عوسمانی حاجی مەحمود: وازم لە ئەركی لێپرسراوییەتی و حیزبی هێناوە
2018-07-23 16:38:19
(درەو میدیا):
عوسمانی حاجی مەحمود سەركردەی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی خانەی راپەڕاندن رایگەیاند، دەستی لە ئەندامی خانەی راپەڕاندن كێشاوەتەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پشتگیری گۆڕان دەكات.
عوسمانی حاجی مەحمود لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (شارپرێس) وتی:" وازم لە ئەركی لێپرسراوییەتی و حیزبی هێناوە".
سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەشی دەڵێت" باسكردنی وردەكارییەكان بەپێویست نازانم، بەڵام هۆكارەكەم لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی 10-3-2018دا بەوردی باسكردووە، هەروەها لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەشمدا كە ئاڕاستەی بەڕێز ڕێكخەری گشتی و بەڕێزان ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیم كردووە، ئاماژەم بە بەشێك لە هۆكارەكان كردووە".
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ دەستلەكاركێشانەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان بە واتای ئەوە نایەت پشتیوانی لە هێزێكی سیاسی تر بكات، عوسمانی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەكردووە" لە هەڵبژاردنى داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا پشتیوانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەكات."
سەبارەت بە نەوشیروان مستەفاش، عوسمانی حاجی مەحمود دەڵێ" بەڕێز كاك نەوشیراون، سەركردە و رەمزێكی گەورەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردە، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و مێژوونوس و نوسەر و تێكۆشەرێكی مەزنی سادە و خۆنەویست بوو، لە پێگەیەكی بەهێز و كاریگەرەوە هەموو ژیانی لە پێناوی سەرفرازی گەلەكەیدا تەرخانكردووە، لە هەمان كاتیشدا، لێپرسراو و هاوڕێی زۆربەمان بووە، لەبەرئەوە، ئەركی ئەخلاقی هەموومانە ئەو راستیانە دەربارەی بەڕێزیان لە یادنەكەین و مێژووی خەبات و پڕۆژە سیاسییەكەی زیندوو بهێڵرێتەوە. وەك چۆن هەر هێرشێك بۆ سەر بەڕێزیان بە ناڕەوا دەبینم، هەروەها بەكارهێنانی ناوی ئەویش لە لایەن هەندێك كەسەوە كە خۆیان داوەتە پاڵ ناوی ئەو و هێرشدەكەنە سەر كەس و لایەنی تر، بە هەمان شێوە بە ناڕەوا دەبینم".
عوسمان حاجی مەحمود ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، لە خانەی راپەڕاندن سكرتێری باژێرەكان بوو.