ئاشتی هەورامی كۆچی دوایی كرد
2024-10-20 18:58:31
(درەو):
14 ساڵ پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بەدەستەوە بوو، لەدوای ئەوەوە تەنیا یەك كەس پۆستەكەی وەرگرتووەو ئەویش ساڵ و نیوێك بڕی كرد، لەوكاتەوە تائێستا پۆستەكەی پڕ نەكراوەتەوە، ئەو ئاشتی هەورامییە، كە ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا لە تەمەنی 76 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، دوای نەشتەرگەرییەك كۆچی دوایی كرد. هەورامی لەدایكبووی ساڵی 1948 بوو. 1971 لە بەغداد بەکالۆریۆسی لە نەوت بەدەستھێنابوو دواتر لە کۆمپانیای نەوتی عێراق لە بەسرە وەک ئەندازیار دەستلەكاربوو بوو.
پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە 2005ەوە دروستكراوە، لەدوای دروستكردنییەوە ماوەی (14) ساڵ ئەم پۆستە بەدەست ئاشتی هەورامییەوە بوو.
هەورامی سەرەتا لەڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستانو پێشنیاز كرا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام دواتر بوو بە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی.
مانەوەی ئاشتی هەورامی بۆ ماوەی 14 ساڵ لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا وایكرد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی كەرتی نەوت بكات و بەبێ بونی ئەو، بەڕێوەبردنی وەزارەتەكە ئەستەم بێت، ئەمە هۆكار بوو بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمدا سەرباری ئەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دوورخستەوە، بەڵام بەناچاری پۆستێكی نوێی لە دەرەوەی یاساكان بۆ داتاشیو كردی بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە.
لەسەردەمی ئاشتی هەورامیدا، دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی ژمارەیەك سكاڵای یاسایی بووەوە، دیارترینیان سكاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری نەوتی عێراق- توركیا بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، دەرەنجامی ئەم سكاڵایە لە 25ی ئازاری 2023دا بە یەكجاری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بە بۆریی راگرت و بەوهۆیەوە لەوكاتەوە تائێستا هەناردەی نەوت دەستی پێنەكردوەتەوەو حكومەتی هەرێم سەرلەنوێ دەستی بە هەناردەی نەوت كردوەتەوە بە تانكەر.
یەكێك لە دیارترین ئەو قسانەی كە لەسەر كۆچكردوو ئاشتی هەورامی دەكرا ئەوە بوو "وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی لەناو جانتاكەیدا هەڵگرتووە" ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی وەزارەتەكەی بینای نەبوو، خۆشی لە كوردستان نەدەمایەوەو زیاتر لە دەرەوەی وڵاتەوە ئیدارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی دەدا، ئەمە كاری چاودێریكردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئەستەم كردبوو، بەوهۆیەوە تۆمەتبار دەكرا بە ناشەفافی لە ئیدارەدانی دۆسیەكەدا.
دیارترین رێككەوتن كە لەسەردەمی وەزارەتەكەی ئاشتی هەورامیدا كرا، رێككەوتنی (50 ساڵە)ی بواری وزە بوو لەنێوان هەرێمی كوردستانو توركیا، رێككەوتنێك كە تائێستاش لایەنە سیاسییەكانی رەتیدەكەنەوە ئاگاداری وردەكارییەكەی بن.
لەدوای رادەستكردنی پۆستی وەزارەتی نەوتەوە لە تەموزی 2019دا، ئاشتی هەورامی وەكو یاریدەدەری سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ماوەیەك لە شاری لەندەن و لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیلو لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام)، كارەكانی خۆی بەڕێوە دەبرد، لەو بینایەدا كە هەورامی دەوامی تێدا دەكرد ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش هەبوون لەگەڵ راوێژكارێك بەناوی (مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرت، ئەوكات ئاشتی هەورامی بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت قسەی دەكرد، جارێكیش بەشێوەی "ئۆنلاین" بەشداری لە كۆبونەوەی حكومەتدا كرد.
لەدوای لاچوونی ئاشتی هەورامییەوە، لە كابینەی مەسرور بارزانیدا بۆ یەكەمجار وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بوو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوێتە نزیك بانكی كوردستانەوە لە هەولێر، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بە جێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمو جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بێ ماڵ كردەوە.
لەدوای ئاشتی هەورامییەوە تەنیا یەك كەس پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی وەرگرتووە كە ئەویش (كەمال ئەتروشی) بووە، كە ئەویش تەنیا ماوەی ساڵ و نیوێك بڕی كردو لەدۆخێكی تەمومژاویدا دەستی لەكاركێشایەوە.