پارەی مانگی (12) گەیشتووەو بۆ موچەی مانگی (11) خەرجدەكرێت
2025-01-05 11:10:03
درەو:
لە رۆژی پێنجشەممەوە بڕی (441 ملیارو 900 ملیۆن) دیناری موچەی مانگی 12 گەیشتووەتە هەرێم كە بە دوو گوژمە بووە (264 ملیار) و ئەوەی دووەم (177) ملیار دیناربووە، موچەی مانگی 12یە بۆ موچەی مانگی 11 خەرج دەكرێت .
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە رۆژی پێنجشەممە 2ی مانگەوە بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ موچەی مانگی (12) رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە كە (441 ملیارو 900 ملیار) دیناربووەو بەدوو گوژمە هاتووە، یەكێكیان (264 ملیار) و ئەوەی دووەم بە (177) ملیار دیناربووەو ئەو بڕە پارەیە بۆ موچەی مانگی 12 هاتووە بەڵام هەرێمی كوردستان بۆ كورتهێنانی موچەی مانگی 11 تەرخانكراوە
ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ موچەی مانگی 12 نێردراوە خۆی نزیكەی (ترلیۆنێك) دینار بووە، بەڵام بڕی نزیكەی (485) ملیار دیناری داهاتای ناوخۆ و بڕی (76) ملیار دیناری لێبڕینی خانەنشینی لێبڕاوە، ئەوەی ماوەتەوە (441 ملیارو 900) ملیۆن دینارە، واتا هەرێمی كوردستان داهاتی ناوخۆی رادەستنەكردووە بۆیە ئەوان راستەوخۆ لە موچەی مانگی 12یان بڕیوە.
ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق تەسفیەی تەواوی ساڵی 2024ی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووەو موچەی هەر (12) مانگەكەی ناردووە، بە لێبڕین و تەسفیەكردنی داهاتی دامەزراوە فیدراڵیەكانی هەرێم كە مانگانە نزیكەی (78 -80) ملیار دینارەو هەرێم رادەستی بەغدادی نەكردووە، واتا لە نزیكەی (900) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی دامەزراوە فیدراڵیەكانی هەرێم، لە ساڵی 2024دا هەرێمی كوردستان نزیكەی (415) ملیار دیناری ناردووە، بۆیە لە كۆتاییدا بەغداد خۆی راستەوخۆ پارەی داهاتی ناوخۆی لە موچەی مانگی 12 بڕیوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راپۆرتی خۆیدا بڵاوی كردەوە كە لە ساڵی 2024 بڕی (10 ترلیۆن و 901 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە بە بێ ئەو (441) ملیار دینارەی كە بۆ موچەی مانگی (12) ناردوویەتی
تەمویلی وزارەتی دارایی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (10 مانگی یەکەمی 2024)
بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە دواترینیانی بۆ کۆتایی تشرینی یەکەمی 2024 لە (24/12/2024) بڵاو کردووەتەوە، لە سەرەتای ساڵەوە بۆ کۆتایی تشرینی یەکەمی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە چوارچێوەی خەرخییەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە بڕی (10 ترلیۆن و 901 ملیار و 261 ملیۆن و 957 هەزار و 875) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەجۆرێک؛
1. بە بڕی (7 ترلیۆن و 687 ملیار و 867 ملیۆن و 216 هەزار و 132) دینار و بە ڕێژەی (71%)ی خەرجییەکانی وەزارەتەکە لە چوارچێوەی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستاب بۆ موچەی فەرمانبەران نێردراوە.
2. بڕی (251 ملیار و 699 ملیۆن 449 هەزار و 667) دینار بە ڕێژەی (2%)ی خەرجییەکان بۆ بواری خزمەتگوزاری (المستلزمات الخدمیة) نێردراوە.
3. بڕی (285 ملیار و 143 ملیۆن و 528 هەزار و 433) دینار بە ڕێژەی (3%)ی خەرجییەکان بۆ بواری شمەک (المستلزمات السلعیة) نێردراوە.
4. بڕی (130 ملیار و 825 ملیۆن و 557 هەزار و 26) دینار بە ڕێژەی (1%)ی خەرجییەکان بۆ بواری چاکسازی (صیانة الموجودات) نێردراوە.
5. زیاتر لە (485 ملیار و 831 ملیۆن و 378 هەزار) دینار بە ڕێژەی (4%)ی خەرجییەکان بۆ بواری هاریکای و یارمەتی و خەرجی دیکە (المنح والاعانات والفوائد والمصروفات الاخری) نێردراوە.
6. زیاتر لە (ترلیۆنێک و 973 ملیار و 246 ملیۆن و 384 هەزار) دینار بە ڕێژەی (18%)ی خەرجییەکان بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی (الرعایة الاجتماعیة) نێردراوە.
7. زیاتر لە (86 ملیار و 648 ملیۆن و 443 هەزار) دینار بە ڕێژەی (1%)ی خەرجییەکان بۆ بوار و خەرجی سەمایەگوزاری (النفقات الرأسمالیة) نێردراوە.
بۆ وردەکاری زیاتر لە بارەی تەمویلە داراییەکانی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی (10ی 2024) بەپێی مانگەکانی ساڵەکە، بڕوانە خشتەکەی خوارەوە؛
خشتە
لینكی راپۆرتەكانی وەزارەتی دارایی عێراق