەسەد، حكومەتی عێراق رۆژانە نزیكەی 33 هەزار بەرمیل نەوتی خاو و 120 هەزار تەن نەوتی رەشی رەوانەی توركیا كردووە، ئەمە زانیارییەكی نوێ بوو بۆ رایگشتی لە عێراق، چونكە وەزارەتی نەوت پێشتر لە راگەیەندراوەكانی خۆیدا سەبارەت بە فرۆشی نەوت، بە هیچ جۆرێك باسی لە ناردنی نەوت بۆ سوریا نەكردبوو.
سوریا پشت بە هاوردەكردنی بڕی 5 ملیۆن بەرمیل نەوت دەبەستێت بەشێوەی مانگانە، واتا زیاتر لە 160 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەمەش لەكاتێكدایە بەر لە 2011و راپەڕینی خەڵكی ئەو وڵاتە دژ بە رژێمی ئەسەد، سوریا رۆژانە خۆی نزیكەی 150 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا.
هەفتەی رابردوو، وەزیری وزەی توركیا باسی لەوەكرد، بەشێكی زۆری وێستگەكانی كارەبا لە سوریا لەكاركەوتوون، توركیا بیر لە هەناردەكردنی كارەبا دەكاتەوە بۆ سوریا.
ئێستا كە وەزارەتی نەوت بەفەرمی رەتیدەكاتەوە عێراق نەوتی رەوانەی سوریا كردبێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا عێراق دەبێت بە جێگرەوەی نەوتی ئێران بۆ سوریا، چونكە تاوەكو بەر لە كەوتنی رژێمی ئەسەد، ئێران پێداویستی نەوتی سوریای پڕدەكردەوە.