(15) لاندكرۆزەر بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كڕدرا
2024-12-30 16:19:56
درەو:
بایی نزیكەی (170) ددەفتەر دۆلار، (15) لاندكرۆزەری مۆدێل بەرز بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كڕدراوە، كە دراوە بە وەزیر و بریكاری وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتییەكان.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) چەند رۆژێكە (15) لاندكرۆزەری مۆدێل بەرز 2024 بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كڕدراوە، بایی نزیكەی (ملیۆنێك و 700) هەزار دۆلارە كە دەكاتە (170) دەفتەر دۆلار، دەكاتە (2 ملیار و 225 ملیۆن) دینار، لە كاتێكدا كۆی موچەی مانگانەی تەواوی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە (4 ملیار و 700 ملیۆن) دینارە.
هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن كە دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە داوای لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كردووە و رەزامەندی بۆ كرێنی ئەو (15) لاندكرۆزەرە وەرگیرتووە، هەندێكی تریش دەڵێن پارەكەی لەلایەن كۆمپانیایەكی رێگاوبانەوە بۆ دابینكراوە.
كرێنی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە كاتێكدایە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەی مانگی (11، 12)ی 2024 دەكەن و نزیكەی (20) رۆژە بەغداد بڕی (631) ملیار دیناری ناردوووە بۆ موچەی مانگی (11)ی موچەخۆران بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی پارەی زیاتر دەكات تا كورتهێنانی مانگی (11) پڕبكاتەوە.