Draw Media

چۆنییەتیی یەکلاکردنەوەی کۆتای ژن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

چۆنییەتیی یەکلاکردنەوەی کۆتای ژن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

2024-10-23 18:56:28



یوسف محەمەد سادق
دواجار پاش چەند جارێک دواخستنی هەڵبژاردن و، یەکلاکردنەوەی پرسی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ١٨ و ٢٠ی ئەم مانگە ئەنجام درا. هەڵبەت ژماردنی ئەلکترۆنیی دەنگەکان جارێکی تر قسە و باسی زۆری بەدوای خۆی هێناوە و، گومانی خستۆتە سەر هەندێک لە ئەنجامەکان، کە ئەمەش پێویستی بە وەڵامدانەوە و چارەسەر کردنی گرفتەکان هەیە و، رو لە داهاتوش پێویستە ئەم سیستمە گوماناوییە کۆتایی پێبهێنرێت و لەڕێی ژماردنی دەستیی دەنگەکان و، چارەسەری کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و گۆڕینی بۆ مۆری چاو، گرفتەکانی هەڵبژاردن چارەسەر بکرێن، هەمو ئەمانە سەرباری فشار و دەنگدانی بەزۆر و دەنگ کڕین (کەقسە کردنی زیاتر سەبارەت بەم کێشانە کە پەیوەندیدارن بە کێشە بونیادییەکانی رژێمی حوکمڕانیی هەرێم بۆ کاتێکی تر هەڵدەگرین).

پرسێکی تری هەستیار کە رەنگە ببێتە جێی یاریی بەشێک لە قەوارە و لیستەکان، پرسی بەرکەوتەی کۆتای ژنە بۆ هەر یەکێک لەم قەوارانە. بۆیە لەم بابەتەدا سەرنج ئەخەینە سەر چۆنییەتیی هەژمار کردنی کۆتای ژن لەم هەڵبژاردنە.

بەپێی مادەی (٢٢- ١)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو، نابێت ژمارەی ئەندامانی ژن لە پەرلەمانی کوردستان لە (٣٠%) کەمتر بێت. کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ رێکخستنی چۆنییەتیی دابەش کردنی کورسییەکان و گۆڕینی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، پەیڕەوی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٤ی دەرکردوە کە لە (مادەی ٣- سێیەم) دا ئاماژەی بە چۆنییەتی دیاری کردنی کورسیی کۆتای ژن بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن کردوە بەشێوەیەک کە دەستەبەری لانی کەم (٣٠%)ی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان بکات بەم شێوەیە:
1.     ئەگەر کۆتای ژن لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن دەستەبەر بو، ئەوا هیچ ئاڵوگۆڕێک ناکرێت.
2.     ئەگەر  بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردن کۆتای ژن دەستەبەر نەبو، ئەوا پیاوێکی سەرکەوتو یان زیاتری هەر لیستێکی کراوە ئەگۆردرێت بە ژنێک یان زیاتری هەمان لیست کە سەرنەکەوتون و زۆرترین دەنگیان لە ناو کاندیدە ژنەکان بەدەست هێناوە بە سێ قۆناخ کە بەدوای یەکدا دێن و پێویستە هەر قۆناخێک تەواو بکرێت، ئەگەر هێشتا پێویست بو قۆناخی دوای ئەوە ئەگیرێتە بەر بەم رێکارانە:
a.    بەرکەوتەی کۆتای ژنی هەر قەوارەیەک لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن بە دابەش کردنی ژمارەی ئەو کورسییانەی بەدەستی هێناوە بەسەر (٣) دیاری ئەکرێت، بەڵام ژمارەی دوای فاریزە هەژمار ناکرێت.
b.    ئەگەر ژمارەی کورسیی کۆتای ژن بە قۆناخی (a) تەواو نەبو، ئەوا کورسیی دوەمی ئەو قەوارانەی دو کورسییان بەدەست هێناوە بۆ کۆتای ژن تەرخان ئەکرێت لەو قەوارانەی دەنگی کەمتریان بەدەست هێناوە بۆ سەرەوە.
c.    ئەگەر پاش ئەو دو قۆناخەی سەرەوە هێشتا کۆتای ژن دەستەبەر نەبو، ئەوا کورسیی ئەو لیستە کراوانەی یەک کورسییان بە دەست هێناوە بۆ کۆتای ژن تەرخان ئەکرێت لەو قەوارانەی کە دەنگی کەمتریان بەدەست هێناوە بۆ سەرەوە.
3.     ئەو ژنانەی بە دەنگی خۆیان دەرئەچن جا چ لە لیستە کراوەکان بن یان لیستە تاکەکەسییەکان، لە ریزی کۆتای ژن هەژمار ئەکرێن.
4.    کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە سیستمی کۆتای ژن هەڵاوێرد ئەکرێن.
5.     کۆمسیۆن لە خشتەی چۆنییەتیی دابەش کردنی سەد کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان لە مادەی (٢- دووەم)ی پەیڕەوی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٤، ژمارەی کورسیی کۆتای ژنیشی دیاری کردوە بۆ هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن کە سەرجەمی ئەکاتە (٣٠) کورسی .

بە ڕەچاو کردنی ئەو هەنگاوانەی سەرەوە، ئەگەر دەرەنجامەکان هەر وەک دەرەنجامە بەراییەکان بن و گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسیی لیستەکان دروست نەبێت، ئەوا بەرکەوتەی کۆتای ژنی لیستەکان بۆ هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنەکەی هەرێم بەم شێوەیەیە:
1.    بازنەی سلێمانی:
a.    ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: ٣٦.
b.    لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: ١١ (دەبو لانی کەم ١٢ کورسی بێت بەڵام لە خشتەی مادەی ٢- دوەمی پەیڕەوەکە ١١ نوسراوە).

 


2.    بازنەی هەولێر:
a.    ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: ٣٢.
b.    لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: ١٠ (دەبو لانی کەم ١١ کورسی بێت بەڵام لە خشتەی مادەی ٢- دوەمی پەیڕەوەکە ١٠ نوسراوە)


 

3.    بازنەی دهۆک:
a.    ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: ٢٤.
b.    لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: ٨.

 


 

 

4.    بازنەی هەڵەبجە:
a.    ژمارەی کۆی کورسییە گشتییەکان: ٣.
b.    لانی کەمی کورسیی کۆتای ژن: ١.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand