پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سنوری بازنەی پارێزگای هەولێر

Draw Media

2024-09-19 07:58:27




راپۆرتی: درەو

🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛
🔹 پارتی پلەی یەکەمی گرتووە و (262 هەزار و 800) دەنگی بە ڕێژەی (59%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە. لە کاتێکدا لە ساڵی (2018) ژمارەی دەنگەکانی نزیکەی (322 هەزار) دەنگ بووە.
🔹 نەوەی نوێ بە پلەی دووەم دێت و (79 هەزار و 245) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (18%)ی بەدەستهێناوە. لە هەڵبژاردنی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران لەدوای یەکێتییەوە هاتبوو (70 هەزار و 833) دەنگی بەدەستهێنابوو.
🔹 یەکێتی سێیەم بووەو (65 هەزار و 862) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (15%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) پلەی دووەمی هەبووە بە (79 هەزار و 745) دەنگ.
🔹 کۆمەڵی دادگەری چوارەم بووەو (19 هەزار و 517) دەنگ و ڕێژەی (4.4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای هەولێری بەدەستهێناوە. بەڵام لە ساڵی (2018) ژمارەی دەنگەکانی سەروو (36 هەزار) دەنگ بووە.
🔹 بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی، پلەی پێنجەم و شەشەمیان هەیە، هەریەکەو بە ڕێژەی (1%) دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. لە کاتێکدا لە هەڵبژادنی پێشتووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەردووکیان سەرو (65 هەزار) دەنگیان هەبووە.

یەکەم؛ بازنەی پارێزگای هەولێر لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا
1.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای هەولێر
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای هەولێر و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کە دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (262 هەزار و 800) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (59%).
-    نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدا بووەو (79 هەزار و 245) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (18%).
-    هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پلەی سێیەمیان گرتووە و (70 هەزار و 107) دەنگیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (16%).
-    کۆمەڵی دادگەری کە لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدا بووەو (19 هەزار و 517) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (4.4%).
-    یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدا بووەو (3 هەزار و 990) دەنگی بەدەستهێناوە بە نزیکەیی (1%).
-    سەرجەم لایەنەکانی دیکە (8 هەزار و 594) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (2%).

2.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (12/5/2018) لە سنوری پارێزگای هەولێر
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای هەولێر و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی، لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛
-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (321 هەزار و 920) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا بووەو (79 هەزار و 745) دەنگی بەدەستهێناوە.
-    نەوەی نوێ پلەی سێیەمی گرتوبوو بە (70 هەزار و 833) دەنگ.
-    هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە پلەی چوارەم هاتبوو بە (50 هەزار و 537 دەنگ).
-    بزوتنەوەی گۆڕان (40 هەزار و 863) دەنگی بەدەستهێنابوو، پلەی پێنجەمی گرتبوو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر.
-    کۆمەڵی دادگەری بە بەدەستهێنانی (36 هەزار و 422) دەنگ لە پلەی شەشەمدا بووە.
-    یەکگرتووی ئیسلامی لە پلەی حەوتەمدا بووەو تەنها (24 هەزار و 475) دەنگی بەدەستهێناوە
بۆ بەرچاوڕونی ئاستی دەنگی لایەنەکان لە هەردوو هەڵبژاردنی (2018 و 2021)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بڕانە خشتەی چارتەکەی خوارەوە.

 

 

دووەم؛ پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی 20/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات.
لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.
بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە.
سنوری ئیداری پارێزگای هەولێر پێکدێت لە (قەزای ناوەندی هەولێر، دەشتی هەولێر، سۆران، شەقڵاوە، کۆیە، خەبات، چۆمان، ڕەواندز و مێرگەسور) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە.
بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای هەولێر (498) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (2 هەزار و 203) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەولێر دەبێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بریتییە لە (ملیۆنێک 11 هەزار و 348) دەنگدەر، بەشێوەیەک (928 هەزار و 823) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (82 هەزار و 525) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand