Draw Media

سێ گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای (كار)ی كوردستانە

سێ گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای (كار)ی كوردستانە

2024-10-27 14:29:41


(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق 11 گرێبەستی بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان لەگەڵ كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەكان ئیمزا كرد، سیان لە گرێبەستەكان دراون بە كۆمپانیای (كار) لە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی نەوتی عێراق رەشنوسی كۆتایی گرێبەستەكانی تەواوكەری گەڕی پێنجەم و گەڕی شەشەمی مۆڵەتپێدانی لەگەڵ كۆمپانیا براوەكان ئیمزا كرد. حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە، سەرپەرەشتی پرۆسەی ئیمزاكردنی گرێبەستەكانی كردو، لە وتارێكدا رایگەیاند، ئەو گرێبەستانەی كە ئەمڕۆ ئیمزا كراون بۆ پەرەپێدانی بلۆكە نەوتی و غازییەكان و ناوچەكانی گەڕان بەدوای نەوتدا، دەكەونە ژمارەیەك لە پارێزگان.
وەزیر وتی: گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵكەكان توانای بەرهەمهێنانی (800 بۆ 850) مەقمەق غازو (750 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو زیاد دەكەن و، ئەمە لەچوارچێوەی بەرنامەی حكومەت و رێنمایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانە بۆ زیادكردنی ئاستی وەبەرهێنان لە كەرتی غازو بەدیهێنانی پەرەپێدانی بەردەوام. 

گرێبەستە ئیمزاكراوەكانی ئەمڕۆ ئەمانەن: 
•    گرێبەستی پەرەپێدانی ناوچەی فاو لەگەڵ (UEG)ی چینی
•    گرێبەستی پەرەپێدانی ناوچەی "جبل سنام" لەگەڵ كۆمپانیای (Geo -Jade) 
•    گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەی (دیمە) لەگەڵ كۆمپانیای (كار)ی عێراقی (هەرێمی كوردستان)
•    گرێبەستی كێڵگەكانی عەلان و ساسان لەگەڵ كۆمپانیای (كار)ی عێراقی
•    گرێبەستی پەرەپێدانی ناوچەی (سۆمەر)و (عەدان) لەگەڵ كۆمپانیای (Sinopec)
•    گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەی (ابوخیمە) لەگەڵ كۆمپانیای (Zhenhue)ی چینی
•    گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەی خۆرهەڵاتی بەغدادو كێڵگەكانی فوراتی ناوەڕاست لەگەڵ كۆمپانیای (ZEPC)ی چینی
•    گرێبەستی پەرەپێدانی ناوچەی (الخلیصیە) لەگەڵ كۆمپانیای (كار)ی عێراقی
•    گرێبەستی پەرەپێدانی ناوچەی (القرنین) لەگەڵ كۆمپانیای (Zhenhue)ی چینی. 
•    گرێبەستی پەرەپێدانی ناوچەی (زڕباتیە) لەگەڵ كۆمپانیای (Geo -Jade)ی چینی
•    گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەی (الظفرية) لەگەڵ كۆمپانیای (Anton oil)
ئایاری رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق كارەكانی تەواوكاری گەڕی پێنجەم و شەشەمی مۆڵەتپێدانی راگەیاند، لەم گەڕەدا (29) كێڵگەو ناوچەی دۆزینەوەی نەوت خرایە بەردەم كۆمپانیا ناوخۆیی و جیهانییەكان بەمەبەستی كێبركێكردن لەسەر وەرگرتنی گرێبەستەكان، 14 لەوانە رادەستی ئەو كۆمپانیایانە كران كە شایستەی بەشداریكردن بووم لەم گەڕەدا. 
دوای ئیمزاكردنی گرێبەستەكان، وەزیری نەوت سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی كرد، بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوت، لەم دیدارەدا سودانی باسی لە پلانی حكومەت كردووە بۆ گەشەپێدانی هەردوو كەرتی نەوت و غاز، ئەمەش لەرێگەی گەڕەكانی مۆڵەتپێدان و وەبەرهێنان لە پرۆژەكانی غازی هاوەڵ و پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەكان. 
سودانی لەگەڵ وەزیری نەوتدا جەختی لەسەر هاوكاری عێراق لەگەڵ گروپی "ئۆپێك پڵەس" كردووە بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە سەقامگیری و هاوسەنگیی بازاڕی جیهانی نەوت و پابەندبوونی عێراق بەوەی لەگەڵ ئۆپێك پڵەسدا رێككەوتنی لەسەر كراوە، لەوانە كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت بەپێی نوێترین خشتە كە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاڕاستەی رێكخراوەكەی كردووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand