Draw Media

كورده‌كانی سووریا پێویستیان به‌ هه‌رێمێكی دژه‌فڕینه‌

كورده‌كانی سووریا پێویستیان به‌ هه‌رێمێكی دژه‌فڕینه‌

2024-12-26 19:15:08



نووسینی: میكڵ ڕۆبن
وه‌رگێڕانی: عه‌لی نادر
هاوشێوه‌ی به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌كانی ئه‌مریكا، جۆرج بۆشی باوك بۆ ماوه‌یه‌ك بیری له‌و به‌ڵێنانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێشتر كه‌وتبوونه‌ سه‌ر زاری. كوتومت له‌ 15 كانوونی یه‌كه‌می 1991دا بوو، واته‌ پاش دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ ڕزگاركردنی كۆیت له‌ ده‌ستی حكوومه‌ته‌كه‌ی سه‌دام حسێن، داوای له‌ گه‌لانی عێراق كرد بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن و له‌ دژی سه‌دام حسێنی دیكتاتۆر ڕابپه‌ڕن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كورده‌كان و شیعه‌كان هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت. ئه‌وه‌ بوو له‌ شاری ڕانییه‌وه‌ ڕاپه‌ڕین ده‌ستی پێ كرد و له‌ ماوه‌ی پازده‌ ڕۆژدا كورده‌كان توانییان ده‌سته‌ڵاتی سه‌دام ڕابماڵن.
هه‌رچه‌ند له‌و ده‌مه‌دا بۆش داوای له‌ عێراقییه‌كان ده‌كرد له‌ به‌ده‌ستهێنانی ئازادیی خۆیاندا په‌له‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ها داوای له‌ ئه‌مریكایییه‌كان كرد به‌په‌له‌ له‌ عێراق بكشێنه‌وه، به‌ڵام هێشتا له‌نێو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌سانێك هه‌بوون داوای ئاساییكردنه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراقدا ده‌كرد. هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا به‌رپرسانی ئه‌مریكا گیراوانی گاردی كۆمارییان ئازاد كردن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌دام بتوانێت ڕاپه‌رینه‌كانی كورد و شیعه‌ سه‌ركوت بكات. له‌و كاته‌دا كۆپته‌ره‌ جه‌نگییه‌كانی سه‌دام كه‌وتنه‌ وێزه‌ی گونده‌كانی كوردستان. ئه‌مه‌ و ترسی كیمیاباران كه‌ هێشتا وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ بوو، وای كرد كورده‌كان به‌سه‌ر چیا سه‌ركه‌شه‌ به‌فرگره‌كانی باكووردا ئاودیوی توركیا ببن. كۆتا شت كه‌ حكوومه‌تی توركیا له‌و ده‌مه‌دا بیری لێ ده‌كرده‌وه‌، هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئاواره‌ كوردانه‌ بوو بۆ نێو وڵاته‌كه‌ی. هه‌ر بۆیه‌ تورگات ئۆزالی سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی توركیا پێشنیاری دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارامی له‌ باكووری عێراق كرد. ئه‌نجوومه‌نی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ بڕیاره‌كانی ژماره‌ 678 و 688 ناوچه‌ی دژه‌فڕینی له‌ باكووری عێراق دروست كرد. ئۆزال ڕێگه‌ی دا فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌كار بێنن. ئه‌و كاته‌ی كورده‌كان ڕژانه‌ نێو ئه‌و ناچه‌ ئارامه‌وه‌، ئه‌مریكا ناوچه‌كه‌ی فراوان كرده‌وه‌ و بۆ 9300 كیللۆمه‌تری چوارگۆشه.
زۆر جار ئه‌گه‌ر مێژوو خۆی دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا ڕووداوی هاوشێوه‌ دروست ده‌كاته‌وه‌. جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكا، هاوشێوه‌ی جۆرج بۆش، هانی كورده‌كانی دا له‌ دژی ئه‌سه‌د ڕابپه‌رن، هه‌رچه‌ند نه‌یویست پشتگیریی ڕاسته‌وخۆی خۆی له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاشكرا بكات. له‌م ئانوساته‌دا وه‌زا‌ره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌ته‌مایه‌ ئاشته‌وایی له‌ سووریا دروست بكات. بڕیاری ئیداره‌ی جۆ بایدن بۆ ده‌ستشلكردنه‌وه‌‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌بوو محه‌مه‌د جۆلانی و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی لایه‌نگری توركیا ڕه‌وایه‌تی به‌و گرووپانه‌ ده‌دات. ئامانجی توركیا و میلیشیاكانی له‌م كاته‌دا ڕیشه‌كێشكردنی ده‌سته‌ڵاته‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌كه‌ی كورده‌كانه‌ له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا. پێشنیاره‌كه‌ی جۆلانی بۆ پاراستنی به‌ندییه‌كانی نێو ئۆردووگای (الهول) كه‌ هه‌زاران لایه‌نگری داعش و خێزانه‌كانیانی تێدا به‌ند كراوه‌، له‌م كاته‌دا كه‌مێك پێكه‌نیناوی دێته‌ به‌ر چاو. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ گورگ بكه‌یت به‌ شوانی مه‌ڕ. ئه‌گه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌وا بارودۆخ له‌ ئێستا خراپتر ده‌بێت، چونكه‌ هه‌زاران لایه‌نگری داعش نه‌ك ته‌نیا له‌ سووریا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵكه‌ به‌ هه‌موو وڵاتانی ئه‌وروپایشدا بڵاوه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌ستی ئۆردوگان كراوه‌ ده‌كات له‌به‌رانبه‌ر سه‌ركرده لاوازه‌‌كانی ئه‌وروپا و ناتۆدا سنگ ده‌ربپه‌ڕێنێت و جارێكی تر ده‌رگا بۆ په‌نابه‌ره‌ نایاسایییه‌كان بكاته‌وه‌. ئۆردووگان هاوشێوه‌ی ئۆزال نییه‌، له‌ كاتێكدا ئۆزال له‌ هه‌وڵی قاییلكردنی كورده‌كان و ئیسلامییه‌كاندا بوو، به‌ڵام ئۆردووگان خۆرئاوا به‌ لاواز ده‌بینێت، سیاسه‌ت چه‌شنی یاریی چه‌رخ و فه‌له‌ك ته‌ماشا ده‌كات. له‌ خه‌یاڵی خۆیدا خوا په‌یامی بۆ ناردووه‌ هاوشێوه‌ی به‌رپرسه‌ عوسمانییه‌كان كورده‌كان ڕیشه‌كێش بكات، هه‌ر وه‌ك چۆن ئه‌رمه‌نه‌كانیان پاكتاو كرد.
كورده‌كانی سووریا، به‌ پێچه‌وانه‌ی كورده‌كانی عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵی 1991، هیچ په‌ناگه‌یه‌كیان نییه‌ په‌نای بۆ ببه‌ن. ئه‌گه‌ر ڕوو له‌ تووركیا بكه‌ن، به‌ ده‌ستی خۆیان گۆڕ بۆ خۆیان هه‌ڵده‌كه‌نن. كوردستانی عێراقیش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئارام نییه‌. پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی پێگه‌یه‌كه‌ بۆ جاشه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ پارتێكی نیشتمانی نییه‌، به‌رپرسانی پارتی دۆزی نیشتمانیی كوردییان كردووه‌ به‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیان. تێڕوانینی ئه‌وان بۆ كوردستان هاوشێوه‌ی تێڕوانینی تووركه‌كانه‌ بۆ باكووری قوبرس. ئه‌مڕۆ ئه‌مان وای پیشان ده‌ده‌ن حكوومه‌تێكی كارایان هه‌یه‌، وه‌لێ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینرێت ته‌نیا هه‌رێمێكی داگیركراوه‌ و بووه‌ به‌ هۆكارێك بۆ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌.
ده‌توانین زۆر به‌سانایی ئه‌وه‌ بڵێین داگیركردنی ڕۆژئاوا له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ده‌بێته‌ په‌ڵه‌یه‌ك به‌نێوچاوانی ئیداره‌كه‌ی بایدن له‌ لایه‌كه‌وه‌، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپیش له‌ گۆڕ ده‌نێت، چونكه‌ بڕیار وایه به‌ پێی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌براهه‌م، تره‌مپ كۆتایی به‌ تیرۆر بهێنێت و پارێزگاریی له‌ ئاساییشی ئیسرائیل بكات.
‌كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا پێشنیاره‌كه‌ی ئۆزال بۆ ڕۆژئاوا به‌كار بێنێت و هه‌رێمێكی دژه‌فرین و ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ ڕۆژئاوا دروست بكات، كه‌ له‌ عه‌فرینه‌وه‌ بۆ سمێلكا و له‌ قامیشلییه‌وه‌ بۆ دێر زوور درێژ ببێته‌وه‌. گومان له‌وه‌دا نییه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ توركیا هاوكاریی ئه‌مریكا ناكات و هه‌رگیز به‌و بڕیاره‌ قاییل نابێت، ئه‌وه‌ی جێی خۆشحاڵییه‌ ئه‌مریكا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نه‌ پێویستی به‌ به‌كارهێنانی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیایه‌، نه‌ پێویستی به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ئۆردووگانه‌، چونكه‌ ئۆردووگان نابێت به‌ ئۆزال. ئامانج له‌ كارێكی له‌و جۆره‌ خزمه‌ت به‌ مرۆڤاییه‌تییه‌. ئه‌گه‌ر ئۆردووگان باس له‌ كاری دیبلۆماسی ده‌كات، ده‌بێت له‌گه‌ڵ كێدا ئه‌و كاره‌ بكات؟ پێناچێت بریكاره‌كانی له‌ سووریا به‌ ڕاشكاوانه‌ بیانه‌وێت له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا بكه‌ونه‌ شه‌ڕه‌وه‌، چونكه‌ كورده‌كان هیچ زیانێكان بۆیان نییه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ بریكاره‌كانی تووركیا هێشتا له‌ لای باشووره‌وه‌ پێویستیان به‌وه‌یه‌ هه‌یمه‌نه‌ی خۆیان به‌سه‌ر گرووپه‌كانی تردا بسه‌پێنن.
ده‌كرێت ئه‌مریكا ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ له‌ سنووره‌كانی ئۆردووندا دروست بكات، چونكه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی چۆڵن و به‌ئاسانی ده‌پارێزرێن. ڕه‌نگه‌ شانشینی ئوردن كارێكی له‌و شێوه‌ی پێ خۆش بێت، چونكه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ له‌ گرووپه‌ ئیسلامییه‌ دژه‌ هاشمییه‌كان ده‌یپاریزێت، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ڕێگری له‌ پێشڕه‌وییه‌كانی هه‌یئه‌ی ته‌حریری شام ده‌كات. ده‌كرێت ئیسرائیل به‌ڵێنه‌كانی خۆی به‌ كورده‌كان بكات به‌ كردار و بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ كار بێنێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت، ده‌توانێت فڕۆكه‌وانه‌كانیشی بخاته‌ خزمه‌تی كورده‌كانه‌وه‌. شانشینی سعودیه‌ كه‌ به‌ئارامی و له‌ژێره‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ كورده‌كانه‌وه‌ كردووه‌، چونكه‌ له‌ پاوانخوازییه‌كانی ئۆردووگان و ئایدۆلۆجیا دڕندانه‌كانی ده‌ترسێت، ڕه‌نگه‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی بخاته‌ خزمه‌ت كورده‌كانه‌وه‌. ده‌كرێت ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپایییه‌كانیش بیانه‌وێت یارمه‌تیده‌ر بن.
ڕه‌نگه‌ كورده‌كانی عێراق حه‌زیان له‌و كێشمه‌كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یییانه‌ نه‌بێت كه‌ هاوخوێنه‌كانیان له‌ سووریا خۆیان تێ ئاڵاندووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ئه‌مریكا ئاساییشی كوردستان بپارێزێت، ئه‌وا ده‌بێت باجی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌یان بده‌ن. مه‌سرور بارزانی كه‌ هاوشێوه‌ی سووڵتانه‌كان خه‌ون به‌ ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ ده‌بینێت، له‌ 21 ساڵی ڕابردوودا كه‌ گرین كارتی ئه‌مریكاییی وه‌رگرتووه‌، هیچ باجێكی به‌ ئه‌مریكا نه‌داوه‌، ئه‌و له‌ كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزوێنییه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆیدا ئاگری لێ ده‌بارێت، به‌ڵام كاتێك دێته‌ ئه‌مریكا له‌ ترسی نه‌یاره‌كانیدا كه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ پاره‌ بیانكڕێت، وه‌ك به‌رخ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌، ئۆردوگان وه‌ك به‌ڵته‌چییه‌ك قسان ده‌كات، هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كورد و ئه‌رمه‌نانه‌ی كه‌ توانای به‌رگریی فڕۆكه‌ و هێزه‌ ئاسمانییه‌كانیان نییه‌، به‌ڵام كاتێك ڕووبه‌ڕووی دراوسێ به‌هێزه‌كه‌ی ده‌بێته‌وه‌، به‌ جۆرێكی تر مامه‌ڵه‌ ده‌كات.
به‌ كورتی، كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئیداره‌كه‌ی بایدن، یان تره‌مپ، ناوچه‌یه‌كی دژه‌فڕین له‌ ڕۆژئاوا دابنێت و به‌ توركیا بگوترێت ”ئیتر به‌سه‌“. چونكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كرێت توركیا ناچار بكرێت واز له‌ پاوانخوازی و پاكتاوی ڕه‌گه‌زی و پشتگیریی گروپه‌ تووندڕه‌وه‌كان بهێنێت.
تێبینی: بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م بابه‌ته‌ مۆڵه‌تی نووسه‌ر وه‌رگیراوه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand