دادگا دەسەڵاتی پێدانی رەگەزنامە لە هەرێم دەسەنێتەوە
2024-10-22 12:59:23
(درەو):
دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای سكاڵای پەرلەمانتارێكی یەكێتیی، دەسەڵاتی پێدانی رەگەزنامەی لە دادگای كارگێڕی هەرێمی كوردستان وەرگرتنەوە.
بڕیار رەشید ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووە، لە سكاڵاكەدا سێ داواكاری لە دادگا كردووە، كە ئەمانەن:
• بە نادەستوری ناساندنی هەردوو ماددەی (سیانزە/ چوارەم) و (شانزە/ یەكەم) لە یاسای (ئەنجومەنی شواری هەرێمی كوردستانی عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008.
• بەنادەستوری ناساندنی یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022ی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان ژمارە (14)ی ساڵی 2008.
• دەركردنی فەرمانێكی سالاریی (امر ولائی) بەپەلە بۆ راگرتنی كاركردن بە یاسای هەمواری یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێم ژمارە (17)ی ساڵی 2022 تا ئەوكاتەی سكاڵاكە یەكلایی دەبێتەوە.
دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ بڕیاری خۆی لەسەر سكاڵاكەی ئەم پەرلەمانتارەی یەكێتیی دەركرد، هەردوو ماددەی ماددەی (سیانزە/ چوارەم) و (شانزە/ یەكەم)ی یاسای ئەنجومەنی شورای هەڵوەشاندەوە، هەروەها بڕیاریدا بەوەی كە یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022ی هەمواری یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێم نادەستورییە.
ماددەی (سیانزە/ چوارەم) لە یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێم كە ئەمڕۆ دادگای لەسەر سكاڵای پەرلەمانتار (بڕیار رەشید) هەڵیوەشاندەوە دەڵێ:" داواكاری رەگەزنامە لە تایبەتمەندی كاری دادگای كارگێڕی هەرێمە). هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕگەیە لەلایەن دادگاوە بەواتای لێسەندنەوەی دەسەڵاتی بەخشینی رەگەزنامەی عێراقییە بە خەڵكانی نا عێراقی لەلایەن دادگای كارگێڕی هەرێمی كوردستانەوە، بەوپێیەی لە بنەڕەتەوە ئەم دەسەڵاتە هی حكومەتی فیدراڵییە.
ماددەی (شانزە/ یەكەم) لە یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێم كە ئەمڕۆ لەسەر سكاڵای هەمان پەرلەمانتار لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە هەڵوەشێندرایەوە دەڵێ:" دادگای كارگێڕی دەسەڵاتی تەماشاكردنی ئەو تانانەی نییە كە تایبەتن بە: كارەكانی سەروەریی، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كە لە ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 1ی ساڵی 2005دا هاتوون بە سەروەریی دادەنرێن)، هەڵوەشاندنەوەی ئەم ماددەیەش لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بەواتای ئەوە دێت دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمیش دەكرێت تانەیان لێبدرێت.
دادگا لە هەمان ماددەی (شانزە)دا بڕگەی (دووەم)ی هەڵوەشاندوەتەوە كە دەڵێ:"دادگای دادوەریی كارگێڕی تایبەتمەند نییە بە تەماشاكردنی بڕیارە كارگێڕییەكان كە یاسا رێگای بۆ زوڵم لێوەرگرتن یان ناڕەزایەتی دەربڕین یاخود تانەلێدانی داناوە".
لەپاڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕگانەی یاساكەدا، دادگای فیدراڵی عێراق هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمیشی لە ساڵی 2022 هەڵوەشاندوەتەوە، بەهۆی ئەوەی هەموارەكە لەماوەی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەرچووەو بەپێی بڕیاری پێشتری دادگا هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا دەرچوون بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێن.