Draw Media

"16 دۆلارەكە رێككەوتنی سەرەتاییە، هەرێم داوای 22 دۆلاری دەكرد"

"16 دۆلارەكە رێككەوتنی سەرەتاییە، هەرێم داوای 22 دۆلاری دەكرد"

2024-12-01 12:12:07


(درەو):
"16 دۆلارەكە رێككەوتنی سەرەتاییە، هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك داوای 22 دۆلاری دەكرد" نوێنەری وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران هێوربكاتەوە بەمشێوەیە قسەی كرد. 
لەبارەی هەمواری ماددەی 12ی یاسای بودجەی گشتیی كە تایبەتە لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق میوانداری (باسم محەمەد خزەیر) بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دەرهێنانی نەوت و (سلام حەمدان داغر) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و (عەلا یاسری) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابوریی و (خزەیر عەباس) بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ی كرد.
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتی خۆیەتی تایبەت بە هەمواری بودجە، لەچوارچێوەی راپۆرتەكەدا پێویستە وەزارەتی پەیوەندیدار كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵە زانیاری تەواو بخاتەڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد لەسەر هەمواری یاسای بودجە هەروەها ئەو بڕەی پارەی كە دیاریكراوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی كە لە داهاتوودا دەستنیشان دەكرێت بۆ ئەوەی خەمڵاندن بكات بۆ تێچووی نەوتی هەرێمی كوردستان.
"بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا راپۆرتی خۆی پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران بكات، لیژنەی دارایی پێویستی بە هەموو وردەكارییەكان هەیە كە لە ناوەڕۆكی دەقی هەمواری یاسای بودجەدا هەن، ئەمە بۆ ئەوەیە دوای خوێندنەوەی دووەم هەموارەكە ئامادەبێت بۆ دەنگدان" نەرمین مەعروف وا دەڵێ: 
لە كۆبوونەوەكەدا مشتومڕ دروستبوو لەبارەی ئەو 16 دۆلارەی كە لە هەمواری یاسای بودجەدا وەكو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان دیاریكراوە، تا ئەوكاتەی كۆمپانیایەكی بیانی خەمڵاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات لە هەر كێڵگەیەك.
بەقسەی نەرمین مەعروف، لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەكردووە، لەماوەی رابردوودا لە ئەنجامی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغداد گەیشتونەتە ئەم رێككەوتنە سەرەتاییە، بەتایبەتی بابەتی بابەتی دیاریكردنی بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان، هەرێمی كوردستان دوای 22 دۆلاری كردووە بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت.
هەمواری مادەی 12/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت. 
ئەم هەموارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسەندكراوەو رەوانەی پەرلەمان كراوە، رۆژی 26ی ئەم مانگە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەموارەكە كرد، بڕیارە رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت.
لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری 2023وە، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بریتی بوو لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كە لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كرابوو، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بەم نرخە قایل نەبوون. 
لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنەو هەمواری یاسای بودجە، وەكو كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ، پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand