Draw Media

نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2024)دا

نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2024)دا

2024-12-23 18:20:00



 
راپۆرتی: درەو

🔹 لە ماوەی ساڵی (2024)دا هیچ داهاتێکی فڕۆشتنی نەوتی هەرێم نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، سەرباری ئەوەی نەوت سامانێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بەڵام نەک بە ڕاستەوخۆ بەڵکو بە ناڕاستەوخۆش لە ساڵی (2024)دا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سودمەند نەبوونە لەو سامانە سروشتییە نیشتمانییە، چونکە تەنانەت حکومەتی هەرێم ئامادە نەبووە هاوشێوەی حکومەتی عێراقیش پاڵپشتی کەرتی سوتەمەنی بکات، تا وەکو هاوڵاتیانی هەرێم بەنرخی گونجاوتر دەستیان بە بەرهەمە نەوتییەکانی وەک (نەوت، گاز، بەنزین و ...هتد) بگات.
🔹 ڕۆژانە لە هەرێم سەرو (300 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم هێنراوە، لەو ڕێژەیە (200 هەزار) بەرمیلی بۆ ئێران و تورکیا لە ڕێگەی تانکەرەوە گوازراوەتەوە و باقیەکەی لە ناوخۆی هەرێم ساخ کراوەتەوە، داهاتی مانگانەی نەوت بە نزیکەی (340 ملیۆن) دۆلاری مانگانەو سەرو (4 ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت لە ساڵی 2024دا.
🔹 ئەگەر بە تێکڕا داهات و بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانی و فەرمییەکان لێکبدەینەوە، ئەوا بە تێکڕا لە کێڵگە نەوتییە بەرهەمهێنەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (301 هەزار و 604) بەرمیل نەوت بەرهەمهێنرابێت بۆ كۆی ساڵەكە (110) ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمهاتووە، هەر بەرمیلێک نەوتیش بە تێکرا و بە نیوە کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی برێنت و بۆ هەر بەرمیلێک بە (35-40 دۆلار) بخەمڵێنین، ئەوا داهاتی ڕۆژانەی نەوتی بەرهەمهاتوو بە بێ تێچوو و کرێی بەرهەمهێنان، بریتی دەبێت لە (11 ملیۆن) دۆلار بە مانگەکانە دەکاتە (339 ملیۆن ) دۆلارو لە تەواوی ساڵی (2024) کۆی داهاتەکەی دەگاتە (4 ملیار) دۆلار، وەک لە خشتەی (1)دا هاتووە.

 

بەرهەمهێنان و بە قاچاخ بردنی نەوتی هەرێم و قازانجی کۆمپانیا و بازرگانانی نەوت لە ساڵی 2024 دا
سەرەڕای ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە تەواوی ساڵی (2024) بە ڕاگیراوی مایەوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، بەڵکو کێڵگە نەوتییەکان بەردەوام بەرهەمیان هەبووە، کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت بە شێوەی وەرزی ڕاپۆرتی کارو چالاکی و بەرهەم قازانجی خۆیان بە شێوەی وەرزی بڵاو کردووەتەوە، بۆ نمونە؛
1.    رۆژی (8/5/2024) کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی، بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی (2024) ڕاگەیاند؛ کە کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (183ملیۆن) دۆلار بووەو (61 ملیۆن) دۆلار قازانجی کردووە. لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (76 هەزار و 310) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بە جۆرێک؛ رۆژانە (28 هەزار و 379) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (47 هەزار و 931) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور، هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (30) دۆلار بە بازرگانانی ناوخۆ فرۆشراوەو لە ڕێگەی تانکەرەوە گواستراوەتەوە. هەمان کۆمپانیا رۆژی (15/8/2024) بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ چارەکی دووەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند؛ کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (137 ملیۆن) دۆلار بووە، بڕی (35 ملیۆن) دۆلار قازانجی هەبووە. لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (79 هەزار و 783) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ، ئەو بەرهەمەش بەڕێژەی (5%) بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ. رۆژانە (30 هەزار و 684) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (49 هەزار و 99) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور بەرهەمهێناوە، هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بەرمیلێک نەوتی هەرێم بەسەرو (30) دۆلار بە بازرگانانی ناوخۆ فرۆشراوەو لە ڕێگەی تانکەرەوە گواستراوەتەوە.
رۆژی (7/11/2024) کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی، بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند؛ کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (170.5 ملیۆن) دۆلار بووە، پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە (20 ملیۆن) دۆلار بووە. تەنها لە هەرێمی کوردستان داهاتەکەی (59.2 ملیۆن) دۆلار بووەو نزیکەی (75%)ی پوختەی قازانجەکەی لە نەوتی هەرێمدا بووە. لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (84 هەزار و 212) بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ، ئەو بەرهەمەش بەڕێژەی (5.6%) بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە چارەکی دووەمی ئەمساڵ. رۆژانە (29 هەزار و 693) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (54 هەزار و 520) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور.

2.    بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای "گه‌نێڵ ئەنێرجی"ی تورکی بۆ نیوەی یەکەمی (2024)، لە سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتیانەی هەرێمی کوردستان کە کۆمپانیاکە تێدا پشکدارە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەم جۆرە بووە؛ ئاستی بەرهەمی نەوتی ڕۆژانە لەناوچەی گرێبەستی تاوکێ (78 هەزار و 50) بەرمیل بووە، هەر بەرمیلێک نەوت بە (34 – 37) دۆلار لە ناوخۆدا فرۆشراوەو تێکڕای نرخی نەوتی برێنت (84) دۆلار بووە. بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی (تەق تەق و سارتە) بە ڕێژەی (100%) دابەزیوە. هیچ بەرهەمێکیان نەبووە. داهاتی کۆمپانیاکە لە شەش مانگی یەکەمی (2024) بڕی (37 ملیۆن و 600 هەزار) دۆلار بووە.

3.    کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا ڕایگەیاندووە؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە (22 ملیۆن و 588 هەزار) دۆلار بووە، لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بە تێکڕای کاری رۆژانە (37 هەزار و 200) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە ماوەی ناوبراودا (3 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی کێڵگەکەی فرۆشتووە. ئەو بڕەش زۆرترە لەو بەرهەمەی لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهات. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی ئەتروش، بە تێکڕای کاری رۆژانە (20 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی (ملیۆنێک و 817 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی کێڵگەکەی فرۆشتووە. بەم پێیە کۆمپانیاکە لە (1/1/2024 – 31/3/2024) لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (57 هەزار و 400) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بە کۆی گشتی بڕی (5 ملیۆن و 162 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە.

هاوکات چارەکی دووەمی ئەمساڵدا کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمی کەنەدی ڕاگەیاندووە؛ داهاتی گشتی کۆمپانیاکە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا (22 ملیۆن و 630 هەزار) دۆلار بووە، لە (1/4/2024 – 30/6/2024) لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (54 هەزار و 800) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بە کۆی گشتی بڕی (4 ملیۆن و 901 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە.
بەو مانایەی لە (1/1/2024 – 30/6/2024) لە هەردوو کێڵگەی نەوتی (سەرسەنگ و ئەتروش)، بە تێکڕای کاری رۆژانە (56 هەزار و 100) بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوە، بە کۆی گشتی بڕی (10 ملیۆن و 63 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو فرۆشراوە. لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023) کۆمپانیاکە بە تێکڕای کاری رۆژانە (42 هەزار و 200) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوەو بە کۆی گشتی بڕی (7 ملیۆن و 116 هەزار) بەرمیل نەوتی خاوی فرۆشتبوو.
4.    کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP)ی بەریتانی، بەرهەم و داهاتی گشتی بۆ نیوەی یەکەمی (2024) بڵاو کردەوەو ڕایگەیاندووە؛ بە سەلامەتییەکی بەهێزەوە، بەبێ بەفیڕۆدانی کات (590) ڕۆژە بەردەوامین لە کارکردن. تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە نیوەی یەکەمی (2024) بە ڕێژەی (69%) زیادیکردووە بۆ (39 هەزار و 252) بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی (2023)  تێكڕای بەرهەم گەیشتبووە (23 هەزار و 256) بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستی بەهێزی بازاڕی ناوخۆییە بۆ نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان. بە تێکڕای (8) مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بەرزتربووەتە بۆ (41 هەزار و 400) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چونکە خواستی بازاڕی ناوخۆیی لە مانگی شوبات بەدواوە زیادی کردووە، تێکڕای بەرهەمهێنانی گشتی لە مانگی تەمموزدا نزیکەی (47 هەزار و 900) بەرمیل و لە مانگی ئاب و ئەیلودا ڕۆژانە نزیکەی (48 هەزار و 200) بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە. ئەو نرخەی لە بەرمیلێک نەوت بەدەستهاتووە لە نێوان (25 بۆ 28) دۆلار بووە، هەر بەرمیلێک نەوت بە تێکڕا بە(27) دۆلار فرۆشرابوو. بەراورد بە نرخی نەوتی برێنت لە هەر بەرمیلێک نەوتدا (57.8) دۆلار داشکاندنمان بۆ کڕیاران کردووە. داهاتی گشتی کۆمپانیاکەش سەروو (71 ملیۆن) دۆلار بووە.
5.    بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای (ئێچ كه‌ی ئێن ئێنه‌رجی) ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ؛ تێکڕای بەرهەمی گشتی کێڵگەی نەوتى سەرسەنگ لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2024)دا (36 هەزار و 763)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە. لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی (2023)دا بەرهەمی کێڵگەکە (35 هەزار و 31)بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، واتا ئاستی بەرهەم (هەزار و 732) بەرمیل نەوتی رۆژانە، بە رێژەی (5%) زیادی کردووە. هەموو فرۆشتنێکی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکە لە ماوەی چارەکی یەکەمی (2024)دا بۆ بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بووەو هەر بەرمیلێکیش بە (40.52) دۆلار فرۆشراوە، ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان (83) دۆلار بووە. هاوکات لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)دا نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی کێڵگەکە بە (66.28) دۆلار فرۆشرابوو، بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوت بە رێژەی (39%) نرخەکەی لەدەستداوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو. داهاتی کۆمپانیای (HKN Energy) بۆ چارەکی یەکەمی 2024 بەڕێژەی (35.1%) کەمیکردووە بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2023.
ئەگەر بە تێکڕا داهات و بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانی و فەرمییەکان لێکبدەینەوە، ئەوا بە تێکڕا لە کێڵگە نەوتییە بەرهەمهێنەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (301 هەزار و 604) بەرمیل نەوت بەرهەمهێنرابێت، هەر بەرمیلێک نەوتیش بە تێکرا و بە نیوە کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی برێنت و بۆ هەر بەرمیلێک بە (35-40 دۆلار) بخەمڵێنین، ئەوا داهاتی ڕۆژانەی نەوتی بەرهەمهاتوو بە بێ تێچوو و کرێی بەرهەمهێنان، بریتی دەبێت لە (11 ملیۆن و 310 هەزار و 150) دۆلار بە مانگەکانە دەکاتە (339 ملیۆن و 304 هەزار و 500) دۆلارو لە تەواوی ساڵی (2024) کۆی داهاتەکەی دەگاتە (4 ملیار و 71 ملیۆن و 654 هەزار) دۆلار، وەک لە خشتەی (1)دا هاتووە.
خشتەی (1)


هەر لە بارەی بە قاچاخ بردنی نەوتی هەرێمەوە ڕۆژی (11/7/2024) ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بە ڕێگەی بۆری، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە قاچاخی بۆ ئێران و تورکیا زیادی کردوە.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ڕۆژانە بە سەدان تەنکەری نەوتهەڵگر لە هەولێر و سلێمانیەوە بە ڕێگا پێچاوپێچەکان و ناوچە شاخاویەکاندا تێدەپەڕن و هیچ تۆمارکردنێکیان لە دەروازە سنوریەکان بۆ ناکرێت. ئەو تانکەرە نەوتانە ئەرکیان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی گواستنەوەی نەوتە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران و تورکیا و ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە ئاڵوگۆڕی نەوت، کە داهاتی مانگانەیان نزیکەی (200 ملیۆن) دۆلار دەبێت و لەبری ئەوەی بچێتە ناو خەزێنەی حکومەتی هەرێمەوە پارەکە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت.
ڕاپۆرتەکەی رۆیتەرز لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 20 شارەزاو ئەندازیاری نەوت و بازرگان و بەرپرسدا ئامادەکراوە و ئاماژەی بەوەکردوە ڕۆژانە زیاتر لە هەزار تانکەر بە بڕی (200 هەزار) بەرمیل نەوت بۆ ئێران و تورکیا دەگوازنەوە.
بە وتەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان کە لێدوانی بۆ ئاژانسەکە داوە، ڕۆژانە لە هەرێم (375 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت و لەو ڕێژەیە (200 هەزار) بەرمیلی بۆ ئێران و تورکیا دەگوازرێتەوە و باقیەکەی لە ناوخۆی هەرێم ساخ دەکرێتەوە.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و زیانە داراییەکانی بۆ سەر داهاتی گشتی لە ساڵی 2024 دا
دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس دژی ئەوەی "توركیا ر‌ێكکەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی  پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ ر‌ەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت".
دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی (277) لاپەڕەیی لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرکردووەو لە (25ی ئازاری 2023) بە فەرمی بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا (بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە.
ئێستا کە ساڵێک و 9 مانگ تێپەڕیوە، سەرباری ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق گەیشتوون بەجۆرێک لە ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا نەیتواندراوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە؛
لەم بەشەی ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو زیانە داراییانەی بەهۆی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم تەنها لە ماوەی ساڵی (2024) بەر کەرتی گشتی و دارایی حکومەتی هەرێم کەتووە، چونکە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هیچ داهاتێکی فڕۆشتنی نەوتی هەرێم نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، سەرباری ئەوەی نەوت سامانێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، بەڵام نەک بە ڕاستەوخۆ بەڵکو بە ناڕاستەوخۆش لە ساڵی (2024)دا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سودمەند نەبوونە لەو سامانە سروشتییە نیشتمانییە، چونکە حکومەتی هەرێم ئامادە نەبووە هاوشێوەی حکومەتی عێراقیش پاڵپشتی کەرتی سوتەمەنی بکات، تا وەکو هاوڵاتیانی هەرێم بەنرخی گونجاوتر دەستیان بە بەرهەمە نەوتییەکانی وەک (نەوت، گاز، بەنزین و ...هتد) بکەوێت.  
ئەو زیاننانەی بەر کەرتی گشتی دارایی هەرێم کەوتووە، دەخەمڵێندرێت بە؛
1.    بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا کە هەناردەی نەوتی هەرێمی تێدا ڕانەگیرابوو، حکومەتی هەرێم لە تەواوی ساڵەکەدا بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی تەنها لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی ڕادەستی کڕیاران کردبوو.
2.    ئەگەر حکومەتی هەرێم بە هەمان توانای ساڵی (2022) نەوتی هەرێمی لە ساڵی (2024)یشدا هەناردە بکردایە، لەسەر ئەو بنەمایەی تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە ساڵی (2024)دا (80.54) دۆلار بووە و هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە (15.79) دۆلار کەمتریش بفڕۆشتایە وەک ئەوەی لە ساڵی (2022)دا فڕۆشتبووی، ئەوا هەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2024) بە (64.75) دۆلار دەفڕۆشرا و کۆی داهاتی هەناردەکراوەی هەرێم نزیکەی (9 ملیار و 357 ملیۆن) دۆلار دەبوو.
خشتەی ژمارە (2) پرۆسەکە رونتر دەکاتەوە.
خشتەی ژمارە (2)

سەرچاوەکان
-    درەو میدیا، بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی نەوتی هەرێمی كوردستان، 1/3/2024؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=14745
-    Deloitte report on Oil and Gas review in the Iraqi Kurdistan Region – 2022, at;
https://gov.krd/english/information-and-services/open-data/deloitte-reports/deloitte-report-2022/
-    Crude Oil Brent US Dollars per Barrel, Europe Brent Spot Price FOB 2024, at;
https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?dr
-    Timour Azhari, Kurdish oil smuggling to Iran flourishes, reuters, July 11, 2024, at;
https://www.reuters.com/world/middle-east/kurdish-oil-smuggling-iran-flourishes-2024-07-11/
-    DNO Reports Strong First Quarter Results, Steps Up North Sea Activity, 8/5/2024,at;
https://www.dno.no/en/investors/announcements/dno-reports-strong-first-quarter-results-steps-up-north-sea-activity-2024-05-08/
-    Q2 2024 Trading Update and Invitation to Earnings Call, DNO, 6/8/2024 at;
https://www.dno.no/en/investors/announcements/q2-2024-trading-update-and-invitation-to-earnings-call-2024-08-06/
-    Q3 2022 Trading Update and Invitation to Earnings Call, DNO, 14/10/2024 at;
https://www.dno.no/en/investors/announcements/q3-2024-trading-update-and-invitation-to-earnings-call-2024-10-14/
-    Genel Energy plc - Unaudited results for the period ended 30 June 2024, 6/8/2024, at;
https://genelenergy.com/wp-content/uploads/2024/08/HY2024-results_FINAL.pdf
-    ShaMaran Reports First Quarter 2024 Results, May 8, 2024, at;
https://shamaranpetroleum.com/news/shamaran-reports-first-quarter-2024-results-122854/
-    ShaMaran Reports Second Quarter 2024 Results, August 8, 2024. At;
https://shamaranpetroleum.com/news/shamaran-reports-second-quarter-2024-results-122861/
-    Gulf Keystone, 2024 Half Year Results Announcement, 29TH AUGUST 2024, at;
https://www.gulfkeystone.com/2024-half-year-results-announcement/
-    HKN ENERGY; Q1 2024 – Management Update, May 24, 2024;
https://www.hknenergy.com/wp-content/uploads/2024/05/Q1-2024-Mgmt-Update-05242024.pdf

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand