دوو رێگای قاچاخی نەوتی رەشی عێراق
2024-12-03 13:23:46
(درەو):
تۆڕێكی قاچاخی نەوتی رەش لە عێراق دروستبووە كە ساڵانە ملیارێك دۆلار بۆ ئێران و گروپە شیعەكانی هاوپەیمانی كۆدەكاتەوە، ئەم تۆڕە هەم نەوتی رەشی كارگەكانی قیر هەناردە دەكەن هەم نەوتی رەشی ئێران تێكەڵی نەوتی عێراق دەكەن و بەناوی عێراقەوە دەیفرۆشن، ئاژانسی (رۆیتەرز) باس لە مەترسی بەرپرسانی عێراق دەكات لە سزای نوێی ئەمریكا دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ.
پێنج سەرچاوەی ئاگادار بە (رۆیتەرز)یان راگەیاند، لەوكاتەوە كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2022وەوە پۆستەكەی وەرگرتووە، تۆڕێكی ئاڵۆزی قاچاخچێتی نەوتی رەش لە عێراق گەشەی كردووە. شارەزایان پێیانوایە ئەم تۆڕە ساڵانە لانی كەم (ملیارێك) دۆلار بۆ ئێران و بریكارەكانی كۆدەكاتەوە.
پرۆسەی قاچاخچێتییەكە سود لە سیاسەتێکی حکومەت وەردەگرێت، بەپێی ئەو سیاسەتە عێراق بە نرخێکی زۆر پاڵپشتیکراو نەوتی رەش بۆ كارگەكانی قیر تەرخان دەکات و کۆمەڵێک کۆمپانیا و گروپ و تاکە كەس لە عێراق و ئێران و دەوڵەتانی کەنداو بەشداری تێدا دەکەن، ئەمە بەگوێرەی قسەی ئەو پێنج سەرچاوەو سێ راپۆرتی هەواڵگریی رۆژئاوایی، کە دوان لە راپۆرتەكان مێژوویان بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، راپۆرتی سێیەمیشیان مێژووی لەسەر نییە.
وەكو دوان لە سەرچاوەكان دەڵێن، بەپێی ئەو پلانەی تۆڕەکە پەیڕەوی لێدەکات، مانگانە لەنێوان 500 هەزار بۆ 750 هەزار تۆن نەوتی رەشی قورس، بەو نەوتەشەوە كە گۆگردەكەی بەرزە و بەرامبەر بە 3.4 ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتە، لە وێستگەكانەوە دەگوازرێتەوەو زۆربەی هەناردەی ئاسیا دەكرێت.
لەوكاتەوە كە سودانی دەسەڵاتی گرتوەتە دەست و ژمارەیەك لایەنی جۆربەجۆر لەناوخۆی عێراق لە بازرگانییە نایاساییەكەدا تێوەگلاون، هیچ روماڵێك بۆ قەبارەی قاچاخچێتی نەوتی رەش نەكراوە.
هەروەك بەرپرسانی ئێران و عێراقیش وەڵامی داواكارییە جیاوازەكانیان نەدایەوە بۆ قسەكردن لەبارەی ئەو دەرەنجامانەی كە رووماڵەكەی (رۆیتەرز) پێی گەیشتووە.
ئێران وەكو كۆئەندامی هەناسەدانی ئابوری تەماشای عێراقی دراوسێ و هاوپەیمانی خۆی دەكات و لەرێگەی گروپە شیعە بەهێزەكان و ئەو حزبە سیاسییانەی كە پاڵپشتییان لێ دەكات، هەژمونێكی سەربازی و سیاسی و ئابوری گەورەی لە عێراقدا هەیە. بەرپرسانی عێراق و ئەمریكیی دەڵێن ئێران لەرێگەی هەناردەكردن و خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكا بەهۆی سیستەمە بانكییەكەیەوە، دراوی قورسیشی لە عێراق دەستدەكەوێت.
لەكاتێكدا بەغداد ساڵانێكە كاردەكات بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگیی لەنێوان رۆڵی خۆی وەكو هاوپەیمانی هەریەكە لە واشنتۆن و تاران، چاوەڕوان دەكرێت دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا هەڵوێستی توند بگرێتەبەر دژ بە هەوڵەكانی ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمریكا، بۆیە چاوەڕوانكراوە چالاكییەكانی تاران لە عێراق بكەوێتە ژێر وردبینی زیاترەوە.
ئەو پێنج سەرچاوەیە كە خۆیان داوایانكرد ناوەكانیان بڵاونەكرێتەوە بەهۆی هەستیاری بابەتەكەوە، وتیان: دوو رێگای سەرەكی هەن كە نەوتە رەشەكەی عێراقی لێوە دەگوازرێنەوە، یەكێكیان لەڕێگەی تێكەڵكردنیەتی لەگەڵ بەرهەمێكی هاوشێوەی ئێران و پێشكەشكردنی وەكو نەوتی رەشی عێراق، ئەمە یارمەتی تاران دەدات خۆی لەو سزا توندانەی ئەمریكا بدزێتەوە، كە بەسەر هەناردەی وزەی ئێرانیدا سەپاندووە.
رێگاكەی تر هەناردەكردنی ئەو نەوتە رەشەیە كە لە بنەڕەتەوە بۆ پرۆگرامە پاڵپشتیكراوەكە (نەوتی رەش بە نرخی پاڵپشتیكراو بۆ كارگەكانی قیر) تەرخانكراوە، لەرێگەی بەڵگەنامەی ساختەوە بۆ شاردنەوەی سەرچاوەكەی.
ئێران بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە رێگای یەكەم سودمەندە. ئێران بەزۆری بەهۆی سزاكانەوە سوتەمەنییەكەی بە نرخێكی كەم دەفرۆشێت، بەڵام دەتوانێت بە نرخێكی زیاتر بیفرۆشێت ئەگەر سوتەمەنی عێراق بانگەشەی بۆ بكرێت، بەڵام رێگای دووەم ئەو گروپانەی عێراق سودی لێ دەبینن كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و كۆنترۆڵی كاری قاچاخیەكەیان بەدەستەوەیە.
سێ سەرچاوە خەمڵاندنی بڕی داهاتی هەریەک لە دوو ڕێگاکەیان خستەڕوو، ئەمەش پشتبەست بە گریمانەکان سەبارەت بە قەبارەی بازرگانیکردن و نرخەکان. خەمڵاندنەکانیان ساڵانە لەنێوان یەک ملیار بۆ زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بوو.
ئەو سێ سەرچاوەیە وتیان: رەنگە ئەم بازرگانییە نایاساییە دامەزراوەکان و بەرپرسانی عێراق بخاتە بەردەم مەترسیی بۆ سزاکانی ئەمریکاوە، بەهۆی هاوکاریکردنی ئێران، هەروەك بەشێک لە بەرپرسانی عێراقیش نیگەرانن لەوەی رەنگە ئیدارەی ترەمپ ئەوان بکاتە ئامانج.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە سەرکردەکانی عێراق بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا، زۆر پشت بە پشتیوانی ئەو گروپە شیعانە دەبەستن كە كاریگەرییان هەیەو لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، ئەمەش وا دەکات قورس بێت بۆیان رێوشوێن دژ بە چالاکی نایاسایی وەک قاچاخچێتی بگرنەبەر.
نوسینگەی سودانی وەڵامی داواکارییەکانی نەدایەوە بۆ لێدوان سەبارەت بەم بازرگانییە یان هەوڵەکانی حکومەت بۆ سنوردارکردنی.