داهات (ترلیۆنێك و 101 ملیار)دینارەو موچەی پێویستی بە (995 ملیار) دینارە
2024-12-07 20:31:40
درەو:
داهاتی بەردەستی حكومەتی هەرێم (761) ملیار دینار پارەی بەغداد (320) ملیار دینار داهاتی ناوخۆ، (20) ملیار دینار پارەی هاوپەیمانان، كۆی گشتی دەكاتە ( ترلیۆنێك و 101 ملیار) دینار كە زیاتر لە (100) ملیار دیناری زیاترە لە خەرجی موچە كە (995) ملیار دینارە، ئەمە سەرەرای پارەی داهاتی نەوت كە بەشی زۆری بۆ كۆمپانیاكانە مانگانە (360) ملیۆن دۆلار واتا (540) ملیار دینارە،
رۆژی (18/10/2024) وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دوایین موچەی دابەشكردووە كە موچەی مانگی ئەیلولی (2024)ە، تا ئێستا كە لە مانگی كانونی یەكەمداین هێشتا موچەی مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەم دابەشنەكراوە، لە كاتێكدا موچەخۆرانی عێراق موچەی مانگی تشرین یەكەم و دووەمیشیان وەرگرتووە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا پێویستی بە (995) ملیار دیناری مانگانەیە تەنیا بۆ موچەی موچەخۆران، حكومەتی عێراق موچەی مانگی تشرینی یەكەمی ناردووەو بڕەكەی (761 ملیار) دینارەو خراوەتە سەر لقی هەولێری بانكی ناوەندی، بەڵام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەیان وەرنەگرتووەو پێیان وایە (234) ملیاری تری پێویستە بۆ تەواوكردنی موچە، بە رێژەی ( 24%) كورتهێنانی هەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت هەموو بیانوویەكی بەغدایان بڕێوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە پشكی موچە هیچ رەسیدێك نەماوە بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم و هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستكردنی گومرگ و داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان.
بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە داهاتی ناوخۆیی ئەو بڕە كورتهێنانە پڕبكاتەوە.
پێشتر وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند داهاتی مانگانەی ناوخۆ (320) ملیار دینارە، كە زیاترە لە بڕی كورتهێنانەكە.
ئەمە سەرەرای داهاتی نەوت كە هیچ بڕێكی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان،رۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم نزیكەی (300) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێندرێت، نرخی بەرمیلێك بە (35-41) دۆلار دەفرۆشرێت و بەشی زۆری داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە لە بری خەرجی بەرهەمهێنان، كۆی داهاتی رۆژانەی نەوت (12) ملیۆن دۆلار و مانگانە دەكاتە (360) ملیۆن دۆلار واتا (540) ملیار دینار.
داهاتەكانی حكمەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ مانگی تشرینی یەكەم:
• (761) ملیار دیناری پارەی بەغداد
• (320) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ
• (20) ملیار دیناری هاوپەیمانان
• كۆی گشتی: ( ترلیۆنێك و 101 ملیۆن) دینار
(540) ملیار دینار داهاتی نەوت كە بەشی زۆری داهاتەكەی بۆ كۆمپانیاكانە