Draw Media

بۆ رێگری لە قاچاخچێتی مرۆڤ، بەریتانیا 500 هەزار پاوەند بە عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات

بۆ رێگری لە قاچاخچێتی مرۆڤ، بەریتانیا 500 هەزار پاوەند بە عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات

2024-11-28 16:06:37


(درەو): 
بۆ رێگریكردن لە قاچاخچێتی مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەكان و پرسی گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی كە مافی مانەوەیان نییە، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووەو لەم چوارچێوەیەدا بڕی 500 هەزار پاوەند تەرخان دەكات.
خاتوو (ئێڤێت كوپەر) وەزیری ناوخۆی بەریتانیا چەند رۆژێكە لە عێراقە، ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی كۆبووەوە، رێبەری ئەحمەدی وەزیری ناوخۆشی بینیوە. 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەنجامی سەردانی خاتوونی وەزیر بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، باسلەوە دەكات رێككەوتنێكی گرنگ لەگەڵ عێراق ئیمزا كراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی خەڵک و تاوانە ڕێکخراوەکان لە سەرانسەری ناوچەکەو ئەوروپا. 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەمە بە یەكەمین رێككەوتنی ئەمنیی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق ناودەبات و دەڵێ: لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا بەریتانیا پابەندە بە دابینکردنی تا 300 هەزار پاوەند بۆ راهێنانی ئەمنیی پاراستنی سنور بۆ عێراق. راهێنانەکە لەسەر تاوانی کۆچبەریی ڕێکخراو و ماددە هۆشبەرەکان دەبێت، توانای جێبەجێکردنی یاسای عێراق لە سنورەکاندا زیاد دەکات. 
هەر لە چوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا، حکومەتی بەریتانیا بەڵێنیداوە 200 هەزار پاوەند بدات بۆ پشتگیریکردنی لەو پرۆژانەی كە لە هەرێمی كوردستان تواناكان لە بواری كۆچی نایاسایی و ئاسایشی سنورەكان بەرزدەكەنەوە. 
هەریەكە لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەریتانیا رێككەوتوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵمەتی رووبەڕووبونەوەی ئەو زانیارییە چەواشەكارانەی كە قاچاخچییەكان لەرێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە بڵاوی دەكەنەوە، لەپاڵ ئەمەدا باس لە كاركردنی زیاتر دەكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كەسانەی كە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە. 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێ: تۆڕەكانی قاچاخچێتیی مرۆڤ كە لە دەرەوەی عێراق كاردەكەن، بە هەرێمی كوردستان و ئەوروپاشەوە، بەرپرسیارن لە بازرگانیكردن لە هەزاران كەس لەسەرتاسەری جیهان.
"ئەم پابەندبوونە گرنگانەی نێوان حکومەتی بەریتانیاو عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەیەکی ڕوون دەنێرن بۆ باندە قاچاخچییە تاوانبارەکان، کە ئێمە بڕیارمانداوە لە سەرانسەری جیهان کاربکەین بۆ ئەوەی بەدوایاندا بگەڕێین" وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا وا دەڵێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand