Draw Media

پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبنەوە

پارتی و یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبنەوە

2024-11-30 10:03:24



درەو:
پارتی دەیەوێت سەرۆكی حكومەت و هەرێم بەرێت و سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكان بۆ یەكێتی بێت, یەكێتی چاوی لە سەرۆكی هەرێمەو سەرۆكی پەرلەمان رەت دەكاتەوە.
وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆدەبنەوە, لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان, گفتوگۆی سەرەكی ئەمڕۆ لەسەر كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و دیاریكردنی سەرۆك و جێگرو سكرتێری پەرلەمانە لەیەكەم دانیشتندا.
(درەو) زانیویەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو ئاراستەیە گفتوگۆ دەكات كە سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانیەو لای پارتی دەبێت سەرۆكی هەرێمیش بۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت و جێگرانی بۆ یەكێتی و سەرۆكی پەرلەمانیش دەداتە یەكێتیو پارتی دەیەوێت لەیەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا كە رۆژی 2ی مانگ بەرێوە دەچێت سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرێنو ئەگەر یەكێتی ئامادەنەبوو بەو پرۆسەیە ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان لەیەكەم دانیشتندا سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت  كە (د. ڤالا فەرید) ەو بەشێوەی كاتی هەتا رێككەوتن دەكرێت, سكرتێری پەرلەمان هەڵدەبژێرێت (مونا قەهوەچی)یە, بە شێوە .
بە پێی بە دواداچوونەكانی (درەو) یەكێتی چەند سیناریۆیەكی ئامادەكردووە بۆ گفتوگۆ, لەیەكەم سیناریۆدا داوای سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات و دەیەوێت كۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم بە پۆستەكانیشەوە بكاتە یەك پاكێج, بەڵام یەكێتی تموحی لە سەرۆكی هەرێمدایە بەو پێیەی بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) قوباد تاڵەبانی چی دیكە جێگری سەرۆكی حكومەت یان هەرێم وەرناگرێت و دەیەوێت یەكێك لە پۆستە باڵاكان وەربگرێت, (درەو) زانیویەتی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت بۆیە لە نێوان رەتكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و پۆستی سەرۆكی حكومەتدا چاوەڕوان دەكرێت پۆستی سەرۆكی هەرێم بدرێتە یەكێتی, لەبەرامبەر سەرۆكی پەرلەمانیش یەكێتی چەند وەزارەتێكی گرنگ وەربگرێت لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
واتا پۆستەكان لە نێوان یەكێتی و پارتی بەم شێوەیە دەبێت:
-    سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی جێگر بۆ یەكێتی
-    سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی جێگر بۆ پارتی و ئەگەر لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەشدار بێت جێگرێكیش بۆ ئۆپۆزسیۆن.
-    سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی و جێگر بۆ یەكێتی.  
تا ئێستا یەكگرتوو هەڵوێست بڕیاری یەكلاكەرەوەیان داوە بەشداری كابینەی دەیەم ناكەن، نەوەی نوێ داوای سەرۆكی حكومەت یان سەرجەم وەزارەتەكان دەكاتو بەرەی گەل خۆی یەكلا نەكردووەتەوەو هاوپەیمانی خۆی یەكلاكردووەتەوەو بەشداری كابینەی دەیەم دەكات, كۆمەڵ بەشداری پەرلەمان و حكومەت ناكات, پێكهاتەكان پێنج كورسیە دوو كورسی نزیكە لە یەكێتی و سێ ئەندامیان نزیكن لە پارتی و بەشداری كابینەی دەیەم دەكەن و لە پەرلەمانیش بەشدار دەبن

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand