Draw Media

"كۆمپانیاكانی داوای نزیكەی 20 دۆلار دەكەن بۆ هەر بەرمیلێك"

"كۆمپانیاكانی داوای نزیكەی 20 دۆلار دەكەن بۆ هەر بەرمیلێك"

2024-10-30 16:19:07


(درەو): 
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە، كۆمپانیا بیانییەكان بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت داوای 20 دۆلار دەكەن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیداری مێری لە هەولێر وەكو یەكێك لە ئەندازیارانی پرۆسەی نەوت لە هەرێمی كوردستان باسی لە دواین پەرەسەندنەكانی پرۆسەی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی لەرێگەی (بۆری)یەوە كردو ریگەیاند" هەندێك لایەن پێیانوایە مەسەلەی نەوت مەسەلەیەكی سیاسییە، ئێمە قەت وەكو بابەتێكی سیاسی سەیری نەوتمان نەكردووە، نەوت بابەتێكی ئابورییە. بەراستی ئەگەر واقعی سەیری جوگرافیای كوردستان بكرێت، نەوت كاڵایەكی بازرگانییە نەك سیاسی". 
لەبارەی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە كە لە 25ی ئازاری 2023وە تائێستا بەردەوامە، سەرۆكی هەرێم وتی:" توركیا بە سوپاسەوە مۆڵەتی دا ئێمە ئەو نەوتە بنێرین بۆ دەرەوە، وەڵاهی توركیا لەو بابەتە هیچ قازانجیشیان نەكرد، زیاتر یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان بوو، نە ئێمە نەوتمان بە توركیا فرۆشتووە نە توركیاش قەت فشاری لە ئێمە كردووە كە دەبێت ئێمە نەوت تەنیا بە ئەوان بفرۆشین، نەوتەكە بە كۆمپانیا جیهانییەكان فرۆشراوە".
"ئەو حاڵەتەی كە ئێستا هەیەو نەوتەكە لەرێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە ناكرێت، زەرەرمەندی گەورە خودی عێراقە، لەدوای داخستنی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە تائێستا عێراق بەلای كەمەوە نزیكەی 15 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە، بەغداد بۆ بیر لەوە ناكاتەوە؟!" نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێ.
سەبارەت بە ناكۆكییەكانی بەغدادو هەرێم لەسەر پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ توركیا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەكرد" بەغداد باسلەوە دەكەن كە گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان جیاوازن، گرێبەستەكانی ئێمە گرێبەستی هاوبەشیكردنن، كۆمپانیاكان دەبێت رازی بن بەوەی كە وەریدەگرن، گرێبەستەكانی عێراق خزمەتگوزارین، بەڵام لە هەندێك شوێن گرێبەستەكانیان وەكو ئێمەیە بۆ نمونە لە شوێنێكی وەكو گەیارە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك ئەوان نزیكەی 26 بۆ 27 دۆلاریان داناوە، باشە لەبەرچی بۆ هەرێمی كوردستان كۆمپانیاكان داوای نزیكەی 20 دۆلار دەكەن نایكەن و لەسەر ئەوە بابەتەكە راوەستاوە". 
نێچیرڤان بارزانی رووی دەمی لە حكومەتی فیدراڵ كردو رایگەیاند" من ئێستا بە دەرفەتی دەزانم داوا لە بەغداد بكەم بەشێوەیەكی دروست و عاقڵانە بیر لەو بابەتە بكاتەوە، بەشێوەیەكی ئابوری نەك سیاسی، بە شێوەیەكی ئابوری لە كوێی عێراق زەرەری كردووەو لە كوێی عێراق قازانجی كردووە، ئاوا سەیری بابەتەكە بكات. بە بۆچوونی من چارەسەری دروست ئەوەیە كە جارێكی تر دەبێت نەوتی كوردستان وەكو نەوتی عێراق بچێتە ناو بۆرییەكەو لەوێوە هەناردەی دەرەوە بكرێت.
"كێشەكە توركیا نییە، كێشەكە لە بەغدادەو لەم پرۆسەیەدا زەرەرمەندی گەورە عێراقە". 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand