دادگای كارگێڕیی سكاڵاكەی پارتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی رەتكردەوە
2024-12-24 12:59:45
(درەو):
دادگای كارگێڕیی عێراق سكاڵاكەی پارتی دیموكراتی كوردستانی لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك لە هۆتیڵ رەشیدی بەغدادەوە رەتكردەوە، بەڵام هەمان سكاڵای بەرەی توركمانی و راكان جبوری هێشتەوەو سەرەتای ساڵی ئایندە بڕیاری لێ دەدات.
دادگای كارگێڕیی عێراق سكاڵای پارتی دیموكراتی كوردستانی سەبارەت بە شەرعیەتی حكومەتی خۆجێی كەركوك رەتكردەوە. پارتی و بەرەی توركمانی و راكان جبوری لە پێكهاتەی عەرەب هەرسێكیان لەسەر هەمان بابەتی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك سكاڵایان تۆماركردووە، بەڵام بەپێی قسەی سەرچاوەكان، دادگای پارتی تەنیا سكاڵاكەی پارتی رەتكردوەتەوەو سكاڵاكەی بەرەی توركمانی و راكان جبوری بۆ رۆژی 22ی كانونی دووەمی ساڵی ئایندە دواخستووە.
رۆژی 10ی ئابی ئەمساڵ، لە كۆبوونەوەیەكدا لە ئۆهێل رەشید لە بەغداد، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ نیوەی پێكهاتەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئیمزا كردو بەمە نیسابی یاسایی بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی تەواو كرد، بەگوێرەی رێككەوتنەكە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دوو ساڵی یەكەمی پۆستی پارێزگاری وەرگرت و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاش درا بە پێكهاتەی عەرەب، بەومەرجەی دوای دوو ساڵ پۆستەكان ئاڵوگۆڕ بكەن.
لەوكاتەوە تائێستا، پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی توركمانی و نیوەی پێكهاتەی عەرەبی كە بە تێكڕا لە كۆی 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگا (7) كورسییان هەیە، دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگایان بایكۆت كردووە.
ئەم سێ لایەنە كۆبوونەوەكەی هۆتێل رەشیدی بەغداد بە نایاسایی دەزانن، بۆیە سكاڵایان تۆماركردووەو پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگار (رێبوار تەها)و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا (محەمەد حافز) بە نایاسایی ناودەبەن.
ئەمە جاری پێنجەم بوو كە دادگای كارگێڕیی عێراق بڕیاردانی كۆتایی لەسەر كەیسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك دواخست، بەر لە بڕیاری دادگا لەسەر سكاڵاكەی پارتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی و رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك چونە بەغدادو فایەق زەیدان سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی و ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسی تری عێراقیان بینی.