پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان

Draw Media

2024-09-25 17:57:24




راپۆرتی: درەو

🔻 لە دواین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵانی (2018 و 2021) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛
🔹 پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی (12/5/2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران لە (724 هەزار و 727) دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی (30/9/2018) دابەزیوە بۆ (688 هەزار و 70) دەنگ و لە (10/10/2021)دا (579 هەزار و 234) دەنگی بەدەستهێناوە.
🔹 یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) لە (364 هەزار و 638) دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە (30/9/2018) دابەزیوە بۆ (319 هەزار و 912) دەنگ و لە (10/10/2021)دا (214 هەزار و 716) دەنگی بەدەستهێناوە.
🔹 بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) لە (199 هەزار و 611) دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە (30/9/2018) دابەزیوە بۆ (186 هەزار و 903) دەنگ و لە (10/10/2021)دا (22 هەزار و 91) دەنگی بەدەستهێناوە.
🔹 نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) لە (152 هەزار و 645) دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە (30/9/2018) دابەزیوە بۆ (127 هەزار و 115) دەنگ و لە (10/10/2021)دا (204 هەزار و 855) دەنگی بەدەستهێناوە.
🔹 یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) لە (98 هەزار و 19) دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە (30/9/2018) دابەزیوە بۆ (67 هەزار و 12) دەنگ و لە (10/10/2021)دا (108 هەزار و 10) دەنگی بەدەستهێناوە.
🔹 کۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) لە (91 هەزار و 968) دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە (30/9/2018) بەرزبووەتەوە بۆ (109 هەزار و 494) دەنگ و لە (10/10/2021)دا دابەزیوە بۆ (64 هەزار و 156) دەنگ.

یەکەم؛ دەنگی لایەنەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەدوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (12/5/2018 و 30/9/2018 و 10/10/2021)
1.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران (12/5/2018) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی گشتی هەر سێ بازنە "پارێزگا"کانی هەرێم و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی، لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (724 هەزار و 727) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا بووەو (364 هەزار و 638) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    بزوتنەوەی گۆڕان سێیەم بووە بە (199 هەزار و 611) دەنگ.
-    نەوەی نوێ پلەی چوارەمی گرتبوو بە (152 هەزار و 645) دەنگ.
-    هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە پلەی پێنجەم هاتبوو بە (122 هەزار و 753) دەنگ.
-    بزوتنەوەی گۆڕان (40 هەزار و 863) دەنگی بەدەستهێنابوو، پلەی پێنجەمی گرتبوو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر.
-    یەکگرتووی ئیسلامی لە پلەی شەشەمدا بووەو تەنها (98 هەزار و 19) دەنگی بەدەستهێناوە
-    کۆمەڵی دادگەری "ئیسلامی" بە بەدەستهێنانی (91 هەزار و 968) دەنگ لە پلەی حەوتەمدا بووە.

2.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاستی گشتی سنوری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کە هەرێمی کوردستان (1) بازنەی هەڵبژاردن بوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (688 هەزار و 70) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا بووەو (319 هەزار و 912) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    بزوتنەوەی گۆڕان سێیەم بووە بە (186 هەزار و 903) دەنگ.
-    نەوەی نوێ پلەی چوارەمی گرتبوو بە (127 هەزار و 115) دەنگ.
-    کۆمەڵی دادگەری "ئیسلامی" بە بەدەستهێنانی (109 هەزار و 494) دەنگ لە پلەی پێنجەمدا بووە.
-    یەکگرتووی ئیسلامی لە پلەی شەشەمدا بووەو تەنها (67 هەزار و 712) دەنگی بەدەستهێناوە.

3.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگاکانی هەولێر (4) بازنەو سلێمانی (5) بازنەو دهۆک (3) بازنەی هەڵبژاردن، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (579 هەزار و 234) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا بووەو (214 هەزار و 716) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    نەوەی نوێ لە پلەی سێیەمدا بووەو (204 هەزار و 855) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە پلەی چوارەمدا بووەو (108 هەزار و 10) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    کۆمەڵی دادگەری لە پلەی پێنجەمدا بووەو (64 هەزار و 156) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    بزوتنەوەی گۆڕان شەشەم بووە بە (22 هەزار و 91) دەنگ.
بۆ بەرچاوڕونی ئاستی دەنگی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی (2018)ەو (2021)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بڕوانە خشتەو چارتەکەی خوارەوە.
خشتەو چارت

دووەم؛ پارێزگا (بازنە)کانی هەڵبژاردن لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
بڕیارە ڕۆژی 20/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛
پارێزگای هەولێر، کە (32 کورسی) گشتی  و (2) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەولێر پێکدێت لە (قەزای ناوەندی هەولێر، دەشتی هەولێر، سۆران، شەقڵاوە، کۆیە، خەبات، چۆمان، ڕەواندز و مێرگەسور) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە.
بازنەی پارێزگای سلێمانی، کە (36 کورسی) گشتی  و (2) کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگاکە پێکدێت لە قەزای ناوەندی سلێمانی و (شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداغ، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن، پشدەر، ڕانیە، دوکان، کەلار، دەربەندیخان، کفری و چەمچەماڵ) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکان.
بازنەی پارێزگای دهۆک، کە (24 کورسی) گشتی  و (1) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی (مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک پێکدێت لە قەزکانی (قەزای ناوەندی دهۆک، ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، زاخۆ، سیمێل و شێخان) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە.
بازنەی پارێزگای هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بۆ تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە).
بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە (22ی ئەیلولی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛
کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە...  وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 318) وێستگە.
پارێزگای هەولێر (498) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت ژمارەی وێستگەکانیش (2 هەزار و 213) وێستگەی دەنگدان دەبێت. پارێزگای سلێمانی (477) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت، (2 هەزار و 373) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای سلێمانی دەبێت. پارێزگای دهۆک (264) بنکەی هەڵبژاردن و (هەزار و 596) وێستگەی دەنگدانی تێدا دەبێت. پارێزگای هەڵەبجە (27) بنکەی هەڵبژاردن و (136) وێستگەی دەنگدانی دەبێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا؛
کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بریتییە لە (ملیۆنێک 11 هەزار و 348) دەنگدەر، بەشێوەیەک (928 هەزار و 823) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (82 هەزار و 525) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە (ملیۆنێک 78 هەزار و 687) دەنگدەر، بەشێوەیەک (ملیۆنێک و 3 هەزار و 772) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (74 هەزار و 915) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە (735 هەزار و 543) دەنگدەر، بەشێوەیەک (680 هەزار و 443) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (55 هەزار و 100) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە (62 هەزار و 584) دەنگدەر، بەشێوەیەک (59 هەزار و 5) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (3 هەزار و 579) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand