Draw Media

پێگە سەربازی و سیاسییەکەی شاری حەلەب

پێگە سەربازی و سیاسییەکەی شاری حەلەب

2024-12-01 20:21:27



درەو:

🔻 پێشڕەوی خێراو هێرشی لەناکاوی گروپە توندڕەوەکانی سوریا بۆ سەر شاری حەلەب، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا توندو چڕترین پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆیی سوریایە.
🔻 حەلەب گەورەترین ناوەندی ئابووری وڵات بووە پێش ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەهۆی شەڕەوە لەناوبچێت. پێش جەنگ یەکەم شاری گەشتیاری وڵاتەکەبوو، حەلەب نزیکەی یەک لەسەر سێی ئابووری ناوخۆیی پێکدەهێنا، لەکاتێکدا نزیکەی (23%)ی هێزی کاری وڵاتەکەی پێکدەهێنا، شارەکە نزیکەی (48%)ی بەرهەمی گەنم و جۆی بەرهەمدەهێنا و (30%)ی پیشەسازییەکانی سوریاش لەوێ چڕبووبوونەوە.
🔻 لەدەستدانی حەلەب پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ ڕژێمی سوریا، بەو پێیەی بە مانای لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر تەواوی باکووری ڕۆژئاوادا دێت. و لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا تایبەتمەندی ململانێکان و هاوکێشەکان دەگۆڕێت.

 

ئۆپەراسیۆنی رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدوان"
ڕۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2024، "ژووری بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان" کە نوێنەرایەتی چەند گروپێک دەکات لەشاری ئیدلب، ئۆپەراسیۆنی رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدوان"ی دەستپێکرد، بە خێرایی لە چەند بەرەیەکەوە بەرەو شاری حەلەب و لادێکانی پێشڕەوی کرد، بەم هەنگاوەشی سوریا دەکەوێتە نێو قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسی و سەربازییەوە.
لەدوای ئەوەی هێزەکانی سوپای سوریا لە ساڵی 2016 بە هاوکاری ڕوسیا و ئێران دەستیان بەسەر حەلەبدا گرتەوە، تا ئەم ئۆپەراسیۆنە هیچ چەکدارێکی ئۆپۆزسیۆن نەچووبوونە ناو حەلەبەوە، تورکیاش کە پاڵپشتی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریای کردووە، لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیدا بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی حکومەتی سوریا شکستی هێنا، کە وەک پێشێلکاری ئەو ڕێککەوتنە سەیر دەکرا لە ساڵی 2019 لەلایەن ڕووسیا و تورکیا و ئێرانەوە ئەنجام درا بۆ بەستنی هێڵی ململانێکان.
حەلەب شوێنی هەندێک لە شەڕە وێرانکەرەکانی شەڕی ناوخۆی سوریا بووە و گروپە یاخیبووەکان و ڕژێمی ئەسەد چوار ساڵیان لە شەڕی کۆنترۆڵکردنی شەقامەکانیدا بەسەر بردووە.
سەرەتا "ژووری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان" ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدو" و وەستاندن و بە ئامانجگرتنی ڕژێم و هاوپەیمانەکانییەتی بۆ ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سوریا، ئەمە جگە لەوەی کە ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان. بەڵام داڕمانی خێرای بەرگریی ڕژێمی سوریا ڕێگەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دا کە پێشڕەوی چاوەڕواننەکراو بکەن و زیاتر لە ٦٠ شارۆچکە و شوێنی ستراتیژی کۆنترۆڵ بکەن، لەوانە فەوجەکانی ٤٦ و سەنتەری لێکۆڵینەوەی زانستی، شوێنە سەرەکییەکانی سەر ڕێگای (M5) گەورەترین خەڵات بوو چوونە ژوورەوە و کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزسیۆن بۆ شاری حەلەب و قەڵاکەی لە ئێوارەی هەینی ٢٩ی تشرینی دووەمی 2024.
بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە ڕووداوێکی نائاساییە و گرنگی ستراتیژیی "پایتەختی ئابووری" سوریا چییە، وا هەموان چاویان تێبڕیوە؟

گرنگی ستراتیژی شاری حەلەب
شاری حەلەب لەڕووی چڕی دانیشتوانەوە گەورەترین شاری سوریایە و یەکێکە لە کۆنترین شارە نیشتەجێکراوەکانی مێژوو، لە شوێنێکی ستراتیژی یەکلاکەرەوە و گرنگییەکی مێژوویی و سیاسی و ئابووریدا هەڵکەوتووە، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێگەی ململانێی نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە ساڵی 2011 ەوە، گومانی تێدا نییە کە کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ سەر شارەکە لە 29ی تشرینی دووەمی 2024 نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخانێکی گەورە دەکات لە شەڕی سوریا و نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی ستراتیژی گەورە دەکات لە شەڕەکەدا، هەروەها تایبەتمەندییەکانی ململانێکان و هاوکێشەکان دەگۆڕێت لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بۆ لایەنە ململانێکارەکانی(ڕژێمی سوریا، ئوپۆزسیۆنی سوریا و هەسەدەو وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی).

شاری حەلەب، شوێنی جوگرافی و گرنگی ستراتیژی
شوێن و ڕووبەر: ڕووبەری پارێزگای حەلەب بۆ (18.5 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشە درێژ دەبێتەوە، لە کاتێکدا ڕووبەری شاری حەلەب (190) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە بە زەوییە هەمەچەشنەکانی کە دەشت و گرد و زەوییە بەپیتەکان ناسراوە، چونکە دەکەوێتە یەکتربڕینی نێوان فورات و دەریای ناوەڕاست.
دەروازەی باکوری سوریا: حەلەب دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا، ئەمەش وایکردووە ببێتە پردی نێوان ناوخۆی سوریا و دەرەوەی سوریادا. بایەخی ستراتیجی حەلەب بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خاڵێکی سەرەکی پەیوەندی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە و بە درێژایی سەردەمە کۆنەکانیش بە هۆی نێوەندگیری نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا وەک ناوەندێکی گرنگی سیاسی، ئابووری، ئایینی و ژیانی و ژیاری بووە.
تۆڕی گواستنەوە: حەلەب ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سوریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەمەش دەبێتە ناوەندێکی گرنگی لۆجستی. کۆنتڕۆڵی هەر لایەنێک بەسەریدا بە واتای کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوی بازرگانی و هێڵەکانی دابینکردن لە باکووری وڵاتەوە بۆ باشوور، تا دیمەشق.
سەنگی دیمۆگرافی و مێژوویی: بەهۆی چڕی دانیشتوان و مێژووی دێرینی، حەلەب نوێنەرایەتی ناوەندێکی شارستانی و ڕۆشنبیری دەکات، کە بەهایەکی ڕەمزی گەورەی هەیە، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی و قەرەباڵغترین پارێزگایە لە سوریا و زیاتر لە ٤ ملیۆن کەسی تێدا دەژیا، بەگوێرەی ناوەندی ئاماری سوریا بۆ لە ساڵی 2011.
ئابووری: حەلەب گەورەترین ناوەندی ئابووری وڵات بووە پێش ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەهۆی شەڕەوە لەناوبچێت. پێش جەنگ یەکەم شاری گەشتیاری وڵاتەکەبوو، حەلەب نزیکەی یەک لەسەر سێی ئابووری ناوخۆیی پێکدەهێنا، لەکاتێکدا نزیکەی (23%)ی هێزی کاری وڵاتەکەی پێکدەهێنا، شارەکە نزیکەی (48%)ی بەرهەمی گەنم و جۆی بەرهەمدەهێنا و (30%)ی پیشەسازییەکانی سوریاش لەوێ چڕبووبوونەوە.

بایەخی سەربازی و سیاسی شاری حەلەب
حەلەب لە سەرەتای شەڕەوە بنکەیەکی گرنگ بووە بۆ هێزەکانی ڕژێمی سوریا. کۆنتڕۆڵکردنی یارمەتی بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکانی و ئاسایشی ناوچەکانی دەوروبەری دەدات. گومانی تێدا نییە کە لەدەستدانی حەلەب پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ ڕژێمی سوریا، بەو پێیەی بە مانای لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر تەواوی باکووری ڕۆژئاوادا دێت.
کاتێک لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١١ لە سەرانسەری سوریا خۆپیشاندانەکان سەریان هەڵدا، سوپای سوریا هەموو هەوڵێکی خۆیدا بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ حەلەب درێژنەبنەوە.
بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕش بۆ ململانێی چەکداری، حەلەب بە خێرایی ڕاکێشرا بۆ شەڕ لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٢دا، شارەکە بەهۆی دوو هێرشی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر دەزگای هەواڵگری سەربازی و بارەگای پۆلیس هەژێندرا و ٢٨ کەس کوژران.
دوای ئەوە، ڕاپۆرت و هەواڵە ڕۆژنامەوانییەکان دەستیان کرد بە قسەکردن لەسەر پێکدادانەکانی نێوان ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان و هێزەکانی ڕژێمی سوریا، شەڕی کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ٢٠١٢ دەستیپێکرد، ئۆپۆزسیۆن دەستکەوتی خێرای بەدەستهێنا، بەو پێیەی زۆرێک لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، باشووری کۆنترۆڵکرد، و ڕۆژئاوای شاری حەلەب، و تا کۆتایی مانگەکە شەڕەکە توندتر بوو و تەشەنەی کرد بۆ ناوەندی مێژوویی شارەکە، کە "قەڵا" مێژووییەکەیەتی و لە سەدەی ١٣دا دروستکراوە.
لە کۆتایی ساڵی 2013 تا ساڵی 2016 هێزەکانی ڕژیم هەڵمەتێکی ئاسمانی کوشندەیان لە شاری حەلەب بە کەڵک وەرگرتن لە بەرمیلی تەقینەوە دەستپێکرد، ئەمەش بە پاڵپشتی فڕۆکەوانی ڕوسیا ڕێگەی پێدا چەند دەستکەوتێک بەدەستبهێنن.
دواتر حەلەب بۆ ڕژێم بوو بە هێمای کۆنترۆڵکردنەوەی دوای شەڕەکانی 2016-2017. ئێستا لەدەستدانی ئەو شارەلاوازی ڕژێمی سوریا لە پاراستنی دەستکەوتە سەربازییەکانیدا نیشان دەداو ڕەنگە شەرعیەتی ئەسەد لە چاوی لایەنگران و پشتیوانە نێودەوڵەتییەکانیدا لاواز بکات.

زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان
بۆ لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن (وەک تورکیا)، کۆنترۆڵکردنی حەلەب ئامانجە ستراتیژییەکانیان کە کەمکردنەوەی کاریگەریی سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەگەیەنێت. ڕەنگە تورکیا سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن وەک دەرفەتێک بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی و سنووردارکردنی دەستێوەردانەکانی ڕوسیا و ئێران و ناچارکردنی ڕژێمی ئەسەد بۆ ڕێککەوتن بگەیەنێت، بەمەش کێشەی پەنابەرانی سووریا لەو وڵاتە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکووری سووریا چارەسەر بکات.
سەبارەت بە ڕووسیا و ئێرانیش، لەدەستدانی ئەو شارە میحوەرەکەیان کە پشتیوانی ڕژیم دەکەن لاواز دەکات و توانای مانۆڕکردنیان کەم دەکاتەوە. حەلەب لە ڕووی سەربازییەوە بۆ ئێران گرنگییەکی زۆری هەبوو، ئەمەش لە ساڵانی پێش 2020دا ڕەنگدانەوەی زۆرتری هەبوو.

سەچاوەکان
-    معهد للحوار، الأهمية العسكرية والسياسة لمدينة حلب؟، 1/12/2024؛
https://shorturl.at/Kenpd
-    العالم الجديد، أحداث سوريا.. هل تقرب العراق من سيناريو 2014؟، 1/12/2024؛
https://shorturl.at/eHono

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand